خشتەی یارییەكانی هەفتەی سیازدەی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بۆ تۆپی پێ
رۆژی پێنجشەممە لە یاریگەی دووەمی شەهید فرەنسۆ هەریری یانەی هەولێر میوانداری یانەی نەورۆز دەكات لە لووتكەی یارییەكانی كۆمەڵەی یەكەمی خولەكە، ئەم یارییە بۆ هەردوو یاری گرنگە، چونكە سێ خاڵی یارییەكە واتای مسۆگركردنی یەكێك لە بلیتەكانی چوار گۆشەی زێرینی خولەكەیە.
لە یارییەكی ئاگریندا لە یاریگەی یانەی برایەتی هەردوو یانەی برایەتی و پێشمەرگەی هەولێر رووبەرووی یەكتر دەبنەوە، لەم یارییە بردنەوەی برایەتی واتای نزیكبوونەوە لە سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرینی خولەكە لە بەرانبەردا یانەی پێشمەرگەی هەولێر هەوڵ دەدات هەرچۆنێك بێت سەركەوتن بە دەستبهێنێت تاوەكو نیوەی رێگەی سەركەوتن بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
لە سێیەم یاری ئەم كۆمەڵەی لە یاریگەی گاز هەردوو یانەی گازی باكوور و دهۆك رووبەرووی یەكتر دەبنەوە، دهۆك دواین هەوڵی خۆی بۆ مانەوە لە خولەكە دەدات لە رێگەی بە دەستهێنانی سێ خاڵی یارییەكە.
لە كۆمەڵەی دووەم سێ یاری گرنگ ئەنجام دەدرێت، كە تیاییدا یانەی ئارارات لە نێو یاریگەی خۆی میوانداری یانەی سیروانی نوێ دەكات لەم یارییە ئارارات جەنگی سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین ئەنجام دەدات و سیروانی نوێ جەنگی مانەوە لە خولەكە دەكات، لە هەمان كاتدا لەم كۆمەڵەیە دوو یاری گرنگی تر ئەنجام دەدرێت، كاتێك یانەی كەركووك دەبێتە میوانی یانەی زاخۆ لە یاریگەی دەلال و یانەی هەندرێن دەبێتە میوانی یانەی گارە لە یاریگەی گارە.
جێگەی باسە بە بریاری یەكێتی تۆپی پێی كوردستان یارییەكانی ئەم هەفتەیە كاتژمێر 3ی ئێوارە ئەنجام دەدرێت.
رێبین رەمزی
