مێسی لە پاشگەزبوونەوە نزیكە

مێسی لە پاشگەزبوونەوە نزیكە
لە مێژووی تۆپی پێدا، چەندین ئەستێرەی ناوداری جیهانی تۆپی پێ وازیان لە یاری نێودەوڵەتی هێناوە و دواتر بەهەر هۆکارێک بێت گەڕاونەتەوە، تەنانەت هەندێکیشیان سەرەڕای ئەوەی چووبوونە نێو تەمەنەوە، بەڵام هەر هەمان ئاست و بگرە باشتریشیان پێشکەشکرد.

زێنەدین زێدان ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و راهێنەری ئێستای یانەی ریال مەدرید، لە دوای یاریەکانی یۆرۆی 2004 وازی لە یاریکردن هێنا، دواتر ئەو یاریزانە پاشگەزکرایەوە و لە مۆندیالی 2006دا بەشداریکرد و بوونە دووەمی مۆندیال.

رۆد ڤان نیستێلرۆی، گۆڵکارەکەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، دوو جار وازهێنانی راگەیاندووە و پەشیمان بووەتەوە، لە ساڵی 2007 وازیهێنا، دواتر بۆ یۆرۆی 2008 گەڕایەوە،دوای ئەوە ئەمجارەش وازیهێنا بەڵام دوایین وێستگەی لە تەمەنی 35 ساڵیدا کردە یۆرۆی 2012.

ریکاردۆ کارڤالیۆی پۆرتوگالی، لە 2011دا بڕیاری وازهێنانیدا، دواتر لە ساڵی 2014 گەڕایەوە ، ئێستاش بەرگریکارە تەمەن 38 ساڵیەکە لە یاریەکانی یۆرۆدا لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا بەشدارە و هێشتا بڕیاری ئەوەی نەداوە ئاخۆ بەردەوام دەبێت یاخود نا.

شێرەکەی کامیرۆن، ئەوە نازناویەتی ! ساموێل ئیتۆ، لە ساڵی 2013دا بە تەواوی لەهەڵبژاردەی نیشتیمانی وڵاتەکەی دابڕا، بەڵام دواتر لەسەر داوای وەرزی ناوخۆی کامیرۆن ، ئیتۆ رازیکرا جارێکی دیکە درێسە سەوزەکەی کامیرۆن بپۆشێتەوە.

کلود ماکالیلی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی فەرەنسا، دوو جار وازیهێناوە، جارێک لە 2004 و جارێکی دیکەش لە 2008 دا ، هەردوو جاریش زێدان و هاوڕێکانی پەشیمانیانکردووەتەوە.

مارادۆناش یەکێک بووە لەو یاریزانانەی لە یاری نێودەوڵەتییدا وازیهێناوە و دواتر گەڕاوەتەوە، دیێگۆ دوای بەکارهینانی مادەی وزە بەخش ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کرد، بەڵام هاندەرانی ئەوەیان لێ قبوڵ نەکردو ئەو یاریزانەیان جارێکی دیکە لە مۆندیالی 1994 گەڕاندەوە تانگۆ.

لیۆنیل مێسی، لەتەمەنی 29 ساڵییدا وازی لەیاری نێودەوڵەتی هێنا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بەڵام بۆ مێسی نە قسەی هاوڕێکانی، نە قسەی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ وڵاتەکەی و نە قسەی سەرۆکی وڵات، مێسیان لە بڕیارەکەی پاشگەز نەکردووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی باسە لای خەڵک و مێدیاکان ، ئەوەی دەتوانێت مێسی لە بڕیارەکەی پاشگەز بکاتەوە، تەنیا ئانتۆنێلای هاوژینیەتی.



hamataqana
Top