دوو پایسكلسواری كورد بەشداریان لە پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتیان كرد

دوو پایسكلسواری كورد بەشداریان لە پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتیان كرد
لە شاری بۆلزانۆ لە ئیتاڵیا پاڵەوانێتیەكی نێودەولەتی بۆ یاری پایسكلسواری لەسەر ئاستی كوران و كچان ئەنجامدرا و زیاتر لە 1000 یاریزان بەشداریان لەم پاڵەوانێتیە كرد و دوو یاریزانی كوردیش لە نێو بەشداربووەكان بوون.
سلێمانی سامی ئەحمەد یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر و سۆزی دلشاد یاریزانی یانەی نەورۆز بەناوی كوردستان بەشداریان لەم پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیە كرد، كە ماوەی 7 رۆژی خایاند و ئەنجامی باشیان بە دەستهێنا.
سلێمانی سامی لە لێدوانێكیدا گوتی: هەست بەخۆشیەكی زۆر دەكەم، كە بەناوی كوردستان و ئاڵای كوردستان بەشداریم لەم پاڵەوانێتیە كرد، كە 7 رۆژی خایاند و توانیم پلەی 60یەم لەسەر ئاستی كوران بە دەستبهێنم، ئێمە لەسەر ئەركی خۆمان بەشداریمان لە پاڵەوانێتیە كرد و رۆژێك پێش دەستپێكردنی گەیشتنە شوێنی پێشبركێكە، بەڵام ئامانجی سەرەكی ئێمە بەشداریكردن بوو و سوود وەرگرتن لەم جۆرە ركابەریانە و بەرزكردنەوەی ناوی كوردستان بوو.
دواتر سۆزی دلشاد سەبارەت بەم پاڵەوانێتیە گوتی: هەست بەخۆشیەكی زۆر دەكەم، كە بەشداریم كرد و توانیم پلەی 16 بە دەستبهێنم ئەمەش ئەنجامێكی باشە، چونكە لەم ركابەرییە ژمارەیەكی زۆری یاریزان بەشداریان كردبوو و ركابەرییەكی بەهێز لە نێوان بەشداربووەكان هەبوو.
جێگەی باسە ئەم دوو یاریزانە پێشتر لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق یاریان كردووە و لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەنجامی باشیان بە دەستهێناوە.
رێبین رەمزی
Top