ئیلاف سەردار وازهێنانی خۆی راگەیاند
لە لێدوانێكی تایبەتدا ئیلاف سەردار گوتی: بەهۆی باروودۆخی ئێستای كوردستان و نەبوونی پاڵپشتی دارایی بەتایبەتی بۆ یاری پایسكلسواری و بایەخنەدان بەم یارییە بریارم دا بەشێوەیەكی یەكجاری ماڵئاوایی لەم یارییە بكەم.
لە درێژەی قسەكانیدا ئیلاف سەردار گوتی: چەندین جار بریارم داوە واز لەم یارییە بهێنم، بەڵام ئۆرفیۆس جەلالی راهێنەرم هەردەم رێگر بووە و زۆر پاڵپشتی كردووم و ئاستی منی بەرزكردووە، بۆیە زۆر سوپاسی دەكەم و سوپاسی هەموو ئەو راهێنەرانە دەكەم، كە راهێنەرایەتی منیان كردبوو ئەستۆی خۆیان چ لە یانەكان یاخود لە هەڵبژاردەی عێراق.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئیلاف گوتی: سوپاسی یانەی هەولێر دەكەم، كە هاوكاری زۆری ئێمەی كردووە و رێگری لێنەكردووین لە ئەنجامدانی مەشقەكانمان لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری و سوپاسی سەرۆكی یەكێتی پایسكلسواری عێراق مەحمود عەزیز دەكەم، كە هەردەم پاڵپشت و پشتگیری یاریزان و راهێنەری كوردە لەم یارییە و پاڵپشتییەكی زۆری كردووم.
ئیلاف سەردار لە ساڵی 2011 دەستی بە یاری پایسكلسواریكرد لە یانەی برایەتی و توانی لەگەڵ یانەكە پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق بە دەستبهێنێت پاشان پەیوەندی بە یانەی ئافرەتانی هەولێر كرد و دوو وەزر لەم یانەیە یاری كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یانەی ئافرەتانی هەولێر تەنیا بەشداری لە خولی نایابی كوردستانیان دەكرد بریاری پەیوەندی بە یانەی پێشكەوتن بكات و لەگەڵ ئەم یانەیە بەشداری لە هەردوو خولی كوردستان و عێراق-ی كردووە و ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە بووە هۆكاری ئەوەی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بكرێت لە ساڵی 2014 لەگەڵ هەڵبژاردەكە بەشداری لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی كرد لە جەزائیر و توانی میدالیای برۆنز بە دەستبهێنێت.
وهەروەها ئیلاف چەندین نازناوی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق هەیە و لە پاڵەوانێتی هەولێری كراوە توانی پلەی یەكەم بە دەستبهێنێت.
رێبین رەمزی
