پێشمەرگە ورگواردیۆلا لێکتر جیا نابنەوە

پێشمەرگە ورگواردیۆلا لێکتر جیا نابنەوە
پێشمەرگە ورگواردیۆلا لێکتر جیا نابنەوە
لەگەڵ ئەوەی ماوەی دوو وەرزە سەمیر بابۆ ناسراوە بە گواردێلاکەی کوردستان سەرپەرشتی مەشقی یانەی وەرزشیی پێشمەرگەی ھەولێر دەکات لە یارییەکانی خولی نایابی یانەکانی کوردستان، ئەمساڵیش جیاواز لە ساڵی ڕابردوو سەمیر ھەر لە سەرەتاوە پلانێکی تۆکمەی بۆ تیپەکە دانابوو تا دواین ھەفتەکانی کۆتایی خولەکە کێبرکێ بەدەستھێنانی نازناوی خولەکەی دەکرد، دواتر پلەی دووەمی ریزبەندی یانەکانی بەدەستھێنا، لەگەڵ تەواو بوونی یارییەکانی خولەکەش چەند یانەیەک چاودێری سەمیر بابۆیان کردوە بۆ ئەوەی بگوازنەوە ریزی یانەکانیان بەڵام بابۆ لە مەشقدانەوەی تیپەکەی بەردەوام دەبێت، لەم بارەشەوە سەمیر بابۆ ڕاھێنەری یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند گوتی" بەلێ چەند گرێبەستم بۆ ھاتووە لەلایەن یانەکانی تری شارەکانی کوردستان، بەڵام من تاکو ئێستا ھیچ وەلامێکی ئەوانم نەداوەتەوە چونکە پەیوەستم بەم گرێبەستەی کە لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی ھەولێر ھەمە بۆ ماوەی چوار ساڵە ئێستاش زووە بۆ ئەوەی من ھیچ بڕیارێک بدەم لەسەر چارەنووسی خۆم، بۆیە لە ماوەی داھاتوو لەگەڵ بەرپرسانی یانەی پێشمەرگەی ھەولێر کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بکەین، ئەمساڵیش توانیمان ئاستێکی باش لە خولی نایابی کوردستان پێشکەش بکەین و تا دواین ھەفتە لە ململانێ بین لەگەڵ تیپەکانی تر، پەنابەخوای گەورە بەردەوامیش دەبم لە مەشقدانەوەی یانەی پێشمەرگە چونکە پێشمەرگە ھەموو کات ماڵی من بووە و ھەستم نەکردوە لەم یانەیە میوانم چونکە کارگێڕانی یانەکە زۆر لەگەڵمان باشن بۆیە ئێمەش حەز بە خزمەتی زیاتری یانەکە دەکەین.
کارزان کانەبی
Top