گازی باكوور تانە لە بریارەكەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەدات

گازی باكوور تانە لە بریارەكەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەدات
دوای ئەوەی لێژنەی رێككاری بریاری پەسندكردنی نارەزایی یانەی برایەتی لەسەر یانەی گازی باكوور پەسند كرد و ئەمرۆ یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی بریارەكەی پەسند كرد، یانەی گازی باكوور بەفەرمی تانە لە بریارەكەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق كرد.
ئەمرۆ یەكشەممە شاندێكی یانەی گازی باكوور بەرەو شاری بەغداد بەرێكەوتن بەمەبەستی تانەكردن لە بریارەكە و بە پێشكەشكردنی چەند دۆكومێنتێك تایبەت بە دروستی مۆركردنی گرێبەستە لەگەڵ یاریزان (عودی شەهاب) و یەكێك لە دۆكۆمێنتەكان نووسراوی یانەی گارەیە، تایبەت بە رۆژ و كاتی پێدانی دەستبەرداربوونی یاریزانەكەیە بۆ یانەی گازی باكوور.
بە پێی سەرچاوەیەك لە یەكێتی تۆپی پێی عێراقـ تانەی یانەی گازی باكوور قبوولكراوە و بە وردی سەیری تانەكە دەكرێت بۆ ئەوەی مافی یانەی گازی باكوور بەتەواوی جێبەجێبكرێت لەم بابەتە.
جێگەی باسە هەرچەندە یانەی گازی باكوور تانەی لە بریاری یەكێتی تۆپی پێی عێراق كردووە، بەڵام بە پێی سەرچاوەكان رۆژی سێشەممە كۆنگرەی هونەری ئەنجامدەرێت و یانەی برایەتی لە شوێنی گازی باكوور دەنوسرێت، تا بریاری كۆتایی دەدرێت.
رێبین رەمزی
Top