باشترینەكانی هەفتەی پێنجەم و شەشەمی خولی نایابی عێراق دەستنیشانكرا

باشترینەكانی هەفتەی پێنجەم و شەشەمی خولی نایابی عێراق دەستنیشانكرا
ئاژانسی سپۆرت پلاس هەفتانە باشترینەكانی خولی نایابی عێراق دەستنیشان دەكات لە رێگەی لێژنەیەكی تایبەتمەند، بە پێی چەند خاڵێك باشترینەكان دەستنیشان دەكەن.
بەهۆی بەرێوەچوونی یارییەكانی هەفتەی پێنجەم و شەشەم ئاژانسەكە بریاری دا باشترینەكانی هەردوو هەفتە لە كاتدا دەستنیشان بكات.
لە هەفتەی پێنجەم بە پێی لێژنەكە راهێنەری یانەی هەولێر موزفەر جەبار باشترین راهێنەری هەفتە دەستنیشانكرا دوای ئەوەی توانی لەگەڵ یانەی هەولێر بەرانبەر یانەی زەورا پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی عێراق ئاستێكی باش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی پێشكەش بكات و بەخاڵێك بگرێتەوە هەولێری پایتەخت.
هەر لەم هەفتەیەدا یاریزانی یانەی هەولێر فەرحان شكور بە باشترین یاریزانی هەفتە دەستنیشانكرا دوای ئەوەی توانی بەرانبەر یانەی زەورا ئاستێكی نموونەیی پێشكەش بكات و گۆڵێك تۆمار بكات، كە ئێستا فەرحان شكور لە پێشەنگی گۆلكارانی خولی نایابی عێراق دێت بە تۆماركردنی پێنج گۆڵ.
لە هەفتەی شەشەمدا راهێنەری یانەی حەدود عادل نعمە بە باشترین راهێنەری هەفتە دەستنیشانكرا دوای ئەوەی توانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە خاڵێك بگرێتەوە شاری بەغداد و تیپەكەی ئاستێكی بەرزی بەرانبەر یانەی نەجەف پێشكەش كرد و یاریزانی یانەی نەفت ئەیمەن حوسێن بە باشترین یاریزانی هەفتە دەستنیشانكرا دوای ئەوەی توانی لە یاری یانەكەی بەرانبەر یانەی بەحری لە كۆی سێ گۆڵ دوو گۆڵی یانەكەی تۆمار بكات لە یەكەم یاری خۆی دوای گەرانەوەی لە پێكان.
رێبین رەمزی
Top