تا ئێستا هیچ هەڵبژاردەیەکی تەواو ئامادەنیە بۆ بردنەوەی نازناوی یۆرۆ
یۆرۆی 2016، هێشتا نەیتوانیوە هەڵبژاردەیەکی لەسەدا سەد ئامادەمان بۆ بردنەوەی نازناوەکە پێشان بدات، لە کاتێکدا ئەستێرەیەکی دیاریشی پێ نەناساندووین.
گەرچی لەسەرەتاوە زۆر باسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکرا بۆ درەوشانەوە و دەرکەوتن لەم پاڵەوانیەتییەدا، بەڵام رۆناڵدۆ وەک یاریزانێکی زۆر ئاسایی دەرکەوتووە و هێندەی رەخنەی لێگیراوە، نیو هێندە پەسند نەکراوە.
پۆگبا و گریزمان کە ئومێدی فەرەنسییەکان بوون لەم یۆرۆیەدا، بۆ درەوشانەوە و ئاستی بەرز شوێنی خۆیان بۆ دیمیتری پایێت چۆڵکردووە کە گۆڵکەر و رزگارکەری هەڵبژاردەکەیە. گەر گریزمان گۆڵێکی بۆ فەرەنسا لە یۆرۆدا تۆمار کردبێت، پۆگبا ئەوەشی نەکردووە.
لە ئەڵمانیا سەرنجی یەکەم لەسەر تۆماس مولەری ئەستێرەیە، ئەو یاریزانە هێندە بێبەختی روویتێکردووە، نیو هێندە ئاستی بەرزی پێشان نەداوە، مولەر لە نێو هوروژمی بە کۆمەڵ دەرکەوتنی ئەڵمانەکاندا تەنیا حەسرەت کێشانی پێبڕاوە و هیچی دی.
ئینگلیزەکان کە چەندین ئەستێرەی گەورە و یاریزانی نایابەوە روویان لە یۆرۆ کردووە، هێشتا سوپەر ستارێکیان پێشکەشنەکردووە، نە ڤاردی، نە کەین و نە روونی هیچ کامیان متمانەی تەواوی ئینگلیزەکانیان بۆ بەدەستهێنانی شتێک لە پاڵەوانیەتییەکەدا بەدەستنەهێناوە.
ئیتاڵیا خۆی وەک هەڵبژاردەیەکی بێ ئەستێرە پێشکەشکردووە و یاریزانەکانیشی بەلایانەوە شانازییە ئەستێرەی یەکەمیان لە بری ئەوان، ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەر بێت کە جێگەی ئومێدی دانیشتوانی وڵاتی ئازۆرییە.
ئیدین هازاری ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی بەلجیکا یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەیە کە پێشبینی درەوشانەوە و ئاستی بەرزی لە پاڵەوانیەتییەکەدا لێدەکرا، بەڵام ئەو شتێکی ئەوتۆی پێشان نەداوە و هەمان شت بۆ کیڤن دی برۆین و ئەستێرەکانی دیکەی هەڵبژاردەکەش هەر راستە.
یۆرۆ لە قۆناخی یەکەمدا پاڵەوانیەتییەکی بێ ئەستێرە دەرکەوت، قۆناخەکانی داهاتوو هەلی ئەوە دەهێڵنەوە یاریزانی یەکلاکەرەوە و بەدەستهێنەری سەرکەوتن ببینین.
