مێرنگی بۆ هێشتنەوەی ئەستێرەکانی هەڵمەتێکی گەورەی دەستپێکرد
یانەی شاهانە دەیەوێت گرێبەستی هەریەکە لە گاریس بەیڵ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پیپی و لۆکا مۆدریچ نوێ بکاتەوەو لە سوودی یانەکە قایلیان بکات بمێننەوە.
کەناڵی کادینا سێر ئاماژەی بەوە کردووە کە گاریس بەیڵ لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا بۆندەکەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید نوێ دەکاتەوە تا ساڵی 2022، ئەمە لەکاتێکدایە ناوبراو ساڵی 2013 بەبڕی 112 ملیۆن یۆرۆ رووی لەو یانەیە کردووە.
لەلایەکی ترەوە پیپی پرتوگالی و بەرگریکاری یانەی شاهانە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بۆندەکەی کۆتایی دێت و بەنیازن تا ساڵی 2018 بۆی نوێ بکەنەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆی گۆڵکاری یانەکەش ئامادەیی دەربڕیوە تا ساڵی 2020 بۆندەکەی لەگەڵ قەڵای سپی نوێ بکاتەوەو بەردەوامی بە یارییکردن لەگەڵ تیمەکەی زیدان بدات، جگەلەوەش ریاڵ بۆندێکیشی پێشکەشی لۆکامۆدریچ کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵیان بمێنێتەوە.
تۆنی کروزی ئەڵمانیش وابڕیارە ئەمڕۆ پێنجەشەممە بۆندەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە تاساڵی 2022 نوێ بکاتەوە.
ئەو هەڵمەتەی ریاڵ مەدرید بۆ نوێکردنەوەی بۆندی یاریزانەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سزایەی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) سەپاندوویەتی بەسەریدا، چونکە بەشێوەیەکی یاسایی بۆندی لەگەڵ یاریزانی بیانی تەمەن منداڵدا ئەنجامدابوو.
hamataqana
