ھەموو ھەولێک دەدەم ناو بچێتە پەرتووکی گینس

ھەموو ھەولێک دەدەم ناو بچێتە پەرتووکی گینس
شوان جاف مەلەوانزانی نێودەوڵەتی
ھەموو ھەولێک دەدەم ناو بچێتە پەرتووکی گینس
عەلی رەزا ناسراو بە شوان جاف ئەو ھەر چەندە منداڵە و تەنیا تەمەنی ١١بەھارە بەڵام خاوەن بەھرەیەکی گەورەیە لە ژیانی خۆی ئەویش یاری مەلەوانییە ئەو بە جۆرێک شەیدای یاری ئاو بووە کە سەرتاپای ژیانی خۆی و باوکی داگیر کردووە و تەواوی رۆژانی بەسەربدرنیان لە ناو ئاو و رووبارەکانە ، شوانە ھەر چەندە نە ھیچ خولێکی بینیوە نە ھیچ کەسێک ھاوکاری بووە بۆ ئەوەی بە جۆرێک ببێتە پاڵەوانی جیھانی و خاوەن ریکۆرد ئەو لە رێگەی رەزای باوکی کە بە تۆفان ناسراوە بەردەوام بە یەکەوە ھەڵدەکەن و باوکەکە بۆ ئەم بۆتە ڕاھێنەر و فێرخواز و ھەموو کارئاسانیەکی ئەم لاوە بەھرەمەندە لە رێگەی ئەو کەسەیە کە تەواوی ژیانی خۆی لەگەڵ ماندوو دەکات، کاک تۆفان سەرەرای بوونی تەمەنی بەڵام لە پێناو کۆرە بەھرەمەندەکەی ئامادەیە ھەموو قوربانیەک بدات بۆ گەیاندنی بە لوتکەی مەلەوانی جیھانی کە روو لە ماڵەکەیان دەکەیت وا ھەست دەکەیت لە ناو خانوویەکی وەرزشی کە ژوورەکەی بە تەواوی مەدالیاو جامەکان داپۆشراوە جگە لەوەش ژووری تری بۆ وەرزشی جەستەیی و ھەموو رێنماییەکانی مەڵەوانی ھەڵوەسراوە ، ھەر چەندە شوانە لە دایک بووی ساڵی ٢٠٠٥ی شاری بەغدادیە بەڵام ئەم لە خانەوادەیەکی کورد پەروەردە بووە شوانە لە رێگەی گۆڤاری گوڵانەوە خەم و خەفەتی خۆی دەرکردوو کە بە چ جۆرێک دژایەتی دەکرێت لەلایەن وەرزشکارانەوە ئەو ھەر چەندە خاوەن ریکۆردە و پاڵەوانی جیھانییە و خاوەنی چەندین ریکۆردی جیھانییە بەڵام ھیوای ئەو ئەوەیە رۆژێک لە رۆژان ناوی لە پەرتووکی گینس تۆماربکرێت کە بەمافی خۆی دەزانی و داوای پشتگیری حکومەتی ھەرێم دەکات ھەرچەندە لەلایەن چەندین رۆژنامەی بەناوبانگی جیھانی و ئەورووپی و لەلایەن گەورە وەرزشکارانی یاری مەلەوانی لەسەر ئەم یاریزانە کارکراوە و بە مەزنی باسی ئەم پاڵەوانەی کوردستان و عێراق و جیھانیان کردووە بەھۆی ئەنجامە گەورەکانی لەسەر ئاستی جیھان ھەمووبۆ لای خۆی راکێشاوەبۆ ئەوەی باسی بکەن ، ئێمەش لە نزیکەوە لە ماڵەکەی ئەوان خەم و دەرەدڵی شوانە دەگەیینە لایەنی بەرپرس بەم شێوەیە پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانمان گەیاندە شوانە و ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە..
دیمانە: کارزان کانەبی
*بۆچی لە ناو ئەم ھەموو یارییە شەیدای مەلەوانی بوویت کە یاریزان کەمتر لەم یارییە دەردەکەون؟
-چونکە بەھرەی من تەنیا لەم یارییە بووە بۆیە منیش خولیای بوویمە، ھیچ بەھرەیەکم لە وەرزشەکانی تر نییە لە منداڵیەوە شەیدای ئاوبوویمە لەگەڵ خوێنم تێکەل بووە.
