ئەمرۆپاڵەوانیەتیی بالەی کوردسان دەستپێدەکات
پاڵەوانیەتییەکە دوای ماوەیەک لە بەڕێوەنەچوونی خول و پاڵەوانیەتییەکانی بالە لە ھەولێر و لە ھۆڵی یانەی ئەکاد لە ژێر ناونیشانی "پێکەوە ژیان" بەڕێوەدەچێت.
پاڵەوانیەتییەکە بە سپۆنسەری کۆمپانیای nasspay دەبێت و تێیدا کۆمپانیاکە خەرجیی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکەی لەئەستۆ گرتووە، کە یەکێکە لە گرووپی کۆمپانیاکانی دارین.
ھەر بۆ پاڵەوانیەتییەکە ئێوارەی چوارشەممە کۆبوونەوەی ھونەری تیپەکان و تیروپشکی پالەوانیەتییەکە لە ھۆڵی ئەکاد ئەنجامدرا و یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکران.
کۆمەڵەی یەکەم: ئەکاد، زاخۆ، ھەڵەبجەی شەھید و سۆلاڤی نوێ.
کۆمەڵەی دووەم: پێشمەرگەی سلێمانی، شۆریجە، باباگوڕگوڕ و ئارارات.
ھاوکات پرۆگرامێکی ناوازە بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانیەتییەکە ئامادەکراوە، تێیدا سەرەتا کۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ لیژنەی بەڕێوەبردنی خولەکە و نوێنەری کۆمپانیای سپۆنسەر لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەدا رێکدەخرێت، دواتر چەند وتەیەک پێشکەشدەکرێت، دوای ئەوە ئاھەنگی کردنەوەی پاڵەوانیەتییەکە میوزیک و سەمای فۆلکۆریی کوردی بەخۆیەوەدەبینێت، پاشان رێرەوی تیپەکان بۆ نێو ھۆڵەکە ئەنجامدەدرێت و تیپەکان بە جەماوەر دەناسێندرێن.
بە پێی زانیارییەکان ماوەی پاڵەوانیەتییەکە ٦ رۆژ دەخایەنێت و ژمارە یارییەکان ١٦ یاری دەبێت، ھەروەھا یاریی کردنەوەی پاڵەوانیەتییەکە لە کاتژمێر ٥:٣٠ دەبێت.
خشتەی یارییەکانی رۆژی یەکەم دیاریکرا
لە رۆژی یەکەمی پاڵەوانیەتییەکەدا ئەم یارییانە لە ھەردوو کۆمەڵەدا بەڕێوەدەچن.
ئەکاد – سۆلاڤی نوێ (یاریی کردنەوە)
پێشمەرگەی سلێمانی – ئارارات
شۆڕیجە – باباگوڕگوڕ
ھەڵەبجەی شەھید – زاخۆ.
خەڵات بۆ رۆژنامەنووسان
لیژنەی سەرپەرشتیی خولەکە رایگەیاند، کۆمپانیای nasspay کە سپۆنسەری پاڵەوانیەتییەکەیە، بڕیاریداوە خەڵات و دیاری بەو رۆژنامەنووس و راگەیاندنکارانە بدات، کە رووماڵی پاڵەوانیەتییەکە دەکەن.
راگەیاندنی پاڵەوانیەتیی پێکەوەژیان
