یانە تازەكان لە یەکەم گەڕی لالیگادا خولەكە گەرم دەكەن و پەیامێكی قورسیشیان پێیە

یانە تازەكان لە یەکەم گەڕی لالیگادا خولەكە گەرم دەكەن و پەیامێكی قورسیشیان پێیە
وەکو پێشبینی دەکرا هەر لە یەکەمین گەڕی (لالیگا) دا، گەرم و گوڕی و گۆڵی زۆر ئامادەبوو، یانە تازەکان پەیامیان نارد کە میوانێکی قورس دەبن و لەیەکەم گەڕیشدا 41 گۆڵ تۆمار کرا.

لەم گەڕەی لالیگا، یانەی بارسێلۆنای پاڵەوانی پارساڵ توانی لە نێو یاریگای خۆی یانەی ریال بیتیس گۆڵباران بکات و بە ئەنجامی 6-2 یارییەکە بباتەوە، لە بەرامبەردا یانەی ریاڵ مەدریدی ڕکابەری بارسا، وەکو پێشبینی دەکرا توانی بە 3 خاڵ و 3 گۆڵ لە یاریگای ئانۆیتای ڕیال سۆسیداد بگەڕێتەوە، لەم یارییەش سەرەڕای یارینەکردنی ڕۆناڵدۆ و کەریم بن زیمە و پیپی و مۆدرێچ، بەڵام گاریس بەیڵ توانی قەرەبووی یاری نەکردنی ئەوان بکات و دوو گۆل تۆمار بکات، هەروەها یاریزانی لاو ئاسینسیۆ توانی گۆڵەکەی دیکەی ڕیاڵی تۆمار کرد.

لە نێو یاریگای خۆی، یانەی سڤیلیا توانی برینەکانی هەردوو جامی سوپەری ئیسپانیا و ئەوروپا لەسەر بەرژەوەندی یانەی ئیسپانیۆل ساڕێژ بکات، کاتێک لە خۆشترین یارییەکانی ئەو گەڕە توانی بە ئەنجامی 6-4 سەرکەوتن تۆمار بکات، لە لایەکی دیکەوە یانەی ئاتلەتیکۆ مەدرید لە نێو یاریگای خۆی بەرانبەر یانەی ئالاڤیسی میوانی تازەی ئەم وەرزە تووشی شۆک بوو، کاتێک بەئەنجامی 1-1 یەکسانبوو، لەم یارییە یانەکەی سیمیۆنی توانی لە کاتی زیاد کرداودا بە لێدانێکی سزا گۆڵی یەکەم تۆمار بکات، بەڵام لە دوا ساتی کاتی زیاد کراوی یاریدا، ئالڤیس گۆڵی یەکسانبوونی تۆمار کرد.

یانەی ڤالەنسیا لە یەکەمین یاری ئەو گەڕەدا لە لایەن یانەی لاس پالماس شۆک کرا، کاتێک بە ئەنجامی 4-2 لە نێو یاریگای خۆی تووشی شکست بوو، سوپڕایسەکانی لیگا هەر ئەوهەندە نەبوون، بەڵکو یانەی لیگانیس کە ئەویش بۆ ئەم وەرزە بۆ خولی پلە یەک سەرکەوتووە، بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام لە یانەی سیلتا ڤیگۆی بردەوە و سەلماندی کە لە وەرزی ئەمساڵی لا لیگا یانەی لاوازی تێدا نییە.

یانەی ئۆساسۆنا کە جارێکی دیکە گەڕایەوە ڕیزی گەورەکان، وەک ڕکابەرێکی سەرسەخت بەرامبەر مەلەگا وەستاو توانی بە خاڵێک بە تامی بردنەوە لە یاریگای ڕکابەرەکەی بچێتە دەرەوە، هەروەها یانەی سپۆرتینگ خیخۆنیش دەستپێکێکی باشی هەبوو، کاتێک بە ئەنجامی 2-1 لە ئاتلەتیک بلباوی بردەوە و لە یەکەمین گەڕدا دڵی هاندەرانی خۆش کرد، یانەی دیپۆرتیڤۆ لاکەڕۆنیاش توانی بە ئەنجامی 2-1 لە ئیباری بردەوە. هەروەها هەردوو یانەی گرانادا و ڤیاڕیال بە ئەنجامی 1-1 یەکسان بوون.
بە گوێرەی ئەو ئەنجامانەی لە یەکەمین گەڕدا تۆمار کراون دەردەکەوێت، کە لیگای ئەم وەرزە ڕکابەری زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت و هەندێک لە یانە ڕکابەرەکانی بارسا و ریاڵ لەوانەیە پێگەی خۆیان لە پێنج یانەی پێشەنگی لیگا لە کیس بدەن.

hamataqana
Top