پێویستە ڕاھێنەری کورد کار لەسەر یاریزانانی کورد بکات
ھێدی خان مەجید یاریزانی تۆپی پێی یانەی ئەفرۆدێت
پێویستە ڕاھێنەری کورد کار لەسەر یاریزانانی کورد بکات
لە ئێستادا لە شاری سلێمانی گرنگییەکی زۆر بە یارییەکانی فوتساڵ دەدەن و تیپەکانی ئەم شارەش ڕکابەری بەھێزدەکەن لە خول و پاڵەوانێتیەکان ، یانەی ئەفرۆدێتی تایبەت بە ئافرەتانی سلێمانیش ھەمیشە پیشەنگ بووە لە خزمەتکردنی کچە وەرزشکارانی یانەکەیان ، یەکێک لە یاریزانە ھەر بەتواناکانی یانەکەش کە لە ھەردووخولی فوتساڵ و تۆپی پێی گەوران یاری دەکات کچە یاریزان ھێدی خان مەجیدە ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩١ی شاری سلێمانیە و جگە لە یانەی وەرزشیی ئەفرۆدیت بۆ ھەریەک لە یانەگانی گازی باکور و زێرەڤانیش یاری کردوە لە ھەردوو خولی نایابی فوتساڵی یانەکانی کوردستان و عێراقیش توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات ، ھێدی دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانکۆی سلێمانی ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* ئاستی یاری فوتسال چۆن دەبینی کە ساڵانە خوڵتان بۆ دەکرێتەوە؟
-فوتساڵ بەرەووپێشچووە لەم ساڵانەی دوای ، وە خولەکانیش لە زۆربووندان و کوالێتی خولەکانیش لە بەرزبوونەوەدایە ئەمەش دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرز بێتەوە.
* ئەنجامدانی پاڵەوانێتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-بەدڵنیاییەوە ئەنجامدانی پاڵەوانێتیەکان دەبنە ھۆی بەرەووپێشچوونی ئاستی یاریزانان و گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی ئەم یارییە یاریزانەکان ئەزموونی زیاتی پەیدا دەکەن ئەمەش دەبێـتە ھۆکار بەمەش ئاستیان بەرز دەبێتەوە، نەکردنەوەی پاڵەوانێتی زۆر ھۆکارێکە بۆ گەشەنەکردنی ئاستی ئەم یارییە.
* پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری فوتساڵ ئاستی بەرز بێتەوە؟
-خولی زیاتر بکرێتەوە بەھای ژمارەی خەڵاتەکان بەرز بکرێتەوە راگەیاندنەکانیش بەشداربن لە ھاندانی خێزان و خانەوادەکان بۆ ناردن و ھاندانی کچەکانیان بۆ بەشداری کردن لەم جۆرە یارییەدا.
* گرفتی ئەم یارییە لە چی ڕەنگدەداتەوە؟
-خراپی کوالێتی یاریگاکان ، خراپی ئاستی دادوەران کەمی خولەکان وە قەیرانی دارایی یانەکان کێشەیەکی گەورەیە گرنگی نەدانی میدیاکان بە یاری فوتساڵ وە لە رووی ئاستی نزمی ھۆشیاری خێزان لە ھەمبەر ناردنی وە ھاندانی ئافرەتان لەم یارییەدا ئەمانە گرفتن لەم یارییەدا.
* لەھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەشکراوە؟
-من لەگەڵ یاری فوتساڵ یاری فوتبالیش دەکەم ، بەم ھۆیەشەوە لە چەندین یانە گرێبەستم پێشکەش کراوە بە نموونە یانەکانی زێرەڤانی و گازی باکوور.
* بەرنامەت چیت بۆ داھاتووی خۆت؟
- لەسەر چەند ئاستێک کار بۆ داھاتووی خۆم دەکەم لەسەر ئاستی کەسی ھەوڵ دەدەم ئاستێکی بەرز لەگەڵ ئەو یانانە دا کە یارییان بۆ دەکەم پێشکەش کەم، لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستانیش ھەوڵ دەدەم سەرەنجی یانە بەھێزەکان بۆ خۆم ڕابکێشم.
* لەگەڵ ئەوەی یانەکانی پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر من لەگەڵ ئەوە دانیم یاریزانانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەشداری یارییەکان بێت ، پێویستە ڕاھێنەری کورد کار لەسەر یاریزانانی کورد بکات تابیان گەینێتە ئاستێکی زۆر باش پێویستمان بە یاریزانی دەرەکی نەبێت.
* لە خێزانەکەت بەتەنیا تۆ وەرزشوانی یان کەسانی تریش ھەیە ؟
- من سوپاست دەکەم پرسیارێکی جوانە بۆیە ئەموێت لەم میمبەرەی ئێوە سوپاسی ھاوسەرکەم بکەم زۆر ھاندەرمە بۆ وەرزش کردن خۆشی وەرزشوانێکی باشە لە یاری تۆپی پێدا.
* داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس؟
-داواکارم لە لێژنە ئۆڵۆمپی و لایەنی بەرپرس کە گرنگی زیاتر بە یاری فوتساڵ بدەن لە رووی دابینکردنی بوودجەو گۆڕەپانی باش و خولی ناوبژیوانی.
* چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی ئەفرۆدیت کرد؟
-یانەی ئەفرۆدێت کە یەکێکە لەم یانە ناوازانەی کە گرنگی تایبەت بە یاریزانی ئافرەت دەدات ، یانەیەکی بەھێزیشە بۆیە من پەیوەندیم بەم یانەیەوە کردووە تا ئێستاش بەردەوامم لەگەڵ ئەم یانەیە.
*لە ھەڵبژاردەی عێراق داواکراوی؟
-وەک یاریزانێکی کورد بانگەشتی ھەڵبژاردەی عێراق کراوم بەخۆشحاڵیەوە ئەگەر خولێک بکرێتەوە بۆ ھەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق بکرێتەوە یاری دەکەم.
* خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزان؟
-خەونم یاری کردنە بۆ ھەڵبژاردەی کوردستان و بەرز کردنەوەی ئاڵاکەی لە خولە نێودەوڵەتیەکان.
*بە کام یاریزانی جیھانی و ناوەخۆ سەرسامیت؟
-ھەریەک لە یاریزانان دەیڤد بێکھام ، زێدان، کارلۆس، رۆنالدۆ، رۆنادینھۆ ، میسی ، ئیبراھیمۆڤیچ ، لە ئاستی کچە یاریزانانیش زۆر بە کچە یاریزان دڵسۆز عوبید پاڵەوانی گۆڕەپان و مەیدان.
* ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم لەم خزمەتە بەردەوامەی بە وەرزشکارانی شارەکانی کوردستان دەیکات، زۆر سوپاس دایک و باوک و براو ھاوسەرم دەکەم ، دایکم ھاندەرم بووە ، سوپاسی مامۆستا عەباش فەرەج دەکەم دەستی ماندووبوونی دەکوشم.
فۆتۆ:سانی
