لەسەر ئەرکی خۆم بەشداری لە پاڵەوانێتی جیھان دەکەم

لەسەر ئەرکی خۆم بەشداری لە پاڵەوانێتی جیھان دەکەم
ئەحمەد مەریوان پاڵەوانی لەش جوانی جیھانی
لەسەر ئەرکی خۆم بەشداری لە پاڵەوانێتی جیھان دەکەم
ئەحمەد یەکێک لە پاڵەوانەکانی سەر ئاستی کوردستان و عێراق و ئاساییە لە یاری لەش جوانی، کەس نیە لە شاری کەرکووک ناوی ئەو کورە کوردە پاڵەوانەی نەبیستبێ بەھۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە پاڵەوانیتیەکانی نێوخۆی بەدەستی ھێناوە، بۆتە یەکێک لە یاریزانە پاڵەوان کوردەکان لەسەر ئاستی کوردستان و ئاسیا، ناوبراو ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانی جیھانی و بەدەست ھێنانی ئەنجامی شایستەتر بۆ ھەرێمی کوردستان ھەرچەندە گرفتی داراییشی ھەیە بەڵام ئەو کۆڵی نەداوە لەسەر گیرفانی خۆی ئامادەکاری دەکات، ئەحمەد مەریوان لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٨ی شاری کەرکووک چاوی بەدونیا ھەڵھێناوە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی ناوبراو کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* ئاستی یاری لەش جوانی بە شێوەیەکی گشتی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-لە ئاستێکی باش دایە لە کوردستاندا بایەخیان پێداوە بەپێی پێویست لە چاو یارییەکانی تری وەرزشیی.
* بە بۆچوونی تۆ وەکو پاڵەوانێک چی بکرێت باشە بۆ بەرەوو پێش چوونی ئەم یارییە؟
-پێم باشە بایەخی زیاتر بەم یارییە بدەن و بە ھەموو رووحێکی وەرزشیی سەیری ئەم یارییە بکرێت، ئەو کەسەی ھیوای ئەوەیە ھۆڵی لەش جوانی بکاتەوە بەڵام ناتوانێ تاکو نیوەی کارەکانی بەردەوام بێت، ھەر بەرپرسێکی ئەو شارە لە ئەستۆ خۆی بگریت ھاوکاری دارایی بکات تا بتوانێت زیاتر یاری لەشجوانی بکاتە بەرچاوانی گەنجانی کوردستان و زیاتر بەرەووپێش بچێت، بایەخی زیاتربە یاریزانانی لاو بدرێت و ھانیان بدرێت بۆ ھاتنیان بۆ ئەم یارییە.
* کردنەوەی پاڵەوانێتی ساڵانە یەک جار ئایا دەبێتە ھۆکار بۆ پێشوەچوونی ئەم یارییە؟
-بەلێ چونکە گرنگی خۆی ھەیە تا بزانن کە پاڵەوانێتی لەشجوانی کرایەوە خەلێکی زۆر بینەری دەبن ،یاخود لە نزیکەوە ڕاستیەکانی تێدا دیار بکات بۆ جەماوەری یارییەکە دەبێتە ھۆکار بۆ پێشەوەچوونی ئەم یارییە ئەگەر زیاتریش بکرێتەوە باشتر دەبێت.
* گرفتی یاری لەشجوانی لە چی دەبینی؟
-ڕەنگدانەوەی یاری لەشجوانی خۆی لە خۆیدایە کە لەبەر چاوی ھەموو مرۆڤێک جیاوازە وە لەش و لارێکی جوانە و پوختەی تەندروست دەداتە وەرزشکاری ئەم یارییە لە ناو کۆمەڵگا وەرزشی لەشجوانی جەستەیەکی سەڕەنجی ھەیە خۆی ئەسەلمێنێت کە من وەرزشێکی لەشجوانم ، پێویستە زیاتر گرنگی بەتوانای لاوان بدرێت و ھۆڵی تایبەت بکرێتەوە بۆ وەرزشکاران.
*کردنەوەی ئەم ھۆڵانە تا چەند لایەنێکی خزمەتە و ئەوی تری بارزگانی؟
-بەلێ کردنەوەی ئەم ھۆڵانە خزمەتێکی تەواوی ھەیە بۆ مرۆڤ سوودی زۆرە دەتوانم بلێم سارێژی چەندین نەخۆشیە و چارەسەری پێویست دەداتە چەندین نەخۆش ، ھەندێک لە ھۆڵەکان کردنەوەی بۆ ئامانجی بازرگانییە، دەبێت لێژنەی لێکۆلینەوە لە ھەموو ھۆڵەکاندا بکرێت تانەکرێتە ئامانجی ناشیرین کردنی ئەم یارییە یاخود بازرگانی کردن بەم یارییە لەم کارانەی کە دەدرێتە وەرزشکاران تەنیا بۆ ئەوەی خەرجێکی بێتە دەستی.
