لە کوردستان گرنگی بە یارییە تاکییەکان نادرێت

لە کوردستان گرنگی بە یارییە تاکییەکان  نادرێت
سۆزیار سابیر یاریزانی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی ئەفرۆدێت
لە کوردستان گرنگی بە یارییە تاکییەکان نادرێت
تۆپی سەرمێزی کچان لە شاری سلێمانی بەردەوام لە پێشوەچوون بووە و یانەکانی ئەو شارەش پێگەی تایبەتیان ھەبووە لە خولەکانی کوردستان و عێراق، ئەم شارە جیاواز لە شارەکانی کوردستان و عێراق خاوەنی چەندین بەھرەی وەرزشیە لەم یارییە یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەی ئەفرۆدێتی ئەو شارەش کە پێشبینی ئەوەی لێ دەکرێت لە داھاتوو ببێتە ئەستێرەیەکی یاری تۆپی سەرمێز ئەویش کچە یاریزان سۆزیار سابیرە ناوبراو یەکێکە لە یاریزانە ھەرە بەتواناکانی یانەکە و خاوەنی ئاستێکی بەرزی یاری کردنە سۆزیار لە دایک بووی ساڵی ٢٠٠٠ی شاری سلێمانی و قوتابی ئامادەییە و خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ئاستی شاری سلێمانی کوردستان و عێراق ئێمە لە نزیکەوە چەند پررسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* چۆن بوو خۆت لە نێو دونیای یاری تێنسی سەرمێز دۆزییەوە؟
-ھەر لە منداڵیەوە حەزم لە وەرزش کردن بووە بە تایبەتی یارییە تاکییەکان وەکو تۆپی سەرمێز بۆیە ھەر خۆشم لەم یارییە دۆزییەوە خۆشم ئاواتی سەرەکیم بوو ئەم یارییە.
* ئاستی یاری تۆپی سەرمێز چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- لە کوردستان گرنگی بە یارییە تاکییەکان نادرێت بە تایبەتی ئەم یارییەی ئێمە ، بەڵکو گرنگی تەواو دەدرێت بە یارییەکانی تر بۆیە بەمشێوەیە بڕوات ئەم یارییە ئاستی ئێستای لە دەستدەدات دەبێتە ھۆی ئەوەی ئاستێکی خراپی ھەبێت لە داھاتوو.
* ھەست ناکەی ئاستی کچان وەکو پێویست نییە بەھۆی کەمی کردنەوەی پاڵەوانێتی؟
-بەڵنیایەوە ئەویش بەھۆی کەمی کردنەوەی پاڵەوانیتیەکان بەتایبەتی لەسەر ئاستی کوردستان ھەروەھا گرنگی نەدان لەلایەن یانەکانەوە بەم یارییە و کردنەوەی پاڵەوانیەتی و مەشقی بەردەوام ئەوانە ھەمووی ھۆکارە.
* بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت ،باشە بۆ باشتربوونی رەوشی ئەم یارییە؟
-گرنگیدان بە یاریزانانی لاو بەتایبەتی لەلایەن سەرۆکی یانەکانەوە، زیاتر بەشداری کردنی یاریزانان لە پاڵەوانیتەکان بەتایبەتی بەشداری کردنمان لە پاڵەوانیەتی دەرەوەی کوردستان و ووڵاتە عەرەبیەکان زیاتر گرنگی بە کردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بدرێت ئەوانە ھەمووی ھۆکارە بۆ بەرەوو پێشچوونی ئاستی ئەم یارییە.
* بەرنامەت چیە بۆ داھاتووی خۆت؟
-ئەوەی ڕاستی بێت بە پێی پێویست مەشقەکانی خۆمان ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی ھەر خول و پاڵەوانیەتیەک ھەبیت ئێمەش بەشداری بکەین وەکو کچە یاریزانانی یانەی ئەفرۆدێت.
* خەونی وەرزشیت چیە لە ژیانی یاریزانیت؟
-خەونی سەرەکیم بەشداریکردنە لە پاڵەوانیەیتی عەرەبی و بگەمە ریزی ھەڵبژاردەی عێراقی ئەویش لە ئێستادا زۆر سەختە بەڵام ھەوڵی خۆم دەدەم بۆ بەدی ھێنانی ئەم ھیوایەم.
* دۆزینەوەی یاریزانانی کچ زەحمەت نییە بۆ ڕاھێنەران؟
-ڕاستە ئەویش بەھۆی گرنگی نەدان بە یاری تێنسەوە بە تایبەتی لە ئاستی کچان، گرنگیدانی زیاتر لە ئاستی کوڕان ئەمەیش بۆتە ھۆکاری نەبوونی ڕاھێنەری کچ بە دڵنیایەوە ، چونکە لە کوردستان بە تایبەت لە شاری سلێمانی خاوەنی چەندین یاریزانی ئاست بەرزە و پاشە رۆژی باشیان ھەیە بەشداری کردنیان لە پاڵەوانیەتیەکان چاوەڕی ئەنجامی گەورەیان لێ دەکرێت.
* بەھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانەکانی ئەم ھەڵبژاردەیە؟
- ئەوە ھیواو خەونی منە بە ناوی کوردستان بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکی نێودەوڵەتی بکەم و ئاڵای کوردستان بەرز بکەمەوە.
* خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتن بۆ وەرزش کردن؟
-لێرەوە زۆر سوپاسی خانەوادەکەم دەکەک ئەوان ھەموو کات لەگەڵم بووینە و پشتیگری تەواویان کردوومە لە وەرزش کردنم ھەوڵدان بۆ بەدەستھێنانی خەونەکەم.
* ھیچ یانەیەک داوای گرێبەستی لێ نەکردوویت؟
- بەدڵنیایەوە گرێبەستم بۆ ھاتووە لەم نزیکانەش پەیوەندی بە یانەیەکی ترەوە ئەکەم
*پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چیە؟
-داوا لە بەرپرسانی وەرزشی دەکەم زیاتر گرنگی بدەن بەم یارییە و پێداویستیە سەرەکیەکانی ئەم یارییە دابین بکەن، چونکە لە رێگەی وەرزشیەوە دەتوانین زیاتر خۆمان بناسێنین.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم کە ئێوە ھۆکارن بۆ خزمەت کردن بە وەرزشی کوردستان و بەسەرکردنەوەی ئەم یاریزانانەی کە تائێستا دەرفتی دەرکەوتنیان بۆ نەڕخساوە بەھیوای ئەوەی ئەوەم بەردەوامن لەبە سەرکردنەوەی یاریزانانی شارەکانی کوردستان زۆر سوپاس بۆ کاک سەیفەدین و کاک کاروان و ست رێزان کە ئەوان ھۆکارن بووینە بۆ ئەوەی من بگەمە ئەو ئاستە دووبارە سوپاسی خانەوادەکەم دەکەم.
Top