داهاتی یارییەكەی هەولێر و كارەبا بۆ خانەوادەی یاریزانی جوانەمەرگ ساڵح محەمەدە

داهاتی یارییەكەی هەولێر و كارەبا بۆ خانەوادەی یاریزانی جوانەمەرگ ساڵح محەمەدە
دوای وەرگرتنی رەزامەندی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەمەبەستی رێگەدان بە ئامادەبوونی جەماوەر لە یارییەكەی ئەمرۆی دووشەممە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و كارەبا كاتژمێر 3ی ئێوارە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری ئامادە بن، سەرۆكی یانەی هەولێر د.عەبدوڵڵا مەجید و دەستەی كارگێری یانەكە بریاری دا داهاتی یارییەكە بەتەواوی بۆ خانەوادەی یاریزانی كۆچكردوو ساڵح محەمەد دەبێت.
لە هەمان كاتدا چەند كەسایەتیەكی دیاری شاری هەولێر و وەرزشوانان بریاریان دا بە بلیت لە نێو یاریگا ئامادە بن و هەندێكیان بە برە پارەیەكی زۆر بلیتی یارییەكە دەكرن، كە بەمشێوەیە:
١- نەوزاد ھادی پارێزگای ھەولێر بریاری دا یەک بلیت بە بری یەک ملێون دینار بکرێت.
٢- د. عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی یانەی ھەولێر بریاری دا یەک بلێت بەبری یەک ملێون دینار بکرێت.
٣- سەفین کانەبی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و ئەندامی دەستەی کارگێری یانەی ھەولێر بریاری دا یەک بلیت بە بری یەک ملێون دینار بکرێت.
٤- شۆرش عەباس ئەندامی دەستەی کارگێری یانەی ھەولێر بریاری دا یەک بلیت بە بری یەک ملێون دینار بکرێت.
٥- عەبدولخالق مەسعود جێگری سەرۆکی یانە و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بریاری دا یەک بلیت بە یەک ملیۆن دینار بکرێت.
٦- یاریزانی پێشووی یانەی ھەولێر و خاوەنی كۆمپانیاكانی سالەیی شوان بەکر ساڵەیی بریاری دا یەک بلیت بە یەک ملیون دینار بکرێت.
٧- ھەریەکە لە یاریزانان سەرھەنگ موحسین و ئیڤان خالید و نیاز خالد و رێباز عەبدوڵڵا و سعود فاریق و بارزان شێرزاد و رێكار هاشم بریاریان دا بە بلیت بێنە نێو یاریگا.
٨- ھەردوو یاریزانی پێشووی یانەی ھەولێر دیدار حامد و ھەردی سیامند بریاریان دا بە بلیت بێنە نێو یاریگا.
٩- یاریزانی بێشووی یانەی ھەولێر ھەلگورد مەلا محەمەد ھەرچەندە لە لوبنانە، بەڵام بریاری دا نوێنەری خۆی بنێریتە یاریگا یەک بلیت بە بری ١٠٠ دۆلار بکرێت.
هەروەها چەندین جەماوەری وەرزشی یانەی هەولێر بە بری 100 دۆلار بلیتی یارییەكە دەكرن.
ساڵح محەمەد یاریزانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان هەفتەی رابردوو بەهۆی وەستانی هەردوو گورچیلەی كۆچی دوایی كرد.
رێبین رەمزی
Top