شەممە زاخۆ میوانداری یانەی قوە جویە دەكات
دوای رووداوەكانی چوارگۆشەی زێرینی جامی عێراق لە وەرزی رابردوو لە نێوان هەردوو یانەی قوە جویە و دهۆك، كە پێش یارییەكە لە شاری بەغداد چەند رووداوێكی نەخوازراو روویدا، یانەی قوە جویە بریاریدا هەریەكە لە جاسم محەمەد غولام سەرپەرشتیاری تیپ و عەلی عەبدولجەبار كاپتنی تیپەكە یاوەری شاندی یانەكە نەبن بۆ شاری دهۆك، چونكە ئەم دووە رۆلێكی باڵایان لە رووداوەكەی وەرزی رابردوو هەبوو.
لەم چەند رۆژدا ترس و دلەراوكی رووی لە یاریزانان و دەستەی كارگێری یانەی قوە جویە كردووە و داوایەكی فەرمیان ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق كردووە، كە داوای پاراستنی ئەمنیەتی تیپەكە دەكەن لە یاریگای زاخۆ و هەڵوەها داوای دواخستنی یارییەكەیان كرد، بەڵام داوایەكە قبوول نەكرا.
ئەمرۆ پێنچشەممە شاندی قوە جویە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی گەیشتە هەولێری پایتەخت و سبەی هەینی بەرەو شاری دهۆك بەرێدەكەون بۆ ئەوەی خۆیان بۆ یارییەكەی رۆژی شەممە ئامادە بكەن.
یانەی قوە جویە بە كۆكردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی حەفتەمی خولەكە دێت و یانەی زاخۆ بەكۆكردنەوەی 8 خاڵ لە پلەی 19یەم دێت.
رێبین رەمزی
