کلای خاوەنی خێراترین لێدانە لە جیهاندا

کلای خاوەنی خێراترین لێدانە لە جیهاندا
کلای لە خێزانێکی هەژار کە بەبنەچە ئەفریقی بوون و بەدەست رەگەزپەرستییەوە دەیانناڵاند لە ساڵی 1942 لەدایکبووبوو.

کلای ناوی راستەقینەی خۆی کاسیۆس مارسیلۆس کلای جۆنیۆر بوو و دوای موسوڵمان بوونی 1964 ناوی بە محەمەد عەلی کلای گۆڕی.

کلای لە شەست و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا بووە ئەفسانەی بۆکسێنی جیهان کاتێک سێ جار نازناوی بۆکسێنی لە کێشی قورسدا بەدەستهێنا.

محەمەد عەلی کلای ساڵی 1999 بە وەرزشوانی سەدە دەستنیشانکرا و ئەو خاوەنی خێراترین لێدانە لە جیهاندا کە خێراییەکەی گەیشتە 900 کیلۆمەتر لە یەک کاژێردا.

کلای لە باسی خۆیدا دەڵێ من ئەو بۆکسێنەرەم کە وەک پەپوولە دەفڕێت و وەک هەنگ پێوە دەدات.

ئەستێرەی کلای لە ئاسمانی وەرزش ساڵی 1964 گەشایەوە کاتێک توانی لە سۆنی لیستۆنی پاڵەوانی ئەو کاتی جیهان بباتەوە و ئەو ساڵەی ئەو دەستکەوتەی تێدا بەدەستهێنا، کلای تەمەنی تەنیا 22 ساڵ بوو.

ساڵی 1970 کلای بردنەوەیەکی دیکەی مەزنی بەدەستهێنا کاتێک لە جۆ فریزێری بردەوە و بەر لەو یارییە ئەو دوو بۆکسێنەرە هیچ کامیان تامی دۆڕانیان نەکردبوو، یارییەکە ناونرا یاری سەدە و کلای سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا.

لە کۆنگۆی دیموکراتی لە ساڵی 1974دا کلای لە رێگەی بردنەوە لە فۆرمان سەکۆی بۆکسێنی جیهانی گرت و چوار دوای ئەوە بۆکسێنەر ئەمریکییەکە بووە یەکەم بۆکسێنەر لە مێژوودا سێ جار نازناوی بۆکسێنی کێشی قورس بەدەست بهێنێت.

کلای لە شەڕی ئەمریکادا لە ڤێتنام رازی نەبوو پەیوەندی بە سوپای ئەمریکاوە بکات و رایگەیاند ئەو باوەڕی بەو شەڕە نییە، ئەوە وایکرد یەکێک لە نازناوە جیهانییەکانی لێوەربگیرێتەوە.

ساڵی 1981 محەمەد عەلی کلای لە تەمەنی 39 ساڵیدا بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا و ئەوکات 61 یاری ئەنجامدابوو کە لە 56یاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو کە 37 بردنەوەیان بە لێدانی کوشندە بوو.

ماوەیەکی کەم دوای وازهێنانی لە یاریکردن، کلای تووشی ئیفیلجی لەرزین بوو و تا ساتی مردنیشی چاک نەبووەوە.

کلای لە ژیانیدا 4 جار ژنی هێناوە و حەوت کچ و دوو کوڕی هەیە و دیارترین منداڵەکانی ناوی لەیلایە کە ئەویش هاوشێوەی باوکی بووەتە بۆکسێنەر.




م
Top