*دەلێن باوکت ھاوکارێکی باشبووە لە سەرەتاوە تاکو ئێستا ئەگەر ئەو ھاوکارییەکی ئەو نەبوایە نەدەبوویتە ئەم یاریزانەی ئێستا ؟
-باوکم بۆ ھەموو خانەوادەکەمان ماندووبوونی زۆری چێشتووە،بۆ ئەوانی تریش کاری کردووە لە بوارەکانی تر، بەڵام بۆمن رۆلی زۆر گەورەی بینیوە ھەم وەکو باوک کە ھەموو کات بەمنەوە ماندووە ھەم لە رووی وەرزشەکەشمەوە سەرتاپای ژیانی خۆی بۆمن سەرف کردووە بەردەوام وەکو ڕاھێنەرێکی چاو نەترس بۆ ھەموو شوێنێک لەگەڵ منە.
*لە خانەوادەکەتان بە تەنیاوەرزشکاری ؟
-نەخێر باوکیشم پاڵەوان بووە لە کاتی خۆی بە تایبەتی لە بواری زۆرنبازی و جۆدۆ بۆیە رۆلی ئەولەسەرمن زۆر بووە کە روو لە یاری مەلەوانی بکەم.
* بیستومانە وەکو بەھرەمەندێکی پاڵەوان ھیچ ڕاھێنەرێکت نییە؟
-زۆر راستە جگە لە باوکی خۆشەویستم ھیچ کەسێک وەکو ڕاھێنەر یان فێرخواز ھاوکاری نەکردوومە باوکم ھەم ڕاھێنەرە و ھەمیش باوکایەتی .
* لەکاتی مەشقەکانت لە ناو ئاودا باوکت بەردەوام بە دەورت دەخولێتەوە دەلێن تاکو ئێستا دوو مۆبایلیشی تێ گرتووی لە ناو ئاودا؟
- باوکم ھەمیشە حەز بەوە دەکات من باشترین وەرزشکارم لێ دەربچێت لە دڵسۆزی باوکمە زۆر جار لە ناو ئاوم مەشق دەکەم ، ئەو لێم تورە دەبێ دەلێ وا بکە و منیش ھەلە دەکەم لێم تورە دەبێ تاکو ئێستا لە سەر مەشقکردن دوو مۆبایلی تێ گرتووم لە ناو ئاودا لێ سووتاوە.
*ئاستی یاری مەلەوانی لە کوردستان چۆن دەبینی بەگشتی؟
-زۆر خراپە و ھیچ بەباشی نابینم بەھۆی ئەوەی گرنگی زۆر بە یاریزانان نادرێت تاکو ئێستا مەلەوانگەی تایبەتمان نییە دەبێ یاریزان لەسەر گیرفانی خۆی مەلە بکات.
*بۆچی وا نا ئومێدی لەم یارییە؟
-چونکە ھیچ لێژنەیەکمان نییە بۆ ھەڵسەنگاندانی یاریزانان و گرنگیدان بە توانای یاریزانان ، بەردەوام غەدرم لێ دەکرێت لە پاڵەوانیتیەکان و دژایەتیم دەکرێت من تەمەنم ١١ ساڵە دەبێت لە پێشبرکێیەکان لەگەڵ یاریزانانی تەمەن ١٢بۆ١٥ ساڵی دەبێ پێشبرکێ بکەم کە ئەوەش جۆرێکە لە نایەکسانی.
*چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێش بکەوێت؟
-پێویستە خزمەتی بەردەوامی یاریزانان بکرێت و یەکسانی پەیرەو بکرێت لەم یارییە و بەرپرسانی وەرزشی زیاتر خزمەتی مەلەوانی بکەن و کەسانی شارەزا لە بواری مەلەوانی بھێندرێتە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەوانەی دۆستی یارییەکەن پێش بکەون، ھەوڵ بدرێت قوتابخانە بکرێتەوە لەم یارییە بۆ دروست کردنی یاریزانانی زیاتر گرفتەکان چارەسەر بکرێت.
