پاڵەوانی جیهان لە هاوێشتنی رم بلیتی فرۆكەی نییە

پاڵەوانی جیهان لە هاوێشتنی رم بلیتی فرۆكەی نییە
هەڵبژاردەی گۆرەپان و مەیدانی كینیا روویان لە فرۆكەخانەی نایروبی كرد بەمەبەستی گەشتكردن بۆ بەرازیل بۆ بەشداریكردن لە یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی 2016 لە ریو دی جانیرۆ، بەڵام لە فرۆكەخانە شتێكی سەیر روویدا پاڵەوانی جیهان لە هاوێشتنی رم بلیتی گەشتكردنی نییە.
جولیوس یجو یاریزانی هاویشتنی رم لە هەڵبژاردەی كینیا و پاڵەوانی جیهان لەم یارییە لە فرۆكەخانەی نایروبی تووشی گرفت هات، كاتێك رێكخەرانی گەشتەكەی هەڵبژاردەی كینیا بلیتی فرۆكەیان بۆ بەرازیل پێنەدابوو و ناوی لە لیستی گەیشتیارەكان نەبوو، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی، كە یاریزانەكانی تری هەڵبژاردەكە رەتیانكردووە گەشت بكەن بە بێ ئەم یاریزانە.
دوای هەوڵێكی زۆر تواندرا بلیتێك لە كینیا بۆ ئەنگولا بۆ ئەم یاریزانە رێكبخەن دواتر بلیتێكی تر لە ئەنگولا بۆ بەرازیل بۆی ئامادە بكەن.
لەسەر ئەم بابەتە پاڵەوانی جیهان لە هاوێشتنی رم جولیوس یجو گوتی: لەبەر هاورێیەكانم ئامادەیی خۆم نیشاندا گەشتی ئەنگولا بكەم و لەوەیش چاوەوران دەبم، بزانم چ شتێكی تازە دەبێت.
لە ساڵی رابردوو یاریزانانی هەڵبژاردەی كینیا لە پاڵەوانێتی جیهان ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد و توانیان 7 میدالیای زێر و شەش زیو و 3 برۆنز بە دەستبهێنێن و ببێتە دەستكەوتێكی مێژوویی بۆ كینیا.
رێبین رەمزی
Top