سەرۆك وەزیرانی عێراق داواكارییەك ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەكات
لەگەڵ تەواوبوونی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بریارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەزگا راگەیاندنەكان باس كرد، كە بەمشێوەیە:
( ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەكات، كە ئەمە فەرمان نییە بەڵكو داوایە، لە هەر پارێزگایەكی عێراق یانەیەكی شایستە بەلای كەمی بەشداری لە خولی نایابی عێراق بكات لە وەرزی داهاتوو، بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان لاوانی ولات بەهێزتر و تونتر بێت و لاوەكان سەرقاڵی وەرزش بن و دڵخۆش بن).
ئەگەر یەكێتی تۆپی پێی عێراق ئەم داواكارییە پەسند بكات ئەوە هەریەكە لە یانەكانی (دهۆك، سلێمانی، كەركووك) بەفەرمی لە وەرزی داهاتوو بەشداری لە خولی نایابی عێراق دەكەن و هەروەها یانەكانی (موسڵ، سەلاحەدین، رومادی، ناصریە، كوت، دیوانیە...) بەشداری لە خولەكە دەكەن.
تا ئێستا یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی وڵامی ئەم راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەدایتەوە.
رێبین رەمزی
