بە چ شێوەیەك بەرازیلییەکان بە نامە گاڵتە بە مێسی دەکەن

بە چ شێوەیەك بەرازیلییەکان بە نامە گاڵتە بە مێسی دەکەن
کاردانەوەی جیهان لەگەڵ بڕیاری وازهێنانی مێسی لە یاری نێودەوڵەتی بەردەوامە و کار گەیشتە ئەوەی بەرازیلییەکان کە بە رکابەری سەرسەختی مێسی و ئەرجەنتین دادەنرێن، داوا لەو یاریزانە بکەن لە بڕیاری وازهێنانەکەی پەشیمان ببێتەوە.

رۆژنامەی لانسی بەرازیلی هاوشێوەی زۆر رۆژنامەی دیکەی جیهان بایەخی بەبوونی هەڵبژاردەی چیلی بە پاڵەوانی کۆپا ئەمێریکا نەداوە و داوای مانەوەی مێسی کردووە.

رۆژنامەکە بە مانشێتێک نووسیویەتی "مێسی بمێنەرەوە" و لەگەڵیدا نامەیەکدا کە هەندێک گاڵتەشی تێدایە، داوای مانەوەی لە مێسی کردووە.

نامەکە بەم شێوەیەیە:

مێسی، ئێمەی بەرازیلی هاوشێوەی ئێوە هەستمان بەو ئازارەکرد کە ئێوارەی یەکشەمە تووشتان بوو، دووری نێوانمان وەلا ئەی ئامۆزا، لەو تەنگژەیەدا لەگەڵتانین، ئەو تۆپە چەند زاڵم بوو کاتێک تۆ لە لێدانەکەدا ئاراستەی گۆڵت کرد و ئەویش بەسەر گۆڵدا رۆیشت.
لەبەرئەوە داوای لێدەکەین لە بڕیاری وازهێنانەکەت پاشگەز ببیتەوە و لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نەڕۆیت، راستە ئێمە لە یارییەکانی کلاسیکۆی نێوانماندا هەندێک گۆڵمان لەلایەن تۆوە لێکراوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ جارێکی دیکە بەشداری مۆندیال بکەیت، درێژە بە گۆڵەکانت بدەیت لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال، هەروەها دەمانەوێ گوێمان لە هاندەرانی ئەرجەنتین بێت بڵێن مارادۆنا لە پێلێ باشترە، دەمانەوێ لە یارییەکی دیکەی کۆتاییدا بەیەک بگەینەوە، هەروەها دەمانەوێ نازناوی شەشەمی مۆندیالمان هاوکات بێت لەگەڵ بڕیاری وازهێنانی یەکجاری تۆدا.



hamataqana
Top