ھیوادارین سیاسەت تێکەڵی وەرزش نەکەین
نوھا کرمانج گۆڵپارێزی یانەی ئەفرۆدێت
ھیوادارین سیاسەت تێکەڵی وەرزش نەکەین
تیپی فوتساڵی یانەی ئافرۆدێت یەکێک لەم تیپانەی کە ساڵانە چەندین کچە یاریزانی بەتوانا دروست دەکات لەسەر ئاستی شاری سلێمانی و گرنگی تەواو بە یارییەکانی فوستاڵ دەدات بۆ ئەوەی کچانی تیپەکە کێبرکێ بکەن لەسەر بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە لە ھەردوو خولی نایابی فوتساڵی کچانی کوردستان و عێراق، نوھا کرمانج لەدایک بووی ساڵی ٢٠٠١ی شاری سلێمانیە و گۆڵپارێزی یانەی وەرزشیی ئەفرۆدیتە لە خولی نایابی فوتساڵی یانەکانی کوردستان توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* ئاستی یاری فوتسال چۆن دەبینی کە ساڵانە خوڵتان بۆ دەکرێتەوە؟
- دەتوانم بلێم یاری فوتساڵی کچان بەرەوپێشوەچوونی بەخۆیەوە بینیووە ، جگە لەم یارییە یارییەکانی تریش لە سەر ئاستی کچان بە شێوەیەکی بەرچاو بە پێشکەوتووە.
* ئەنجامدانی پاڵەوانێتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
- بێگومان ئەنجامنەدانی پاڵەوانێتی ساڵانە بۆ یاری فوتساڵ بە تایبەت بۆ کچان دەبێتە ھۆی ئەوەی کە یاریزانان ھەست بە بێزاری بکات و ھەمو ئەو ھەوڵ و مەشقانەی ئەنجامی داوە بە فیرۆ بڕوات بەمەش ئەم یارییە ئاستی بەرەوو کەم بوونەوە بچێت و دابەزێت نەگاتە ئاستی ڕاستەقینەی خۆی.
* پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری فوتسال ئاستی بەرز بێتەوە؟
- بۆ بەرەووپێشچوونی ئەم یارییە دەبێت ساڵانە زیاتر لە خولێک بکرێتەوە ، چونکە یارییەکانی فوتساڵ ھیچ گرفتێکی نییە لە چاو وەرزشیەکانی تر، جگە لەمەش گرنگی بەتواناکانی کچە یاریزانانی تمەن بچووک بدرێت و ئەگەر توانای دارایی باش ھەبێت قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بکرێتەوە ئەمەش دەبێتە ھۆکار بۆ پێشکەوتنی ئاستی کچانی کوردستان.
* گرفتی یارییەکانی فوتسال لە چی دەبینی؟
- ھیچ گرفتێک نابینم لەم یارییە و خولەکانی ساڵا،ە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و جیاوازی نەکردن بەرێوە دەچێت.
* لەھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکراوە؟
- نەخێر ھیچ یانەیەک داوای لێ نەکردومە جگە لە یانەی ئەفرۆدێت نەبێت.
* بەنیازی چیت بۆ داھاتووی خۆت؟
- لە ئێستادا تەنیا ئامانجم ئەوەیە زیاتر پەرە بە ئاستی وەرزشی خۆم بدەم، بە یارمەتی ڕاھێنەرەکەم مامۆستا عەباس فەرەج ھەوڵی زیاتر دەدەم بۆ بەدەستھێنانی نازناوی تر لە داھاتوودا کە ھەموو کات یارمەتیدەرێکی باشی کچە یاریزانانی یانەی ئەفرۆدیتە.
* لەگەڵ ئەوەی یانەکانی پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
- بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نیم یانەکان پشت بە یاریزانانی بیانی ببەستن، چونکە ئەو گرێبەستەی یانەکان لەگەڵ یاریزانی بیانی ئەنجامی دەدات ، دەتوانێت لەگەڵ یاریزانی شارەکەی خۆی ئەنججامی بدات و سوودی زیاتر لە توانایان ببینی ئاستێکی باشتریش پێشکەش دەکەن بۆ شارەکەیان و یانەکەیان.
* لە خێزانەکەت بەتەنیا تۆ وەرزشوانی یان کەسانی تریش ھەیە ؟
-ئێمە خێزانێکی وەرزشوانین و وەرزشمان خۆشدەوێ جگە لەمن برایە گەورەکەشم وەرزشوانن.
* داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس؟
- داوکارم لەلایەنی بەرپرس ھیچ جیاوازیەک نەکەن لە نێوان یاریزانانی کوڕو کچ ، چۆن گرنگی بە یاریزانانی کوڕ دەدەن بەھەمان شێوەش گرنگی بە کچە وەرزشکاران بدەن ، چونکە ئێمەش وەکو ئەوان مەشق دەکەین و ماندوو دەبین و توانیومانە ئەنجامێکی باش بەدەست بێنین لەسەر ئاستی خولی فوتساڵی کچانی کوردستان، ھیوادارین سیاسەت تێکەڵی وەرزش نەکەین یاریزانان باجی سیاسەت نەدات.
* چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی ئەفرۆدیت کرد؟
-من لەر ێگەی خولی فوتساڵی قوتابخانەکان چوومە ریزی یانەی ئەفرۆدێت ئەمیش لە رێگەی ڕاھێنەرەکەمان مامۆستا عەباس کە بەھرەی منی دۆزییەوە و ئاسودەشم لەم یانەیە.
* خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزان؟
- خەونی من وەک یاریزانێک ئەوەیە کە رۆژێک لە کوردستان بەشداری پاڵەوانێتیەک بکەین بە سەر بەخۆی نەک بە ناوی ھەڵبژاردەی عێراق.
*لە ھەڵبژاردەی عێراق داواکراوی؟
-نەخێر داوانەکراوم چونکە ماوەی ھاتنە نێو ژیانی وەرزشیم کەمە، بەڵام ھیواخوازم لە داھاتوودا بە شایستەیی و بە ئاستی خۆم بگەمە ریزی ھەڵبژاردەی عێراق.
* ھیواو ئاواتت لەم یارییە؟
- ئەواتم ئەوەیە لەم یارییە رۆژێک بتوانم ببمە باشترین گۆڵپارێز لەسەر ئاستی کچانی کوردستان و عێراق.
*بە کام یاریزانی جیھانی و ناوەخۆ سەرسامیت؟
- لە ئاستی کوڕان بە رۆنالدۆی پورتوگالی و لە کچانیش بە گۆڵپارێزی ئەمریکی سۆلۆ بەھیوای ئەوەم بگەمە ئاستی.
* ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- لێرەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی خیزانەکەم و یاریزانەکانی ھاورێم و ڕاھێنەرەکەم بکەم ئەوان بەردەوام ھانم دەدەن بۆ بەرەووپێشچوونی ئاستم، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست بۆ بەسەرکردنەوەی سەرجەمی یاریزانان بەبێ جیاوازی.
