چوار یاریزان لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر رۆیشتوون

چوار یاریزان لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر رۆیشتوون
دوای ئەوەی دەستەی كارگێری یانەی پێشمەرگەی هەولێر گرێبەستی زۆربەی یاریزانەكانی وەرزی رابردووی نوێكردەوە، بەفەرمی چوار یاریزان یانەكەیان جێهێشتووە.
نیهاد عادل جێگری سەرۆكی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە لێدوانێكیدا گوتی: تا ئێستا بەفەرمی چوار یاریزان پەیوەندیان بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر نەماوە، ئەوانیش (فەرهەنگ وریا، ئەحمەد سالار، هاورێ جەلال، نەوزاد شێزراد)، هۆكاری رۆیشتنی ئەوان پەیوەندی بە ئاستیان نییە، بەڵكۆ هۆكاری جیاواز هەبوو، كە پەیوەندی بە خودی یاریزانەكە و هەروەها كێشەی دارایی یانەكە هەبوو.
لە درێژەی قسەكانیدا نیهاد عادل گوتی: ئێمە سوپاسیان دەكەین، كە لە وەرزی رابردوو لەگەڵ تیپەكەمان توانیان پلەی دووەم لە خولی كوردستان بۆ یەكەم جار لە مێژووی یانەكە بە دەستبهێنن، كە دەستكەوتێكی مێژووی بوو بۆ یانەكەمان.
لە كۆتایی قسەكانیدا نیهاد عادل گوتی: جگە لەم چوار یاریزانە، دەستبەرداری هیچ یاریزانێكی تر نابین یاخود بەخۆرایی دەستبەرداربوون نادینە هیچ یاریزانێك و گفتوگۆیان لەگەڵ ناكەین، بەڵكۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەو یانەیە دەكەین، كە ئارەزووی مۆركردنی گرێبەستە لەگەڵ یاریزانەكە بۆ ئەوەی یانەكەمان سوودمەند بێت و تووشی گرفت نەبێت، مەبەست لە سوودمەند لایەنی دارایی نییە، بەڵكو سوود وەرگرتنە لە یاریزانێكی تر.
جێگەی باسە تا ئێستا فەرهەنگ وریا و ئەحمەد سالار و نەوزاد شێرزاد لە خولی كوردستان پەیوەندیان بە هیچ یانەیەك نەكردووە و هاوری جەلال چووە یانەی زێرەڤانی.
رێبین رەمزی
Top