ئەنجامی یارییەكانی خولی پلە نایابەكانی كوردستان بۆ تۆپی پێی
لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابەكانی پێشمەرگەی كوردستان 14 یانە بەشداریكردووە و بەسەر دوو كۆمەڵە دابەشكراون لە هەر كۆمەڵەیەك دوو یانە بۆ چوار گۆشەی زێرین سەردەكەوێت و یانەیەك بۆ خولی پلە یەكەكان دادەبەزێت.
كۆمەڵەی یەكەم
لەم كۆمەڵەیە هەریەكە لە یانەكانی (هەولێر، پێشمەرگەی هەولێر، برایەتی، دهۆك، نەورۆز، گازی باكوور، زێرەڤانی) پێكهاتووە و سێ یاری ئەنجامدرا و ئەنجامەكانیش بەمشێوەیە بوو.
لە یاریگەی دهۆكی نێودەوڵەتی هەردوو یانەی دهۆك و هەولێر رووبەرووی یەكتربوونەوە، لەم یارییە هەولێریەكان توانی یەكەم سەركەوتن لە خولەكە بە دەستبهێنن و یارییەكە بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ بباتەوە، گۆڵەكانی هەولێر لە رێگەی یاریزانان (بەڵێن وشیار، هۆگر حوسێن) تۆمار كرا و تاكە گۆڵی دهۆك لە رێگەی یاریزان ( وەلید سەلمان) تۆماركرا.
لە یارییەكی تردا یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە نێو یاریگەی خۆی تووشی دۆران هات كاتێك بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ بەرانبەر یانەی نەورۆز دۆرا، تاكە گۆڵی یانەی نەورۆز لە رێگەی یاریزان (بەهائەدین بەكر) تۆمار كرا، لەم یارییە یاریزان میران خەسرەو لێدانێكی سزای لە دەستدا.
هەر لەم كۆمەڵەیە لە شاری دهۆك هەردوو یانەی زێرەڤانی و برایەتی رووبەرووی یەكتربوونەوە و یارییەكەش بە بێ گۆڵ تەواو بوو.
كۆمەڵەی دووەم
لەم كۆمەڵەیە هەریەكە لە یانەكانی (سیروانی نوێ، كەركووك، ئارارات، شێروانە، زاخۆ، گارە، هەندرێن) یاری دەكەن و سێ یاری ئەنجامدرا.
لە یاریگەی خۆیدا یانەی سیروانی نوێ توانی یەكەم سەركەوتن بە دەستبهێنێت دوای ئەوەی بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ لە یانەی هەندرێن-ی بردەوە تاكە گۆڵی یارییەكە لە رێگەی یاریزان ( بێرون حامید) تۆماركرا.
لە یارییەكی تردا لە شاری كەلار هەردوو یانەی شێروانە و ئارارات بە بێ گۆڵ یەكسانبوون و لە یاریگەی كەركووك هەردوو یانەی كەركووك و گارە بە بێ گۆڵ یەكسانبوون.
رێبین رەمزی
