ڕەنگە دوو تیپی باسکەی کوردستان بگەرێنەوە خولی عێراق
ماوەی دوو وەرزە تیپی باسکەی ھەردوو یانەی دھۆک و زاخۆ کە دوو تیپی بھێزی خولی باسکەی عێراق بوون بەشداریان دەکرد لە خولەکانی عێراق و ئاسیا و خاوەنی چەندین ئەستێرەبوون لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام قەیرانی دارایی وای لە ھەردوو تیپ کرد ھەر بەیەکجاری پاشەکشە بکەن لە خولەکانی عێراقی بۆ ئەوەی ڕادەیەک بتوانن ئەم پاڵەپەستۆیە داراییە لەسەر تیپەکانیان ھەڵبگرن، بەڵام یەکێتی تۆپی باسکەی عێراقی لە رێگەی نوسراوێک کە ئاراستەی دوو تیپەکەی کوردستانی کردووە بۆئەوەی بە فەرمی ھەردوو تیپی زاخۆ و دھۆک بگەرێنەوە خولی نایابی عێراق و بتوانن زیاتر خولەکە بەھێزتر بکەن، بەڵام پێ ناچێت ئەم دوو یانەیە جارێکی تر بگەرێنەوە خولی نایابی عێراق، عەبدول وەھاب محەمەد سەرۆکی یانەی زاخۆ ئەوەی ئاشکرا کرد گوتی" بەفەرمی ھەردوو یانەی زاخۆ ودھۆک ئاگادارکراوەنەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە وەرزی نوێ خولی عێراقی بکەن، بەڵام ئێمە تاکو ئێستا ڕەزامەندیمان لەسەر نەداوە بۆ ئەوەی بەشداری ئەم خولە بکەین، بەڵام ئێمە بەرنامەیەکمان ھەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ دھۆک تیپەکە تێکەڵ بکەین و بەشداری خولی عێراق بکەین، بەڵام تا ئێستا ئەوەش نەبۆتە فەرمی ئەوە تەنیا بیرۆکەی ئێمەیە گرنگ نییە بە ھەر ناوێک بێت بەشداری بکەین، چونکە یانەی زاخۆ و دھۆک خاوەنی چەندین یاریزانی بەتواناین و حەزیش دەکەین بەشداری خولی کوردستان بکەین چونکە توانای ئەوەمان ھەیە.
