بۆچی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا یوفا رۆناڵدۆ و بەیل و گریزمانی وەک باشترین سێ یاریزانی کۆتایی دیاریكرد؟

بۆچی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا یوفا رۆناڵدۆ و بەیل و گریزمانی وەک باشترین سێ یاریزانی کۆتایی دیاریكرد؟
25ی مانگی هەشت یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا ناوی باشترین یاریزانی ئەوروپا ئاشكرا دەكات و سێ یاریزان ركابەری لەسەر ئەو نازناوە دەكەن كە ئەوانیش (كریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و گاریس بەیێڵی وێڵزی و ئەنتۆنیۆ گریزمانی فەرەنسیە).

رۆناڵدۆ وەرزی رابردوو لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی چامپیۆنز لیگی بە دەستهێنا و لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش بووە پاڵەوانی یۆرۆی 2016، هەروەها توانیویەتی لەسەر ئاستی تاك 54 گۆڵ تۆمار بكات و 18 گۆڵیشی بۆ هاورێكانی درووستكردووە.

هەرچی گاریس بەیێڵی وێڵزییە وەرزی رابردوو لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی چامپیۆنز لیگی بە دەستهێناوە و لەگەڵ هەڵبژاردەی وێڵزیش ئاستێكی باشی لە یۆرۆدا پێشكەش كرد وە لەسەر ئاستی تاكیش 24 گۆڵی تۆمار كردووە و 16 گۆڵیشی بۆ هاورێكانی دروست كردووە.

ئەنتۆنیۆ گریزمانی فەرەنسیش لەگەڵ ئەتلەتیكۆ مەدرید گەیشتە یاری كۆتای چامپیۆنز لیگ و لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنساش لە یاری كۆتای یۆرۆ تووشی شكست هات لەسەر دەستی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بەڵام لەسەر ئاستی تاك باشترین یاریزانی ئەتلەتیكۆ مەدرید و فەرەنسا بووە و توانیویەتی 38 گۆڵ تۆمار بكات و 9 گۆڵیش بۆ هاورێكانی دروست بكات.

ئاشكراكردنی ناوی ئەو سێ یاریزانەی لە كۆتایدا كە یەكێكیان باشترین یاریزانی ئەوروپا بە دەست دەهێنێت كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە و بە تایبەتی پاش ئەوەی لیۆنێل مێسی و لویس سوارێز لە لیستەكەدا نەبوون.

جێی ئاماژەیە لیۆنێل مێسی وەرزی رابردوو 47 گۆڵی تۆمار كردووە و 28 گۆڵیشی بۆ هاورێكانی دروست كردووە، لە كاتێكدا لویس سوارێز باشترین وەرزی خۆی لە مێژووی ژیانی وەرزشی بەرێكردووە پاش تۆماركردنی 60 گۆڵ و دروست كردنی 27 گۆڵ بۆ هاورێكانی، جگە لەوەی توانیویەتی هەردوو نازناوی خول و جامی شای ئیسپانیا لەگەڵ یانەی بەرسێلۆنا بە دەست بهێنێت.

وەرزی رابردوو ریال مەدرید نازناوی چامپیۆنز لیگی بە دەستهێنا و پۆرتوگالیش بووە پاڵەوانی یۆرۆ، بۆیە رۆناڵدۆ نزیكترین یاریزانە بۆ ئەوەی نازناوی باشترین یاریزانی ئەوروپا بە دەت بهێنێت، لەگەڵ ئەوەی لەسەر ژمێری تاكە كەسیدا لە دوای سوارێزی هێرشبەری بەرسێلۆنەوەیە، بە پێچەوانەی باڵۆن دۆرەوە كە بۆ نموونە لە ساڵی 2010 شنایدەر 5 نازناوی لەگەڵ ئینتەرمیلان بە دەستهێنا و گەیشتە یاری كۆتای مۆندیالیش بەڵام تۆپی ئاڵتوونی بە دەست نەهێنا، بۆیە لەبەر ئەوە زیاتر ئەو نازناوە بۆ ئاستی تاكە كەسییە و پشت بە توانای یاریزانەكە دەبەستێت.


hamataqana







Top