پێویستە ھەموو لایەک ئینتمای حزبی و ناحەزایەتی بەلاوە بنێت
مەحمود سەردار یاریزانی نێودەوڵەتی تایکواندۆ
پێویستە ھەموو لایەک ئینتمای حزبی و ناحەزایەتی بەلاوە بنێت
مەحمود سەردار سەلام یەکێک لە یاریزانە ھەر بەتواناکانی یاری تایکواندۆ لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق خاوەنی ژمارەیەکی یەکجار زۆر مەدالیا و پلەکانی یەکەمە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و جیھان ، ناوبراو لەچەندین پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی جیھان بەشداری کردووە و پلەی شایستەی بەدەستھێناوە خاوەنی ملوانکەی زێرو زیو و برۆنزییە لەسەر ئاستی جیھان، بۆ ھەریەک لە یانەکانی ھەولێرو ئاڵا و پێشکەوتن و کەرخ و ئەولاشترمای تورکی و ئێستاش بۆ ماوەی شەشە ساڵە یاریزانی یانەی شورتەی بەغدادە ، ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٨ی شاری ھەولێرە خاوەنی بڕوانامەی ماجستێرە لە بواری کارگێری وەرزشی ئێستا مامۆستایە لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی لە زانکۆی سەلاحەدین، ئێمە لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* چۆن بوو خۆت لە نێو دونیای یاری تایکواندۆ دۆزییەوە؟
-من ھەر لە منداڵیەوە حەزم لە یارییە کوشتارییەکان بوو، وە ئەو کت بەتایبەتی فیلمە یابانیەکان و چینیەکان زۆر باو بوو منیش خولیای زۆرم بۆیان ھەبوو، ماڵمان لە یاریگای ھەولێر زۆر نزیک بوو لە ساڵی ١٩٩٩دەستم بەیاری تایکواندۆ کرد و لەلایەن ڕاھێنەر حوسێن عەبدول رەحمان ھاتمە نێو ئەم یارییە.
* ئاستی یاری تایکواندۆ چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-لەڕاستیدا ئاستی یاری تایکواندۆ لە کوردستان باشە، بەڵام بەداخەوە نەبوونی پاڵەوانێتیی ھۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی ئاستی.
* ھەست ناکەی ئاستی ئەم یارییە وەکو پێویست نییە بەھۆی کەمی کردنەوەی پاڵەوانێتیی؟
-بەلێ بێگومان کەمی پاڵەوانیەتی ھۆکارە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ لاوازی لایەنی دارایی ، چونکە بەڕاستی نابێت تەنیا پشت بە حکومەت ببەسترێا بۆ کردنەوەی پاڵەوانێتی پێویستە رێکەوتن و ھەماھەنگی بکرێت و سپۆنسەری کۆمپانیاکان بکرێت ، جگە لەوەش گرفت و ناحەزیانە ھەیە لە نێوان ڕاھێنەرەکان و یەکێتیەکانی تایکواندۆ ئەوانە ھەمووی ھۆکارە.
* بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت ،باشە بۆ باشتربوونی رەوشی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان؟
-پێویستە ھەموو لایەک ئینتمای حزبی و ناحەزایەتی بەلاوە بنێت و کار بکات بۆ پێشکەوتنی یاری تایکواندۆ بە زووترین کات یاسایەک لەلایەن پەرلەمانەوە دابنرێت کە کۆمپانیاکان ناچار بکرێن سپۆنسەری وەرزش بەتایبەتی یارییە تاکەکان بکەن، لە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە وەرزش حکومەت ئەو بڕە پارەی کە کۆمپانیاکان دەدەن بە چاڵاکیەکانوەرزشیەکان یان یاریزانەکان بە ناوی سپۆنەسری لە باجی ساڵانەی کەم دەکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم سیستەمە نییە لە وڵاتی ئێمە کە سوود بە وەرزشکاران دەگەینێ.
* گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی وەکو یاریزانێک؟
-نەبوونی ڕاھێنەری ئەکادیمی و زیرەک چونکە یاریزانی باش درووست دەبێت لە کوردستان ، بەڵام تا دەگاتە ئاستێک زیاتر پێشناکەوێت ئەمەش پێویستە ڕاھێنەرەکانمان زیاتر بەشداری لە کۆرسی ڕاھێنەری بکەن، بەڵام بەداخەوە ھەتا ئێستا ئەو کۆرسانەی ئەنجام دراوە زیاتر بۆ ڕاگەیاندن و پارە کۆکردنەوە بووە وە زیاتر بایەخی بە لایەنی جەستەیی و تەکنیکی داوە نەک لایەتی تیوری و تەکتیکی.
