ئەگەر کەس خۆی بە خەمخۆری یاری باسکە نەزانێ لە ناو دەچێ
ئەگەر کەس خۆی بە خەمخۆری یاری باسکە نەزانێ لە ناو دەچێ
شاری ھەولێر لە مێژووی یاری تۆپی باسکە خاوەن کۆمەلێک یاریزانی بەتوانا بووە و توانیویانە قۆناخی باش ببڕن لەگەڵ یانەکان، بەڵام ماوەی چەند سالێکە یانەکانی شاری ھەولێر پاشە کشەی بەرچاویان لەم یارییە کردووە و یاریزانە بەتواناکانیش ناچار بووینە بۆخولەکانی کوردستان و عێراق گرێبەست لەگەڵ یانەی تر بکەن، یەکێک لەم یاریزانانەش محەمەد عەبدولخالقە یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق و یانەی کەرخی شاری بەغدادە ئەو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٥ی شاری ھەولێرو باوکێک یەکێکە لە ڕاھێنەرە بەتواناکانی ئەم یارییە و پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی (جیھان، ئارارات، قەڵا، سۆلاڤ ، کەرخ، ھەڵبژاردەی کوردستان، ھەڵبژاردەی عێراق لە ئاستی تازە پێگەیشتوان و تیپی یەکەمی ھەڵبژاردەکە) یاری کردووە و قوتابی قۆناخی پێنجەمی پەروەردەی وەرزشییە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد و ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*چۆن بوو خۆت لە نێو دونیای یاری تۆپی باسکە دۆزییەوە؟
-ھەر لەمنداڵیەوە لەگەڵ باوکم تێکەڵی ئەم یارییە بوو لەبەر ئەوەی باوکم ڕاھێنەری یاری باسکەیە و لەبەر ئەویش ھاتم بۆ ناو وەرزش بەو کارەی باوکم پێ سەربەرزم و ئەو ئاستەی ئێستاشم بۆ ئەو دەگەرێتەوە.
*ئاستی یاری باسکە چۆن دەبینی ؟
-بەڕاستی ئاستی یاری باسکە لە کوردستان زۆر خراپە ، چونکە پەرە بەم یارییە نادرێت و ئەوەش وا دەکات کە ئەم یارییە بوونی نەمینێت.
*ھەست ناکەی ئەم یارییە بەرەوو لە ناو چوون دەچێت بەھۆی نەکردنەوەی پاڵەوانێتی؟
- بەدڵنیایەوە ئەگەر کەس خۆی بە خەمخۆری یاری باسکە نەزانێ لە ناو دەچێ ، دەبێت سەرۆکی یەکێتی تۆپی باسکەی کوردستان داوا لە کۆمپانیاکان بکات بۆ ئەوەی ڕەوشەکە لەوە زیاتر تێک نەچێت و کەسایەتیکی بەھێزی دەوێ بۆ پاڵپشتی کردن لەم یارییە.
*بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت باشە بۆ باشتربوونی ڕەوشی ئەم یارییە؟
-سەرۆکی تۆپی باسکە دەبێت ئەو گرفتە چارەسەر بکات، گوناھی ھیچ کەسێکی تێدا نییە ، چونکە کوردستان لە قەیرانی داراییدایە جارێکی تر خوڵ و پاڵەوانیەتی بکرێتەوە و ئەگەر بتوانن فێرگەی تایبەت بە پێگەیاندنی یاریزانان بکەنەوە ئەوانە ھۆکارن بۆ باشتر بوون .
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی وەکو یاریزانێک؟
-نەبوونی خوڵ و پاڵەوانێەتی گرفتی سەرەکییە جگە لەوەش ئەم یارییە ھۆڵی پێویستی زیاتری دەوێت.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-ئاواتم زۆرە حەز ناکەم داببرێم لە وەرزش چونکە ھیوا و ئاواتم ئەوەیە ببمە یەک لە باشترین یاریزان لە دەرەوەی ووڵات.
*خەونی وەرزشیت چییە وەکو یاریزانێک؟
-خەونی من ئەوەیە ببەم بە باشترینی عێراق لەم یارییە.
*ماوەیەک پێش ئێستا بۆ یانەی سۆلاڤ یاریت دەکرد چۆن وو چوویتە یانەی کەرخی شاری بەغداد؟
-من پێش ئەوەی بۆ یانەی سۆلاڤ یاری بکەم گرێبەستم لەگەڵ کەرخ ھەبووە ،بەڵام باوکم ڕاھێنەری یانەی سۆلاڤ بوو حەزدەکرد خزمەتی باوکم بکەم لە یارییەکان تاکو ببینە پاڵەوانی خولەکە چونکە باوکم زۆر یارمەتی منی داوە تا گەیشتم بەو ئاستەی ئێستام.
*بەھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی کوردستان لە یاری باسکە دابمەزرێ و تۆش یەکێک بێت لە یاریزانانی تیپەکە؟
-کاتی خۆی دامەزرا و یارییەکەمان لەگەڵ دیار بەکر کرد و باوکم ڕاھێنەری تیپەکە بوو، بەڵام دووبارە پەرەیان پێنەدا تەمەنی تیپەکە کورت بوو دووبارە تێک چوو ، بەھیوای ئەوەشم جارێکی تر ئەم تیپە دامەزرێتەوە و منیش خزمەتی بکەم.
*خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتن بۆ وەرزش کردن؟
-ھەموو کاتێک ھاوکاری من بووینە و پاڵپشم من بووینە بە پلە یەک باوک چونکە زیاتر لێ دەگات لەبەر ئەوەی خۆی ڕاھێنەرێکی بە ئەزموونە.
*ھیچ یانەیەک داوای گرێبەستی لێ نەکردووی ؟
- لە عێراق زۆربەی یانەکان داوام دەکەن و ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ یانەی دھۆک یارییم دەکرد و دواتر چوومە ریزی یانەی کەرخ.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان کەبەردەوام خەمخۆری وەرزشوانان لە ھەموو کوردستان و خزمەت بە وەرزش دەکەن و سوپاس بۆ ھەموو لایەک کە ھاوکارم بووینە.
