ڕۆناڵدۆ پاساوێک بۆ گۆڵ تۆمار نەکردنەکەی دەهێنێتەوە

ڕۆناڵدۆ پاساوێک بۆ گۆڵ تۆمار نەکردنەکەی دەهێنێتەوە
دوای ئەنجامدانی دوو یاری لە کۆمەڵەکەی خۆیان بەرانبەر هەردوو هەڵبژاردەی ئایسلەندا و هەنگاریا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی سەرکردە و کاپتنی پورتوگال نەیتوانی لە هیچ یارییەکیاندا گۆڵ تۆمار بکات، سوپەرستارەکەی پورتوگال و یانەی شاهانەی ئیسپانی ئەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی دەکرێن، بە لاوە دەنێت بەوەی کە لای ئاساییە ناوی لە لیستی گۆڵکەرەکاندا نەبێت.

دوای مەشقەکانی ئەمڕۆی هەڵبژاردەکەی، ڕۆناڵدۆ لە بارەی بارودۆخی یارییەکانیانەوە بۆ ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی دوا. لە وەڵامی پرسیارەکانی مارکادا کە بۆچی دوای ئەو هەموو هەلی گۆڵ تۆمار کردنە، هیچیانی گۆڵ پێ نەکردووە و سەرباری ئەمانەیش پەناڵتیەکی لە دەست داوە ئایا ئەمە تەنها ئەنجامی بێ بەختی ئەوە لەتەک هەڵبژاردەکەیدا یان هۆکاری تر، ڕۆناڵدۆ وەڵامی ئەم پریسارانەی مارکا دەداتەوە و دەڵێت: “هاوڕێ، خۆیشت دەزانیت ئەمە تۆپی پێیە، کە هەندێ جار هیچ شتێ بە ویستی تۆ ڕوو نادات.” هەر لە بارەی شانسی گۆڵ تۆمار نەکردنەوە، ڕۆناڵدۆ ئەوەی بەبیر ڕۆژنامەکە خستەوە کە ساڵی ۲٠۱٠ لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا بۆ ماوریەکی زۆر بە هەمان دۆخی گۆڵ تۆمار نەکردنا دەڕۆیشت، CR7 وتی: “وابزانم دۆخی ئێستایش هەر وەکوو ئەو ساڵە وایە، وەکوو ئەوەی کە نموونەی کەچەپ/دۆشاوی تەماتەکەم هێنایەوە”
شایەنی باسە لە ساڵی ۲٠۱٠ ڕۆناڵدۆ بۆ ماوەیەکی زۆر لە گەڵ پورتەگالدا نەیدەتوانی گرێی گۆڵ تۆمار کردنی بکاتەوە، ئەو کات لە چاوپێکەوتنێکدا بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت وتبووی کە ئەفسانەیەکی تۆپی پێ پێی وتووە گۆڵ تۆمار کردن وەکوو (کەچەب/دۆشاوی تەماتە) وایە، جاری وا هەیە هەرچەند بیگوشیت و فشاری بخەیتە سەر هیچی لێ نایە، جاری وایش هەیە لە پڕێکدا فیچقە دەکات و بە لێشاو لێی دێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە کۆی دوو یاری لە قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆی فەرەنسای ۲٠۱٦ پورتوگال دوو یەکسانبوونی هەیە و ڕۆناڵدۆیش هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە، یاری سێیەمیشیان بەرانبەر هەنگاریا دەبێت. هەوادارانی کریس لە چاوەڕوانی فیچقە کردنی کەچەپەکەدان و گۆڵی بە لێشاوی ڕۆناڵدۆ لەم پاڵەوانێتیەدا ببینن.





م
Top