ھاوکار لەتیف بەلێنی بەکەس نەداوە
ھاوکار لەتیف یاریزانی یانەی نەورۆز و ھەڵبژاردەی کوردستان کە ھەفتەیر ِابردوو لە ئەبغازیا لە وڵاتی روسیا بەشداری لە یارییەکانی کۆنیفا کرد بۆ ھەرێمەکان، ھاوکار وەرزی ئەمساڵ توانی ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەی نەورۆز پێشکەش بکات و بۆیە زۆربەی تیپەکانی تری کوردستان چاویان لەسەر ئەم یاریزانەیە بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ واژوو بکەن، بەڵام ھاوکار بەلێنی بەکەس نەداوە، لە بارەی مانەوە و رۆیشتنی لە یانەی نەورۆزیش ھاوکار لەتیف بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" ئەوەی ڕاستی بێت چەندین گرێبەستم بۆ ھاتووە لەلایەن یانەکانی تری کوردستان بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێ خولەکانی کوردستان یاری بۆ تیپەکانیان بکەم، بەڵام من حەز ناکەم ئێستا ناوی ھیچ تیپێک دیاری بکەم، بۆیە جارێک چاوەڕوانی ئەوەم بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەی نەورۆز دابیشنم بۆ گفت و گۆکردنم لەسەر چارەنووسی خۆم، بۆیە جارێک سەیر دەکەم ئەگەرگەیشتمە رێکەوتن ئەوکاتە بەردەوام دەبم لەگەڵ یانەی نەورۆز و ئەگەریش نەگەیشتمە رێکەوتن ئەوکات قسەیەکی لێ دەکەین، بەڵام تاکو ئێستا من ھەر یاریزانی یانەی نەورۆزم و بەلێنم بەھیچ یانەیەک نەداوە بۆ یاری کردن.
کارزان کانەبی