*پێش باشە ئەم یارییە بەفراوان بکرێت لە کوردستان؟
-ئێستا من ھیچ گرنگی یەکی ئەوتۆ نابینم لە یاری مەلەوانی بۆیە پێویستە لەسەر لێژنەی ئۆلۆمپی خزمەتی زیاتری ئەم یارییە بکەن و یەکێتی مەلەوانی بەھێزتر بکرێت زیاتر خۆیان بۆ گرفتەکان تەرخان بکەن.
* بۆچی لە ھیچ یانەیەکی کوردستان یاری ناکەی؟
- ئەوەی ڕاستی من ئەو گرنگییە نابین لە یانەکان بۆ یاری مەلەوانی بۆیە ھیچ کات پەیوەندیم بە یانەکانەوە نەکردووە.
* یانەکانی کوردستان داوای گرێبەستیان لێ کردووی؟
- بەلێ چەندین یانە پێی گوتوومە بەڵام خۆم ڕەتم کردۆتەوە یاری بۆ ھیچ یانەیەکی کوردستان بکەم بەڵام دژایەتییە بۆیە یارییان بۆ ناکەم؟
* بۆچی دژایەتیی تۆیەک دەکەن کە تەمەنت تازە ١١ ساڵە؟
-چونکە من لە ھەر ھەموویان باشترم و ھیچ کەسێک بە ڕکابەری خۆم نابینم بۆیە ھەموو کات دژایەتی من دەکرێت وەکو یاریزانێکی کورد.
*لە ھیچ یانەیەکی دەرەوەی کوردستان داوا کراوی ؟
-بەلێ لە ھەریەک لە وڵاتانی ئەمرێکا و کەندا و سویسرا داوام دەکەن بۆ ئەوەی ھاوینان یاری بۆیان بکەم.
* ئێستا چ بڕیارت داوە بەردەوام دەبی یاخود دەچیتە دەرەوەی وڵات؟
- حەز دەکەم بچمە وڵاتی ئوسترالیا بۆ ئەوەی ئەم ولاتەوە بۆ ماوەیەکی کورت ببمە پاڵەوانی جیھان چونکە ئەم ولاتە بەھێزترین ولاتە لە یاری مەلەوانی.
*بۆچی پێت دەلێن دۆلفینەکەی دووکان؟
-چونکە من ھەموو کات دڵم بە ئاوی دووکان دەکرێتەوە زۆرکات مەلەوانی لەم دەریاچەیە دەکەم.
*لە یانەی جەیشی بەغداد داوا کراوی کە شوێنی لە دایک بوونتە بۆچی نەچوویتە بەغداد؟
-لەبەر بارودۆخی ئەمنی نەچوومە شاری بەغداد ئەگەر نا ئەوان مووچە و گرێبەستی باشیان پێ ئەدام من حەز دەکەم تەنیا بۆ کوردستان یاری بکەم.
*ئامانجت چییە لە یاری کردن بۆ کوردستان؟
- بەھیوای ئەوەم بتوانم لەگەڵ ھەڵبژاردەی کوردستان و بەناوی کوردستان ئالای پیرۆزی کوردستان لە پاڵەوانیتیەکی نێودەوڵەتی بەرز بکەمەوە.
*بەھیوای ھەڵبژاردەی کوردستان لە مەلەوانی دروست بکرێت؟
- ئەوە ھیوای منە چونکە من یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراقم بەڵام حەز دەکەم ھەڵبژاردەی کوردستان درووست بکرێ و منیش یەکێکبم لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە.
*گرفتی ئەم یارییە زیاتر لەچی دەبینی؟
- وەڵا لە کوردستان گرنگی ئەوەتۆی نییە و لەلایەن بەرپرسانی ئەم یارییە گرفت چارەسەر نەکراوە تەنیا یەک خول دەکرێتەوە ئەوە خۆی گرفتە و جگە لە نەبوونی ھۆلی مەلەوانی تایبەت وئەو پارەیی لەم یارییە سەرف دەکرێت کوا چەندین گرفتی تر.
*ھەست ناکەی بەم تەمەنە بچووکە یارییەکی قورست ھەڵبژاردووە؟
- نەخێر بە پێچەوانەوە یارییەکی زۆر خۆشە چونکە ھەموو ژیانم بۆتە یاری مەلەوانی لای من ئاسانترین یارییە لای من.
