بەداخەوە لە ئاستی ئەو یارییە گرنگی پێ نەدراوە

بەداخەوە لە ئاستی ئەو یارییە گرنگی پێ نەدراوە
ساناعیسا یاریزانی تۆپی دەستی ھەڵبژاردەی عێراق
بەداخەوە لە ئاستی ئەو یارییە گرنگی پێ نەدراوە
شاری سلێمانی لە مێژووی خۆیدا خاوەنی چەندین کچ و کوڕە یاریزانی بەتوانا بووە لە یاریی تۆپی دەست، یانەی ئافرۆدێتی شارەکەش کە تاکە یانەی تایبەت بە کچە یاریزانانە لە شارەکە گرنگی زۆر بەتوانای یاریزانانی کچ دەدات لە یارییە جۆراوجۆرەکان، یەکێک لەم یاریزانانەش کە پاشە رۆژێکی باش لە چاوەڕوانی ئەودایە بەھۆی بەرزی ئاستی یاری کردنی ئەویش کچە یاریزان سانا عیسا کەریمە ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٤ی شاری سلێمانی جگە لە یانەی ئافرۆدیت بۆ ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی کچانی عێراقیش یاری دەکات ، پێشووتریش بۆیانەی ئافرەتانی ھەولێریش یاری کردووە بۆچەند پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە ئێمەش بۆ ئاشنا بوون بە ژیانی وەرزشیی لە نزیکەوەچەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو یانەی ئافرۆدێتت ھەڵبژارد؟
-سەرەتایی دەستپێکردنم بە وەرزش کردنەوە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٧بەھۆی خولیای زۆرم بۆ وەرزش و لە زۆربەی چاڵاکییەکانی قوتابخانەش بەشداردەبووم وەکو یاریزان ، لەگەڵ کۆمەلێک یاریزانی ھاورێم ئەنجامان زۆر باش بوو دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨یانەی ئافرۆدێت دامەزرا ، ئەویش تاکە یانە بووکە گرنگی دەدا بە ئافرەتان لەلایەن کۆمەلێک کەسایەتی زۆر باش بەرێوە دەبرا بۆیە یانەکەم ھەڵبژارد.
*لە ناو ئەم ھەموو یارییە وەرزشیە چۆن بوو یاری تۆپی دەستت ھەڵبژارد؟
-تواناکانی خۆم لەم یارییە دەبینینەوە بڕوام وابوو کە دەتوانم لەم یارییە سەرکەوتووبم بۆ ماوەی نۆ ساڵە بەردەوامم لەم یارییە.
*ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی لە کوردستاندا؟
-بەداخەوە لە ئاستی ئەو یارییە گرنگی پێ نەدراوە ، ھۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە قەیرانی دارایی ھەیە لە کوردستان بوونی ھەیە، ساڵانی پێشووتر ئاستی ئەم یارییە باشتربوو.
*ئەی لەسەر ئاستی عێراق چۆن دەبینی کە تۆ لە ھەردوو خول بەشداری؟
-بێگومان خولی عێراقیش بەدەر نییە لە کەم و کورتیەکان بە بەردەوام وەکو ساڵانی پێشوو ئەم گرنگییە نەماوە لە کاتی خۆیدا پاڵەوانیەتیەکان ئەنجام نادرێت.
*بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبکەوێت؟
-ئەگەر ھەر شتێک بتەوێ باش بکەیت دەبێت کار بۆ بکەی ، بۆ نموونە ئەگەر ھەموو سالێک لە کاتی خی پاڵەوانیەتی ئەنجام بدرێت بێگومان یارییەکەش بەرەووپێشدەچێت ، ئەگەر بەرپرسان ھاوکاری یانەکان بکەن لە دابین کردنی پێداویستیەکان ئەوە ھیچ یانەیەک ناچار نابێت مەشقەکان ڕابگرێ لەبەر نەبوونی پێداویستیەکان.
*کێشەو گرفتی یاری تۆپی دەست لە چی دەبینی؟
-بێگومان کێشەو گرفتی زۆر ھەیە ، بەداخەوە کەس ھەوڵی چاککردنی نەداوە ھەر لە نەبوونی پێداویستیەکان کە بۆ مەشقەکان پێویستمانە ، جگە لە نەبوونی یاریگای تایبەت بەم یارییە بەخۆمان ، نەبوونی مەسروفاتی ھات و چۆی یاریزانان کە ئەمانە گرفتن بۆ ئەم یارییە جگە لەم قەیرانەش .
