خولی پێشخستنی راهێنەرانی فێرگە و قوتابخانەكانی تۆپی پێی دواخرا

خولی پێشخستنی راهێنەرانی فێرگە و قوتابخانەكانی تۆپی پێی دواخرا
یەكێتی تۆپی پێی لە كۆبوونەوەی خۆیدا بەفەرمی بریاری دواخستنی خولی پێشخستنی راهێنەرانی فێرگە و قوتابخانەكانی تۆپی پێی دواخرا بۆ دوای جەژنی قوربانی پیرۆز.
بەمەبەستی رێكخستن و ئەنجامدانی خولەكە بەشێوەیەكی جوان، یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەفەرمی بریاریدا خولەكە بۆ دوای جەژنی قوربانی پیرۆز دوابخات، بەشداربووانی خولەكە، دەبێت سەر بە یانەكان بن، واتا هەر راهێنەرێكی قوتابخانە و فێرگە دەبێت نووسراوی فەرمی یانەی هەبێت و سەردانی لقی یەكێتی تۆپی پێی پارێزگاكانی كوردستان بكەن بۆ پێدانی نووسراوی فەرمی بەشداربوونەكە.
وا بریار بوو خولێكی پێشخستنی راهێنەرانی فێرگە و قوتابخانەكانی تۆپی پێ بۆ ماوەی چەند رۆژێك رێكبخرێت، كە ئامانج تێیدا رێكسختنەوەی كاروباری هونەری و مەشقی فێرگە و قوتابخانەكانی تۆپی پێیە لە كوردستاندا.
خولەكە بە سەرپەرشتی دكتۆر جەمال ساڵح، راهێنەر و ئەكادیمیی ناسراوی تۆپی پێی عێراق رێكدەخرێت، كە ساڵانێكە لە ئیمارات كار لەگەڵ ئەكادیمیا و فێرگەكانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە دەكات.
لە بارەی خولەكەوە، یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو راهێنەرانەی بەنیازن بەشداریی خولەكە بكەن، پێویستە فێرگە و قوتابخانەكانیان سەر بە یانەیەكی وەرزشی بێت و لەلایەن ئەو یانانەوە بە شێوەیەكی فەرمی نووسراوی پشتگیرییان پێبدرێت، ئەگەرنا مافی بەشداریكردنیان نابێت.
رێبین رەمزی
Top