* بەرنامەت چیە بۆ داھاتووی خۆت؟
-ئەمساڵ بەشداریم لە ٣ پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی کردوە لە وڵاتی ئەڵمانیا و فەرەنسا و تورکیا توانیم لە فەرەنسا پلەی یەکەم و لە ئەڵمانیا لە جامی جیھانی پلەی نۆیەم بەدەست بھێنم، پەنا بەخوا لە مانگی داھاتوو بەشداری لە پاڵەوانێتی فەلەستینی کراوە کە بۆ کلاسی G١وە پاشان بەشداری لە پاڵەوانێتی روسیای کراوە دەکەم.
* خەونی وەرزشیت چیە لە ژیانی یاریزانیت؟
-خەونی وەرزشیم بەشداری کردنە لە یارییەکانی ئۆلۆمپیاتە، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی بەشداربم لە ئۆلۆمپیاتی ٢٠١٦لە ریو لە بەرازیل ئەمەش بەھۆی کەمی بەشدارییە نێودەوڵەتیەکانە چونکە چەند زیاتر بەشدار بیت و خاڵ زیاتر کۆ دەکەیتەوە ھەڵی بەشداری کردنت زیاتر دەبێت، بەڵام دەتوانم بلێم کە نیوەی خەونەکانم ھاتەدی کە توانیم وەکو تاکە یاریزانی کورد لە ئاستی کوڕان بەشداری پاڵەوانێتی جیھان و جامی جیھانم کرد وەک یاریزان خاوەنی زۆرترین نازناوی نێودەوڵەتیم لە مێژووی کوردستان.
* دەلێن بۆ بەشداری کردنت لە پاڵەوانیتیەکانی دەرەوە لەسەر گیرفانی خۆتان و سپۆنسەر دەچن ڕاستە؟
-بەلێ ڕاستە دووجار بۆ جامی جیھان خۆشبەختانە کە کۆمپانیای ئەل وەتەنی بووە سپۆنسەرم ھەموو خەرجییەکانمی لە ئەستۆ گرت من سوپاسیان دەکەم بە ڕاستی نموونەیەکی زۆر جوان بوو.
* بەھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی کوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتیکی نێودەوڵەتی بکات ؟
-بە ھیوای ئەوەم بەڵام سەرەتا کوردستان پێویستە ببێتە دەوڵەت ئینجا دەتوانێت ببێتە ئەندام لە یەکێتی تایکواندۆی جیھان ئێستا یەکێتی تایکواندۆی جیھان دانی بە ئۆتۆنۆمی کوردستان داناوە چونکە ڕاستەوخۆ نامە لەلایەن سەرۆکی یەکێتیەکەوە دکتۆر جۆ نێردراوە بۆ مامۆستا حوسێن کە ھەموو کات پشتگیری تایکواندۆی کوردستان دەکەن.
* خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتن بۆ وەرزش کردن؟
-بێگومان ئەوان ھۆکاری سەرکەوتنەکانی منن ھەموو کات پشتگیرم دەکەن.
* ھیچ یانەیەک داوای گرێبەستی لێ نەکردوویت؟
-ئێستا یاریزانی یانەی شورتەی بەغدام لە ساڵی ٢٠١٠تا ئێستا بۆ ئەوان یاری دەکەم، لەساڵی ٢٠٠٩گرێبەستم لەگەڵ یانەی ئولاشتری مای تورکیا کرد لە شاری ئەنقەرا یەکەم یاریزانی پیشەگەری تایکواندۆم لە مێژووی کوردستان کە ئەوکاتە بەشداریم کرد لە پاڵەوانیەتی یانەکانی تورکیا و لەگەڵ یانەکەم توانیم پلەی سێ یەم بەدەست بھێنم.
*پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چیە؟
-ھیوادارم بەیەک چاو سەیری ھەموو یارییەکان بکەن، چونکە بەڕاستی بە یارییە تاکەکان زیاتر دەتوانرێا مەدالیا و نازناو بەدەست بھێنرێت بۆ کوردستان ، چونکە وەرزش تەنیا تۆپی پێی نییە.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم کە بەردەوامە لە بەسەرکردنەوەی یاریزانانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی بەھیوای ئەوەم وەرزشی کوردستان لەم قەیرانە دەربچێت.
