پێم باشە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بکرێتەوە
پێم باشە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بکرێتەوە
ئەحمەد شەھاب ئەوە یەکێکە لە یاریزانە ھەرە بەتواناکان لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق ناوبراو خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەی ھەولێر لە ھەردوو خولی عێراق و کوردستان ئەو وەکو باوکی رێچکەی یاری بالەی کردووە باوکی ھۆکار بووە کە روو لە یاری بالە بکات بەھۆی ئەوەی کە ناوبژیوانی نێودەوڵەتیە لە یاری تۆپی بالە ، ئەحمەد لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٧ی شاری ھەولێرو دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە و مامۆستایە لە پەیمانگای وەرزشیی ھەولێر ، ئەمساڵیش رۆڵی کارای بینی لە بەدەستھێنانی نازناوی بالەی کوردستان و عێراق لەگەڵ یانەی ھەولێر ئێمەش بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوولە ژیانی وەرزشی چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەوەیش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری بالەی چۆن دەبینی لە کوردستاندا؟
-ئاستی یاری بالە لە کوردستاندا رۆژ لە دوای رۆژدا دوا دەکەوێت، تاکو ئێستا نەگەیشتۆتە ئاستی ڕاستەقینەی خۆی.
*ئەی لەسەر ئاستی عێراق چۆنی دەبینی کە تۆ لە ھەردوو خول بەشداری؟
-ئاستی عێراق زۆر پێشکەوتووە چونکە لە رووی مادی یانەکان گرنگی زۆر بە خولەکە دەدەن و یاریزانان دەھێنین بۆ ریزی تیپەکانیان و کەمپی مەشقی دەکەنەوە ئەوان زۆر بایەخ بە یاری بالە دەدەن ، ئەمساڵ تەنیا یەک یانەی کوردی بەشداری یارییەکانن بەحکومی ئەوەی ئێمە بێ بەشین لە ھەموو خولێک چ ڕاھێنەری بێت چ خولی ناوبژیوانی بێت ، ھۆکارەکەشی ئەوەیە ئەم خولانە لە شاری بەغداد بەرێوە دەچێت ئێمە ناتوانین ئامادەبین بەھۆکاری ئاسایشەوە.
*بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبکەوێت؟
-من وەکو یاریزانێک پێم باشە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بکرێتەوە جگە لەمەش بایەخ بە یاریزانانی لاو بدرێـ و خول بۆ ڕاھێنەران بکرێتەوە کە ئەم کارانە کرا یاری تۆپی بالە لە کوردستان پێش ە دەکەوێت، ئەگەر ئەمەش نەکرێ رۆژ لە دوای رۆژ یاری بالە لە کوردستان بەرەوو لە ناو دەچێت.
*بیستومانە گرێبەست زۆر بۆھاتووە ،بەڵام یانەی ھەولێرت جێنەھێشتووە بۆچی؟
- ڕاستە چونکە لە یانەی ھەولێر دەستم بە یاری تۆپی بالە کردووە وحەزیش دەکەم لێرە واز لە یاری کردن بێنم، چونکە یانەی ھەولێر بۆمن ھەموو شتێکە خۆشەویستی وەسف ناکرێ.
*ماوەیەکی زۆر یانەی وەرزشیی ھەولێر مووچەکانتان پێ نەدا بوون وەکو یاریزانانی بالە ، ئەم پارەتان وەرگرت کە مافی خۆتان بوو ئێوەش داواتان دەکرد؟
-بەلێ کە خولی عێراق و کوردستانمان بەدەستھێنا دوو مووچەمان وەرگرت ، تا مافی خۆشمان داواکرد ھەر دەلێن نییە نازانم ئێمە مافی خۆمانە وە خۆیان بەلێنیان داوە کە ھەوو مانگ مووچەمان پێ بدەن ، خولی عێراقمان بەدەستھێناوە رێزمان لێ نەنراوە .
*کێشەو گرفتان چیە یاری بالە ؟
-کێشە زۆرە لەوانە کە ئێمە لە شاری نەجەف ھاتووینتەوەماوەیەکی زۆرە مەشقمان نەکردووە لە ماڵەوە دانیشتووین ، نەبوونی ھیچ پاڵپشتێک وای لە ئێمەکردووە کەبێ ئومێد بین ، چونکە یاری بالە ئەگەر بێتو مادی و مەعنەوی پشتگیری نەکرێن پێش ناکەوین.
*بۆچی لە کوردستان ئاستی ئەم یارییە لە بەرەو پاشچووندایە؟
-چونکە سال ١٢ مانگە تەنیا یەک خول دەکرێتەوە ھیچ خولێکی تازەپێگەیشتوان و لاوان نییە چۆن یاری پێشدەکەوێ دواتریش کە خولی کوردستان تەواو دەبێت دەبێ بۆ یەک سال لە ماڵەوە دابنیشیت.
*بەدەستھێنانی نازناوی کوردستان لەگەڵ یانەی ھەولێر بەبێ بوونی توانای دارایی بۆچی دەگەرینێتەوە؟
-دەگەرێتەوە بۆ یەک دەستی ھەموو یاریزانەکان و ڕاھێنەر و یەک روحی خۆشەویستی ھەولێر، چونکە ناوی ھەولێر و خۆشەویستی ھەولێر زۆر گەورە و بە ھیچ شتێک ناتوانرێ باس بکرێ و ھاندەران رۆلی گەورەیان ھەبوو لە پشتگیری کردنی ئێمە .
*ھیواو ئاواتت وەکو یاریزانێک لەم یارییە؟
-دووبارە ببینەوە پاڵەوانی عێراق وەکو ساڵانی پێشوو.
*باشترین ئەنجامەکانت وەکو یاریزان؟
-بوونم بە پاڵەوان لەگەڵ ھەڵبژاردەی پەروەردەی ھەولێر و ببومە باشترین یاریزان لە ئاستی ھەرێم ، لەگەڵ ھەولێر خولی کوردستان و عێراقم بەدەستھێناوە بەشداری خولی عەرەبیم کردووە.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-ئەگەر خوای گەورە تەمەنبدات لە دوای یاری کردن ھەوڵی بەدەستھێنانی بڕوانامەی ڕاھێنەری دەدەم، ئەوەی فێر بوویمە لە ڕاھێنەرانی خۆم منیش بە یاریزانان بدەمەوە بۆ سوود گەیاندن بە یاری بالە.
*پەیامت بۆ بە رپرسانی وەرزشی ؟
-بەھیوای ئەوەم زیاتر خزمەتی وەرزشی کوردستان بکەم بایەخ بەم یارییە بدەن چونکە ھیچی کەمتر نییە لە یارییەکانی تر.
* ئەگەر شتێکت ماوە؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان ئێوە بەردەوام لە خزمەتی وەرزشیی کوردستانن خزمەتەکانتان بۆ ھەموو یاریزانێکە، سوپاسی خانەوادەکەم دەکەم بۆ پشتگیری کردنم،سوپاس بۆ ڕاھێنەران موئەیەدمەغدید ، کاکە جوان، بەسیم عیسا، سەلاح ھادی ، کاپتن سەنگەر و کاپتن تاھیر .
