سەفوان عەبدولغەنی دەستی لە راهێنەرایەتی یانەی گارە كێشاوە

سەفوان عەبدولغەنی دەستی لە راهێنەرایەتی یانەی گارە كێشاوە
لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی یەكەمی قۆناغی دووەمی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان یانەی گارە لە نێو یاریگەی خۆی تووشی دووەم دۆران هات و دوای یارییەكە راستەوخۆ سەفوان عەبدولغەنی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە دەستەی كارگێری یانەكە كرد و دەستەی كارگێری بەفەرمی دەستلەكاركێشانەوەی قبوولكرد.
راستەوخۆ دەستەی كارگێری داخاز ساڵح وەكو راهێنەری یانەكە دەستنیشانكرد، كە پێشتر یاریدەدەری سەفوان عەبدولغەنی بوو.
سەفوان عەبدولغەنی سەبارەت بەهۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی: یانەی گارە لە باروودۆخێكی دارایی خراپ تێپەر دەبێت و هەروەها لە چەند یارییەك ناوبژیوانان هەلەی زەقیان بەرانبەر تیپی ئێمە ئەنجام دەدا و هەروەها لەم كاتە ناسكەدا یاریزانی پیشەگەر ئەحمەد شەرشاب تیپەكەی جێهێشت و رووی لە یانەی زاخۆ كرد، كە كاریگەری لە ئێمە كرد.
لە درێژەی قسەكانیدا سەفوان گوتی: بەهۆی خراپی باروودۆخی دارایی یانەكە، نەمانتوانی گرێبەست لەگەڵ یاریزانان مۆربكەین، تەنیا پشتمان بەو یاریزانانە دەبەست، كە لە یانەكانی تری شاری دهۆك دوور دەخرانەوە و بێ یانە بوون و هەروەها پشتمان بە یاریزانانی تیپە میللیەكان دەبەست، كە ئەوانیش پێویستیان بە كاتی زۆر هەیە، تاوەكو بتوانن لە خولێكی بەهێزی وەكو خولی كوردستان یاری بكەن، لە زۆربەی یارییەكان 6 تا 7 یاریزانی بە ئەزموونمان هەبوو ئەوانی تر هەمووی یاریزانی تیپە میللیەكان بوون، بۆیە كەسانی نزیك لەخۆم دەیانزانی دوای ئەم یارییە بە بردنەوە یاخود دۆراندن یان یەكسانبوون دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە یانەكە دەكرد، چونكە كاركردن ئەستەمە بەمێشوەیە.
جێگەی باسە سەفوان عەبدولغەنی 7 یاری راهێنەری یانەی گارە بوو، لە پێنج یاری یەكسانبوو و لە دوو یاری تووشی دۆران هات.
ئەمە چوارەم راهێنەرە، كە لە ئەركەكەی بەردەوام نابێت لەم وەرزە كاتێك دلشاد مەعروف لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەردەوام نەبوو و سەمیر بابۆ لەگەڵ یانەی زێرەڤانی بەردەوام نەبوو و فەتحی قەرەنی لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر.
رێبین رەمزی
Top