بەھیوای ئەوەم بتوانم لە ھەڵبژاردەی کوردستان یاری بکەم

بەھیوای ئەوەم بتوانم لە ھەڵبژاردەی کوردستان یاری بکەم
شاڵاو عەباس باشترین یاریزانی خولی پلە یەکی کوردستان
بەھیوای ئەوەم بتوانم لە ھەڵبژاردەی کوردستان یاری بکەم
شاڵاو عەباس یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، ماوەی دوو وەرزە توانی ببێتە گۆڵکار و باشترین یاریزان لەسەر ئاستی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، ئەمساڵیش شاڵاو رۆڵی کارای بینی لەسەرخستنی یانەی سیروانی نوێ بۆ گەیشتن بە خولی نایابی یانەکانی کوردستان ، ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩١ی شاری سلێمانییە پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی نەورۆز و سیروانی نوێ یاری کردوە و قۆناغی کۆلێژە لە زانکۆی جیھان ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* چۆن بوو توانیتان بگەنەوە خولی نایابی کوردستان؟
- بە بۆچوونی من ھۆکاری سەرکەوتنی یانەکەکان یەک ریزی یاریزانان و یەک دڵ بووین لە ناو یەکتردا ھەموومان ئامانجێکمان ھەبوو ئەویش بەدەستھێنانی سێ خاڵ لە ھەر یارییەکدا ئاست بەرزی یاریزانان و دڵسۆزی بۆ یانەکەمان ئەوە ھۆکار بوون.
* ئاستی یاری تۆپی پێی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- تاڕادەیەک باشە ئەگەر سەیری ساڵانی پێشوو بکەین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە تا ڕادەیەکی باش بەرەوو پێشچووە ، بەڵام ھێشتا زۆری ماوە بۆ گەیشتن بە ئاستی نایاب بەگشتی.
*گەشبینی بە ئاستی وەرزشی تۆپی پێی لە شارەکەتان؟
-بەلێ گەشبینم ، بەڵام زۆریش نا چونکە ئەوەی بزانم وەکو شارەکانی ھەولێرو دھۆک و زاخۆ و شارەکانی تر گرنگی پێویستی پێ نەدراوە ، ئەمیش دەکەوێتە سەر کەسە سایسیەکان و کۆمپانیاکان کە بتوانن پشتگیری سلێمانی بکەن بۆ ئەوەی زیاتر یاری تۆپی پێی لەم شارە بەرەوو پێش بچێت.
*چۆن بوو نازناوی باشترین یاریزانی خولی پلە یەکت بەدەست ھێنا؟
-متمانە بە خۆم ھەبوو جگە لەوەش گوێرایەڵی ڕاھێنەر و زیاتر حەزی من بۆ ئەو خەڵاتەش کاریگەری ھەبوو چونکە من بۆ دووەم ساڵ بووەمە باشترین یاریزانی خولەکە نازناوی وەرزی ڕابردووش وای لێ کردووم ئەمساڵیش ئەم نازناوە بەدەستبھێنم و ھەوڵآ بۆ بدەم .
*ھیچ گرێبەستێک بۆ ھاتووەلەلایەن یانەکانی تر؟
-وابزانم جارێ زووە بۆ گرێبەست کردن لەگەڵ یاریزانان چونکە سیروانی نوێ تا ئێستا کۆبوونەوەی نەکردووە، بەڵام من چەندین گرێبەستم بۆ ھاتووە لەلایەن یانەکانی تر.
*ئەمساڵ ئاستی باشت پێشکەش کرد بۆچی لە پێکھاتەی ھەڵبژاردەی کوردستان نەبووی؟
-من پێم باشە ئەم پرسیارەی ئێوە ئاراستەی ڕاھێنەری ھەڵبژاردەکە و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بکەی ، ئایا لە چ ولاتێکی جیھان دوو ساڵ لەسەر یەک باشترین یاریزانی خولی کوردستان بیت و ناوت لە ھەڵبژاردەی وڵاتەکەت نەبی وابزانم تەنیا لە کوردستان شتی وا دەبێت ، چونکە یاریزانەکان ھەمووی ھی نایاب بوون کەواتە خولی پلە یەک بۆ کات بەسەربردن دانراوە.
* بەرنامەت چییە لەگەڵ یانەی سیروانی نوێ بەردەوام دەبی یان دەچیتە یانەیەکی تر؟
-ئەتوانم بلێم یانەی سیروانی نوێ خۆشەویسترین یانەیە لەلام، بەڵام تا ئێستا نازانم بڕیاری کۆتایم نەداوە.
*گرفتی یانەی سیروان لە چی دەبینی ؟
-ھەموو یانەیەک بەپێی گەورەیی یانەکە گرفتی ھەیە ، یانەی سیروانی نوێش بێبەش نییە لەم گرفتانە، گرنگی دان بە یاریگای باشتر باشتر کردنی توانای دارایی و چەند ھۆکارێکی بچووکی تریش.
*بەھیوای چی لە ژیانی وەرزشیت؟
-بەھیوای ئەوەم بتوانم لە ھەڵبژاردەی کوردستان یاری بکەم و بەھیوای ئەوەم مێژوویەکی جوان بۆ خۆم و بۆ شاری سلێمانی بنوسمەوە.
*بە چ یاریزانێک سەرسامیت لە جیھان و کوردستان؟
-لیونێل میسی لە جیھان لە کوردستانیش بە حەمە جیجی.
* بەنیازی بوو روو لە یانەی برایەتی بکەیت بۆچی لەگەڵیان بەشداری خولی عێراقت نەکرد؟
-نەخێر ئەوان پەیوەندییان بەمنەوە نەکردووە بۆ ئەوەی یارییان بۆ بکەم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان کە ئەوان بەردەوام لە خەمی وەرزشکارانن و سوپاسی سەرجەم ڕاھێنەرانەی کە لەگەڵم ماندوو بووینە ھاورێکانم لە یانەی سیروانی نوێ و ھاندەرە خۆشەویستەکان سوپاس بۆ خانەوادەکەم کە زۆر پاڵپشتم بووینە.
Top