پڕ بەدڵ حەز دەکەم رۆژێک لە رۆژان ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ
پڕ بەدڵ حەز دەکەم رۆژێک لە رۆژان ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەرزێ
قەزای ئاکرێ ی سەر بە پارێزگای دھۆک خاوەنی چەندین کچە یاریزانی بەتوانایە لە یارییەکانی تۆپی دەستی کە جێگەی دەستیان دیارە لەم یارییە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق ، کاژین خوزندە تەھا یەکێکە لە کچە یاریزانە ھەرە بەتواناکانی تیپی تۆپی دەستی یانەی قەڵای تورکمانی ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی کچانی عێراق و خاوەنی ئاستێکی بەرزی یاری کردنە لە یاریی تۆپی دەست ،ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٢ی شاری ئاکرێ یە دەرچووی پەیمانگای وەرزشیی ھەولێرە و خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ئاستی کوردستان و عێراق ئێمە لە نزیکەوە بۆ ئاشنا بوون بە ژیانی وەرزشیی چەند پررسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* چۆن بوو خۆت لە نێو دونیای یاری تۆپی دەستی دۆزییەوە؟
-یاری تۆپی دەست حەزێکی منداڵیم بوو پێشتر من یاریزانی بادمینتۆن بووە ، دوای ئەوەی ڕھێنەرەکەم ھانیدام کە یاری تۆپی دەست ئەنجام بدەم ، سوپاس بۆ خوای گەورە توانیم خۆم لە نێو دونیای ئەم یارییە بە باشی ببینمەوە.
* ئاستی یاری تۆپی دەستی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-وەکو ئاست من ناتوانم بلێم یاری تۆپی دەست مردووە، بەڵام لە یارییەکانی تر باشترە لەکوردستان.
* ھەست ناکەی ئاستی کچان وەکو پێویست نییە بەھۆی کەمی کردنەوەی پاڵەوانیەتی؟
-نەبوونی پاڵەوانیەتی نەک تەنیا ئاستی یاریزان ، بەڵکو ھەست و حەزی یاریزانان کەم دەکات کە گەورەترین بەربەستە بۆ پێشوەچوونی ئاستی یاریزان.
* چی بکرێت باشە بۆ باشتربوونی رەوشی ئەم یارییە؟
-بۆچوونی من ئەوەیە کە پاڵەوانیەتی بکرێتەوە بۆ یاریزانان ھەر چی نەبێت ساڵانە ھەوڵ بدرێ ٢بۆ٣ پاڵەوانیەتی ئەنجام بدرێت تا ئاستی یاریزانان باشتر بێت و بەرەوو پێش بچێت، ئەو کاتە ئاستی یاریزانیش دەچێتە قۆناخێکی باشتر.
* گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی ؟
-گرفتی ھەرە گەورە لەم یارییە نەبوونی ھۆڵی تایبەت بەم یارییە لەم ھەولێرە گەورەیە کە پایتەختی کوردستانە تەنیا یەک ھۆڵ ھەیە ئەویش ھەموو یارییەکی لە ناو ئەنجام دەدەن، ئەوەش گرفتێکی گەورەیە بۆ یاریزانان بۆیە پێویستە لە دوای قەیرانی دارایی کێشەی ھۆڵی تایبەت چارەسەر بکرێت، بە بڕوای من ئەو سەردەمە نەماە وەکو جاران کە بلێن لەبەر کۆمەڵگا کچ خۆی ناداتە وەرزش بگرە رێژەیەکی باشی کچان لەبواری وەرزش کار دەکەن، بەڵام زەحمەتی لەوەیە کەوا کە کچ دەبینێت وەرزش ھیچ سودێکی بۆی نییە بۆە لێی دووری دەکەوێتەوە ، من کە باسی خۆم دەکەم من دوو کار ئەنجام دەدەم جگە لە وەرزش چونکە وەرزش بژێوی ژیان بۆم دابین ناکات ئەوەش گرفتە بۆ وەرزشکاران.
* خەونی وەرزشیت چیە لە ژیانی یاریزانیت؟
-بەرنامەم و پلانم بۆ داھاتوو واز لە ھەموو کارێک بێنم خۆم زیاتر تەرخان بکەم بۆ بواری وەرزشیی بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە وەرزشیی بکەم لە کوردستان.
* بەھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی کوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتیکی نێودەوڵەتی بکات ؟
-من ئێستا لە ریزی ھەڵبژاردەی عێراقم بڕیار وا بوو بەشداری لە پاڵەوانێتی رۆژئاوایی ئاسیا بکەم ، بەڵام بەھۆی پێنەدانی مۆڵەت لە کارەم نەمتوانی بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکە بکەم من بۆ ھەڵبژاردەی عێراق یاری بکەم چۆن بۆ کوردستان یاری ناکەم پڕ بەدڵ حەز دەکەم رۆژێک لە رۆژان ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەرزێ و منیش یەکێک بم لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە.
* خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتن بۆ وەرزش کردن؟
-ئەگەر خێزانەکەم ھاوکارن نەبوونایە من نەمدەتوانی تا ئێستا بەردەوام بم لە کاری وەرزشی بە تایبەت بابم و ئێستاش ھاوسەرەکەم و خەزوورم کە زۆر ھاوکارمن,
*چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی قەڵای کچان کرد؟
-لەبەر ھەڵوەشانەوەی تیپی تۆپی دەستی کچانی ئاکرێ وە ھەروەھا گرنگی پێدانی بەرێوەبەری یانەی قەڵای تورکمانی بە وەرزشی کچان بەتایبەت تۆپی دەست من رووم لەم یانەیە کرد و زۆریش لێ ئاسوودەم.
*ماوەیەک کاپتنی یانەی ئاکرێ بوویت چۆن بوو ریزی یانەکەت جێھێشت؟
-من تا مردم شانازی بە یانەی ئاکرێ دەکەم ، چوونکە یانەی دایکە و ھەروەھا شوێنی پێشکەوتنی من بووە.
* ھیچ یانەیەک داوای گرێبەستی لێ نەکردوویت؟
-زۆر یانە ھەبوو کە داوای گرێبەستیان لێم کردووە ،بەڵام من یانەی قەڵام ھەڵبژارد ئەم یانەیەم پێباش بوو.
*پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چیە؟
-ھەموو جارێک گلەیمان کردووە ئێستاش گلەیی دەکەین لەبەر نەبوونی پاڵەوانیەتی و گرنگی نەدان بە وەرزشی کچان ، تکا دەکەم با بەس بێت نوستن.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم بۆ ئەم ھەموو خزمەت کردنە بە بواری وەرزشی لە سەرجەم شارە جیاوازەکان وەرزشکاران بەسەردەکاتەوە سوپاس بۆ برا پێشمەرگەکانمان کە ئێمە لە سایەی ئەوان دەتوانین درێژە بە کاروانی وەرزشیی خۆمان بدەین.
فۆتۆ/ دانا بەگزادە
