هەولێر ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێی دەست پێكرد

هەولێر ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێی دەست پێكرد
وا بریارە سبەی شەممە كاتژمێر 5ی ئێوارە لە یاریگەی دووەمی شەهید فرەنسۆ هەریری، یانەی هەولێر یەكەم یەكەی مەشقی خۆی بۆ خۆئامادەكردن بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق دەست پێ بكات بەسەرپەرشتی مۆفق یونس و تاریق حجیە.
رۆژی پێنجشەممە دەستەی كارگێری یانەی هەولێر لەگەڵ یاریزانەكان كۆبووە و بەفەرمی لەسەر هەموو بابەتەكان رێكەوتن و بەفەرمی گرێبەستی ئەم یاریزانانە نوێكرایەوە (سەرھەنگ موحسین، ديار رەحمان، بارزان شێرزاد، ئیڤان خالید، فەرحان شكور، رابەر خاليد، نياز محەمەد، دڵدار خدر، محەمەد خالید، رێباز عەبدولڵا، سيروان خدر، رێكار هاشم).
وهەروەها هەردوو یاریزان (ساڵح محەمەد، سەعود فاریق) لە تیپی دووەمی یانەكە بۆ تیپی یەكەم سەركەوتن و لە چاوەروان دەكرێت هەریەكە لە یاریزانان (هۆگر حوسێن، بەڵێن وشیار) لە تیپی دووەمی یانەكە پەیوەندی بە مەشقەكانی تیپی یەكەم بكەن و رۆژی شەممە یەكەم یەكەی مەشقی خۆیان ئەنجام بدەن.
لە لایەكی ترەوە چاوەروان دەكرێت سبەی شەممە چەند یاریزانێكی تر پەیوەندی بە مەشقەكانی یانەی هەولێر بكەن ئەوەیش هەریەكە لە (ویسام زەكی، مستەفا ئەحمەد)، كە هەردووكیان یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر بوون و لە هێڵی ناوەراست و هێرشبەر یاری دەكەن و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، كە یاری بۆ یانەكە بكەن و هەروەها لەم چەند رۆژدا یاریزانێكی پیشگەری ئێرانی، كە لە هێڵی بەرگری یاری دەكات دەگاتە شاری هەولێر بەمەبەستی پەیوەندیكردن بە مەشقەكان و لە لایەن دەستەی راهێنەرانی یانەكە تاقی دەكرێتەوە.
سەبارەت بە یاریزانەكان، كە لە ریزی یانەكە رۆیشتوون پشتیوان شەبیب ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر گووتی: بەشێوەیەكی فەرمی تا ئێستا تەنیا (هەردی سیامند) لە ریزی یانەكە رۆیشتووە و هەروەها گرێبەستی یاریزانە عەرەبەكان تەواو بووە بۆیە پەیوەندیان بە یانەكە نەماوە وەكو (محەمەد خالید جەفال، بورهان جومعە، ئەحمەد عەبدولئەمیر، فەهد نازم شاكر) و تا ئێستا هەر سێ یاریزان (میران خەسرەو، كۆسرت بایز، دلێر حاتم) یاریزانی یانەی هەولێر-ن، لەم چەند رۆژدا بەشێوەیەكی فەرمی چارەنووسی ئەوانیش ئاشكرا دەبێت، كە دەچنە یانەیەكی تر یاخود لە یانەكە بەردەوام دەبن.
سەبارەت بە بەرێوەبردنی مەشقەكانی یانەكە پشتیوان شەبیب گوتی: بەشێوەیەكی كاتی مۆفق یونس سەرپەرشتی مەشقی یانەكە دەكات تا راهێنەرێك بۆ تیپەكە دەستنیشان دەكەین و بەفەرمی بریاردرا، كە تاریق حجیە وەكو راهێنەری لێهاتووی جەستەیی دەستنیشان بكرێت و یارمەتی مۆفق یونس بدات.
لە كۆتایی قسەكانیدا پشتیوان شبیب قسەی خۆی لەسەر تاقیكردنەوەی یاریزانەكان هەبوو، گوتی: خۆشبەختانە دوای بڵاوكردنەوەی ئاگادارییەكی یانەی هەولێر زیاتر لە 200 یاریزان پەیوەندیان بە تاقیكردنەوەكان كرد، دوای بەردەوامبوونی بۆ زیاتر لە پێنج رۆژ توانیمان زیاتر لە 15 یاریزان دەستنیشان بكەین بۆ ئەوەی لە هەردوو خولی عێراق و كوردستان سوودیان لێوەربگرین و رۆژی شەممە لەگەڵ تیپەكە مەشق ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی باشترینیان بۆ خولی عێراق دەستنیشان بكەین ئەوەی تریان لە خولی كوردستان سوودیان لێ وەردەگرین.
جێگەی باسە یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی بریاریدا یارییەكانی ئەم وەرزی خولی نایاب بەشێوەی خول بە دوو قۆناغ ئەنجام بدرێت و لە سەرەتای مانگی داهاتوو یارییەكان دەست پێ دەكات.
رێبین رەمزی
Top