پێشمەرگەی ھەولێر کۆمەڵەکەی بە بەھێز دەزانێ
پێشمەرگەی ھەولێر ئەمساڵ جیاواز لە ساڵان بە ستافێکی ڕاھێنەری تازەی شاری ھەولێرەوە دەچێتە نێو کێبرکێیەکانی وەرزی نوێ خولی نایابی یانەکانی کوردستان کە بڕیارە لە مانگی داھاتوو یارییەکانی بە شێوازی دوو کۆمەڵە بەرێوە بچێت، لەگەڵ ئەوەی کوڕانی پێشمەرگە وەرزی ڕابردوو بە سەرکردایەتی سەمیر بابۆ شەڕی بەدەستھێنانی نازناوەکەیان دەکرد دواجار بە پلەی دووەمی خولەکە ڕازی بوون، ئەمساڵیش یانەی پێشمەرگە سەڕەرای نوێ کردنەوەی گرێبەستی ژمارەیەک لە یاریزانانی یانەکە و ژمارەیەک یاریزانی لە یانەکانی تر ھێناوەتە ریزی تیپەکەی بۆ زیاتر پارێزگاری کردن لە ئەنجامەکانی وەرزی ڕابردوو لەم بارەشەوە نیھاد عادل جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشیی پێشمەرگەی ھەولێر بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند " خۆئامادەکارییەکانمان بەردەوامە و کەمپێکی مەشقیمان لە شاری دھۆک ئەنجامدا بۆ باشتر ئامادەکاری تیپەکەکان ڕەخساندنی کەشێکی باش بۆ یاریزانانمان ئەمساڵیش تاکو ئێستا گرفتێکی ئەو تۆمان نەھاتۆتە پێش بۆ ئەوەی نەتوانین کارەکانمان بە باشی بەرێوە ببەین و ستافێکی تازەمان ھێناوە لە ڕاھێنەران بەم ستافە و ڕاھێنەرانە دەتوانین کاری باش بکەین، نیھاد گوتیشی" گرفتی دارایمان ھەیە بەڵام لە پاڕساڵ باشترین دەتوانین مووچەکانیان دابین بکەین و ھەولیش دەدەین پێش دەسپێکی خول بەشی یەکەمی گرێبە ستەکانیان پێ بدەین چونکە گرێبەستەکان نزیکەی ٣٥٠ملیۆن دینارە و پارەش قەرزارین و ئێمە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەین و ماوەی زیاتر لە سالێک و ٤ مانگە ھیچ برە پارەیەکمان وەرنەگرتووە لەم وەزارەتە لەبارەی کۆمەڵەکەشیان گوتی" کۆمەلەکەمان زۆر بەھێزە بەڵام ھەوڵ دەدەین لە چوار گۆشەی زێرین نەھێنە خوارەوە چونکە تیپەکەمان تیپێکی باشە و چەند سالێکە ئەنجامان باش بووە.
کارزان کانەبی
