یانەی زێرەڤانی گۆرانكاری لە ستافی مەشق و راهێنانی تیپەكانی دەكات

یانەی زێرەڤانی گۆرانكاری لە ستافی مەشق و راهێنانی تیپەكانی دەكات
ئەمرۆ لە شاری دهۆك بەفەرمی یانەی زێرەڤانی گرێبەستی لەگەڵ سەمیر بابۆ راهێنەری پێشووی یانەی پێشمەرگەی هەولێر مۆركرد بۆ ماوەی یەك وەرز تاوەكو سەرپەرشتی تیپی تۆپی پێی یانەكە لە خولی نایابی كوردستان.
سەمیر بابۆ بەهۆی قەیرانی دارایی لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەردەوام نەبوو، بۆیە رووی لە شاری دهۆك كرد و گرێبەستی لەگەڵ پاڵەوانی سێ وەرزی خولی نایابی كوردستان یانەی زێرەڤانی مۆركرد، پێش مۆركردنی فەرمی گرێبەستەكە، سەمیر بابۆ و دەستەی كارگێری یانەكە لەسەر چەند خاڵێك پێكهاتن، ئەوەیش راهێنەر سەرپشكە لەسەر هێنانی ستافی راهێنەرایەتی و هەروەها دەستنیشانكردنی دەستەی راهێنەرانی خولی لاوان و تازەپێگەیشتووانی یانەكە.
جگە لە راهێنەر سەمیر بابۆ، بەفەرمی یانەی زێرەڤانی گرێبەستی لەگەڵ ستافی راهێنەران مۆركرد بەمشێوەی خوارەوە.
كەیفی عەبدولرەحمان و ئەبو بەكر ئەنوەر (یاریدەدەرانی راهێنەر) و (كاوە ئیبراهیم) راهێنەری گۆڵپارێز.
لە هەمان كاتدا بە رێكەوتنی سەمیر بابۆ و دەستەی كارگێری یانەكە، بەفەرمی (شڤان حاحی) وەكو راهێنەری تیپی لاوان دەستنیشانكرا و (وەحید رەشید) وەكو راهێنەری تیپی تازەپێگەیشتووان دەستنیشانكران.
رێبین رەمزی
Top