تازەپێگەیشتووانی هەولێر سێ سەركەوتنی لە یارییە دۆستانەكان بە دەستهێنا

تازەپێگەیشتووانی هەولێر سێ سەركەوتنی لە یارییە دۆستانەكان بە دەستهێنا
دەستەی كارگێری یانەی هەولێر ستافی راهێنەرانی تیپی تازەپێگەیشتووان و لاوانی یانەكەی پەسند كرد، كاتێك بریاریدا یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی كوردستان ئەحمەد شوكور وەكو راهێنەری تیپەكە دەستنیشان بكات و مامۆستا حەسەن یاریدەدەری راهێنەر بێت و یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر غەزبان ئیسماعیل وەكو سەرپەرشتیاری هەردوو تیپ دەستنیشان بكات.
لە لێدوانێكی تایبەتدا غەزبان ئیسماعیل سەرپەرشتیاری هەردوو تیپی لاوان و تازەپێگەیشتووان گوتی: خۆشبەختانە توانیمان لە ماوەیەكی كەم تیپێكی بەهێز و باش دروستبكەین بەسوود وەرگرتن لە ئەكادیمیای یانەكەمان و هەروەها یاریزانەكانی تیپی بەچكەشێران و لەم ماوە كورتە سێ یاری دۆستانەمان ئەنجام سێ سەركەوتنمان بەدەستهێنا.
لە درێژەی قسەكانیدا غەزبان ئیسماعیل گوتی: لە یاری یەكەم توانیمان بە ئەنجامی (4-1) گۆڵ لە تازەپێگەیشتووانی ئارارات ببینەوە و لە یاری دووەم بەهەمان ئەنجام لە تازەپێگەیشتووانی هەندرێنمان بردەوە و لە یاری سێیەم لەگەڵ تیپی یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر بە ئەنجامی گۆڵێك بێ وڵام سەركەوتنمان بە دەستهێنا، كە لەم یارییە یاریمان بە یاریزانە یەدەگەكان كرد.
غەزبان بە پەرۆشەوە باسی ئەم تیپی كرد و گوتی: ئەوەی سەیری یارییە دۆستانەكان بكات هەست بەوە دەكات، كە ئەمە دەبێتە تیپی دوارۆژی یانەكەمان، چونكە یاریزانی لێهاتوو و ئاست بەرزی تێدایە، كە هەندێكیان ئاستیان لە پێشبینەكانی ئێمە گەورەتر بوون تا رادەیەك ئێستا هەندێك هاندەریش ئامادەی بینی یارییەكان دەبن بۆ چێژ وەرگرتن لە ئاستی ئەم یاریزانانە.
غەزبان ئیسماعی لە دایكبووی ساڵی 1969 سەرەتا لە تیپە میللیەكان یاریكردووە پاشان لە ساڵی 1989-1990 لاوانی هەولێر یاری كرد و پاشان پەیوەندی بە یانەی برایەتی كرد دواتر لە وەرزی 1992 تا 1996 لە ریزی یانەی هەولێر یاریكرد پاشان چووە هاندەران تا ساڵی 2010 .
رێبین رەمزی
فۆتۆ: هەندرێن مەرزانی
Top