*دەلێن زۆر شەیدای ئاوی؟
-بەلێ حەز دەکەم ھەموو ژیانم لە ناو ئاوبێت رۆژانە ٣بۆ٤ کاتژمێر لە ناو ئاوم.
*خوێندنت گرفتی بۆ درووست نەکردوویت لەبەردەم وەرزشکردنت؟
- نەخێر چونکە کاتەکانی خۆم بۆ ھەردوو یاری دابەشکردووە لە ھەردووکی سەرکەوتووبوویمە.
* رۆژانە لە کوێ مەشق دەکەی؟
- لە ئەکوا تارین سوپاسی بەرپرسانی ئەو مەلەوانگایە دەکەم کە ھەموو کات دەرگایان بۆمن کردۆتەوە بەخۆرایی سوپاسیان دەکەم.
*خەونی وەرزشیت چییە ؟
- تاکە ھیوای من بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانە و ھیچ ھیواییەکی ترم نییە.
* لەمەلەوانی لاسایی کێ دەکەیتەوە؟
-مایکل فلیپس ھەمووکات حەز دەکەم بگەم بە ئاستی ئەو پاڵەوانە جیھانییە، ئەو پاڵەوانی ئەم یارییە و خاوەنی ١٤ مەدالیای زێرە لە یەک پاڵەوانێتی.
* حەز دەکەی بەچ نازناوێک بانگ بکرێت لە کوردستان؟
- ھەر بە دۆلفینەکەی دووکان .
*گرفتت بۆ درووست نابێت کە لە ھەولێر دەژی و ئەم شارەش دەریاچەی لێ نییە؟
- بەلێ بۆمن درووست دەبێت ، بەڵام زۆربەی کات لە ھەفتەیەک دووجار دەچمە دووکان یان دەربەندی رانیە.
* بیستومانە ٧٥مەتر لە ژێر ئاو دەمێنێتەوە ئەم ریکۆردە تەنیا بەناوی تۆیە لە عێراق؟
- ئێستا لە ئاستی تەمەنی خۆم لە ھەموو جیھان تەنیا بەناوی منە.
* ھەوڵی زۆرت داوە ناوت بچێتە پەرتووکی گینس بۆچی تا ئێستا ئەم خەونەت نەھاتۆتە دی؟
-ھەوڵی زۆرم داوە ھەموو ئەو کارێکم کردووە و مافی خۆمە، بەڵام دەبێت حکومەت بە نوسراو پشتگیرم بکات زۆر بە ئاسانی ناوم دەچێتە پەرتووکی گینیش ئەوەش بۆ کوردستان مایەی گەورەییە.
* داواکاریت لەبەرپرسانی وەرزشی؟
- بەھیوای ئەوەم یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی بتوانین کاری گەورە و زەحمەت ئەنجام بدەین و سەری کوردستان بەرز بکەینەوە.
*چی بە منداڵانی کوردستان دەلێ؟
- بەھیوای ئەوەم ھەموو مندالانی کوردستان بێنە ناو وەرزش جا لە ھەر یارییەک بێت بۆ ئەوەی بتوانین ناوی کوردستان بەرز بکەینەوە لە جیھان لە رێگەی وەرزشیەوە.
*کەی دەچیتە ئوسترالیا؟
- بڕیاربوو لەم ھاوینە بچمە ئوسترالیا بەڵام تاکو ئێستا نەچوویمە تەنیا بۆ مەشقکردن دەچم و دەگەرێمەوە کوردستان، ھەرچەندە کەس ھاوکاری نەکردوومە ئەگەر لەرێگەی باوکمەوە ئەم سەفەرە بکەم.
*چیت ماوە لە کۆتایدا؟
- بەھیوای ئەوەم حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاریم بکات بۆ ئەوەی ناوم بچێتە پەرتووکی گینس و بۆ کوردستانیش باشە ، خزمەتی وەرزشکارانیش بکەن و سوپاسی بۆ گۆڤاری گوڵان کە ماندوو بوون بەم شەو ھاتوونە خزمەتی وەرزشکارانی کوردستان بکەن لە داھاتووش ببمە ڕاھێنەرێکی بەتوانا خزمەتی وەرزشکارانی کوردستان بکەم.
Top