*بۆچی لە کوردستان ئاستی ئەم یارییە لە بەرەوو پاشچووندایە؟
-لە کوردستاندا لە شاری سلێمانی بەردەوام ھەوڵ دەدرێ بۆ بەرەووپێشچوون ئەم یارییە ، بەڵام بەھۆی نەبوونی پاڵەوانیەتیەکان لە کاتی خۆیدا ھەر وەھا نەبوونی پێداویستیەکان و قەیرانی دارایی بەردەوام بۆیە ئەم یارییە بەرەوو دواوە ئەروات.
*ھیواو ئاواتت وەکو کچە وەرزشکارێک؟
-ھەموو یاریزانێک لە ژیانی وەرزشیی کۆمەلێک خولیاو خەونی ھەیە سوپاس بۆ خوای گەورە من بە زۆربەی ھیوایەتیەکانم گەیشتم ، بەھیوای ئەوەم رۆژێک لە رۆژان بە ناوی کوردستان و ئاڵای کوردستان بەشداری بکەم لە پاڵەوانیەتیەکی دەرەوە بەھیوای ئەوەم ئەم یارییە زیاتر بەرەوو پێش بڕوات و بەرپرسانیش زیاتر گرنگی پێ بدەن.
*باشترین ئەنجامەکانت وەکو یاریزان؟
-لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق پلەکانی یەکەم و دووەمان بەدەستھێناوە لەگەڵ یاریزانەکانی ھاورێیم ، لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراقیش چەندین ئەنجامی باشمان بەدەستھێناوە لە پاڵەوانیەتی عەرەبی پلەی سێ یەم.
*بەرنامەت چیە بۆ داھاتووی خۆت؟
-بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەم بۆ باشتر کردنی ئاستی خۆم لە یاری تۆپی دەست بۆ ئەوەی ئەنجامی باشتر بۆ یانەکەکان بەدەست بھێنن، خزمەتێکی بچووک بە وەرزشی کوردستان بکەین.
*پەیامت چیە بۆ بەرپرسانی وەرزشی ؟
-ھیوادارم بە جدی کار لەسەرئەوە بکرێت کە ماندوو بوونی ئێمە بە فیرۆ نەروات بە شێکی بچووکی کەم و کورییەکانمان بۆ پڕ کەنەوە و لە کاتی خۆیدا خولەکان بەرێوە ببەن بۆ ئەوەی وەرزشی ئافرەتان بەرەوو نەمان نەڕوات.
*ھیچ گرێبەستێکت بۆ ھاتووە لەلایەن یانەکانی تر؟
-یانەکان لە شارەکانی کوردستان کەم بوونەتەوە، لە شاری سلێمانی تەنیا ئافرۆدێت خزمەت بە تۆپی دەستی کچان دەکات ، پیچشووتریش گرێبەستم بۆ ھاتبوو بەڵام بۆممن نەگونجا ، لە ھەرکوییەک یاری بکەیت گرنگ ئەوەیە خزمەت بە وەرزش بکەی و جێگای دەستت دیار بێت.
*خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتە لە وەرزش کردنت؟
-خانەوادەکەم ھۆکاری سەرەکین بۆ سەرکەوتنەکانم ، پشتگیری ئەوان نەبوایە من نە دەگەیشتمە ئەو ئاستەی ئێستام باوکم ھەمیشە وەک شاخ لە پشتم بووە ناتوانم بەھیچ شتێک چاکەی ئەو بدەمەوە.
*ئەگەر شتێکت ماوە ئێمە پرسیارمان نەماوە؟
-سوپاسی بێ پایەنم بۆ ئەو کەسانەی کە رۆژێک لە رۆژان بە ووشەیەک بێت پشتگیری منیان کردووە ، کەم و کورتیەکانیان لە ژیانی وەرزشیم پڕ کردیتەوە و سوپاس بۆ سەرجەم ڕاھێنەرەکانم کە لەگەڵ من ماندوو بووینە .

Top