شاندێكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی سەردانی كوردستان دەكات
لەم دیداردا چەندین بابەت گفتوگۆكرا، كە گرنكتریان چۆنیەتی هەڵگرتنی ئابلۆقەی یارییە نێودەوڵەتیەكان لەسەر یاریگاكانی عێراق بە تایبەتی لە شارەكانی (هەولێر، دهۆك، بەسرە، كەربەلا، بەغداد) لە رێگەی نمایشكردنی چەندین دیكۆمێنتاری تایبەت بە یاریگاكان و فرۆكەخانە و شوێنە گشتیەكانی ئەم شارە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا لە وڵاتی سویسرا عەبدولخالق مەسعود سەرۆكی یەكێتی تۆپی عێراق گوتی: ئەنجامی ئەم كۆبوونەوەیە زۆر باشە، چەندین دەرئەنجامی باشی هەبوو لەوانە بەفەرمی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لێژنە تایبەتەمەندەكانی راسپارد بە ناردنی لێژنەیەك بۆ عێراق بەتایبەت بۆ شارەكانی (هەولێر، بەسرە، كەربەلا) بۆ ئەوەی لە نزیكەوە راپۆرتێك ئاراستەی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بكەن ئەم شاندە لە رۆژی (15)ی مانگی داهاتوو سەردانی كوردستان و شارەكانی تر دەكات.
لە دەرێژی قسەكانیدا عەبدولخالق مەسعود گوتی: دوای بەرزكردنەوەی ئەم راپۆرتە مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لە رۆژی 10-1-2017 كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات بەمەبەستی بریاردان لەسەر هەڵگرتنی ئابلوقەی یارییە نێودەوڵەتی دۆستانەكان وەكو هەنگاوی یەكەم بۆ ئەوەی بەتەواوی دڵنیا بن لە ئارامی و پاراستنی شاندی تیپە میوانەكان پاشان ئابلوقە بەشێوەی كۆتایی هەڵدەگیرێت ئەگەر سەركەوتوو بووین لە میوانداریكردنی یارییە دۆستانەكان.
جێگەی باسە ئەم شاندە چەندین ڤیدیو و وێنەی تایبەت بە شارەكانی هەولێر و كەربەلا و بەسرە و بەغدادیان پێشكەش بە یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی كرد و هەروەها پەیامێكی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی درایە دەست سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی.
رێبین رەمزی