* ھەست ناکەی ئێستا ئەم یارییە زیاتر پەرەی ساندوە لە ناو چینی گەنجان؟
-لەناو چینی گەنجان دڵی خۆی کردۆتەوە یاری لەشجوانی لەلایەن لاوانی ھەموو جیھان لەزەتێکی یاخود تەندروستێکی باشی داوە بەھەموو لاەوانێک ئەویش وای لە خۆی کردووە زیاتر پەرە بستێنێت لە ناو ئەم چینە .
* بەرنامەت چیە بۆ داھاتوو؟
- من زۆر ھیوام ھەیە لە داھاتوودا ھۆلێکی گەورە بکەمەوە لە ناو ئەم ھۆڵەدا خزمەت بە وەرزشکاران بکەم لە بواری وەرزشیدایە یاخود ئەو لاوانەی کە حەزیان لەم یارییە و دڵیان پێوەیە لە دەرەوەی وڵات وەرزش بکەن ، چەند ھۆلێکی پرۆفیشنال ھەبێت لەسەر سیستەمی جیھانی بۆ ئەوەی گەنجان روو لەم ھۆلانە بکەن ، ئەگەر بەرپرسێک یان سەرمایەدارێک ئەم کارە بکات من ئامادەم خزمەتێکی زۆر بە وەرزشکاران بکەم یاخود کوردێکی بەشەرەف بم.
* دەلێن بڕیارە لەسەر گیرفانی خۆت بەشداری پاڵەوانێتێکی نێودەوڵەتی بکەی؟
-بەلێ بڕیارە لەسەر گیرفانی خۆمدا بەشداربم لە پاڵەوانێتی جیھان ئارنۆلدکلاسیک لە وڵاتی ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت، زۆر زۆر بە داخەوە ھیچ ھاوکاریم نەکراوە یاخود لێمیان نەپرسیوە تۆ بە تەمای چیت پێویستم بەھاوکاری داراییە چونکە روون و ئاشکرایە مەسروفی گرانە لە بواری لەشجوانیدا وا بۆ نۆ مانگ دەچێت من لە ئامادەکاریم مەسروفم لەسەر خۆم کردووە بەڵام دڵم خۆشە وەک کوردێک لە پاڵەوانێـتی جیھان ئارنۆلد جیھان بەشداری دەکەم.
* تاچەند بەکارھێنانی دەرمانی وزە بەخش کاریگەری دەبێت لەسەر یاریزانانی لەش جوانی ، ئایا ئێوە بەکاری دەھێنن وەکو یاریزانان؟
-ووزە بەخش بۆیاریزانان دەگەرێتەوە بۆ دوو بەش بەشێک ئەوەی بۆ پاڵەوانێتی بەشداری بکات دەبێت ووزە بەخش بەرکار بێنێت لەلایەن مامۆستای لەشجوانی یاخود لەلایەن پزیشکی بواری وزە بەخش بۆت تەرخان بکات، ئەوەی تەنیا ھاتووە بۆ دابەزاندنی کێشی یاخود بۆتەندروستی خۆی یاخود لەلایەن پزیشکەوە ھاتوون بۆ ھۆڵەکان نابێت ووزە بەخش بەکار بێنێت.
* باشترین ئەنجامەکانت چین وەکو یاریزان و پاڵەوانێک؟
-من پاڵەوانی کوردستان و عێراقم لە لەشجوانی ، پاڵەوانی عێراقم لە یاری ھێزی لەش دا پاڵەوانی ئاسیام لە وڵاتی چین ئێستاش ئامادەکاری دەکەم بۆ پاڵەوانێتی جیھان.
* لە جیھان بەچ یاریزانێکی لەشجوانی زۆر سەرسامی؟
-ئەکتەری بەناوبانگی جیھانی ئارنۆڵد شوارزنیجر.
* ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- داواکارم لە نزیکەوە گوێبیستی داواکارییەکانم بن تابتوانم زیاتر پەرە بەم کارەکم بکەم یاخود خزمەتکاری وەرزشوانانی کوردو کوردستانبم، سوپاسی بۆ گۆڤاری گوڵان کەوا خزمەتی بەرچاوی وەرزشکاران دەکات لەسەرجەم شارەکانی کوردستان و یارییە جیاوازەکان بەبێ جیاوازی.
Top