مۆگۆرۆزا سوپرایزێكی گەورەی تەقاندەوە

مۆگۆرۆزا سوپرایزێكی گەورەی تەقاندەوە
لە ئەنجامێكی چاوەڕواننەكراو و لە سوپرازێكی گەورەدا، گاربین مۆگۆرۆزای كچە یاریزانی ئیسپانی نازناوی پاڵەوانیەتیی تێنسی رۆلاند گارۆسی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە لە سێرینا ویلیامزی یەكەمی ریزبەندیی جیهانی بردەوە.

لە یاریی كۆتایی رۆلاند گارۆسدا گاربین مۆگۆرۆزا ناوی خۆی لە لیستی پاڵەواناندا بۆ یەكەمجار نووسییەوە، دوای ئەوەی لە سێرینای بەهێزی بردەوە و بۆ یەكەمجار لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا نازناوی رۆلاند گارۆس و یەكێك لە نازناوە گەورەكانی تێنسی بردەوە.

مۆگۆرۆزا لە یارییەكەدا، كە دوێنێ ئێوارە بەڕێوەچوو، ئاستێكی بەرزی پێشكەشكرد و یارییەكەی بە ئەنجامی 2-0 كۆمەڵە بردەوە، كە ئەنجامی كۆمەڵەكان 7-5 و 6-4 بوو.
ئەمە یەكەم نازناوی گراند سلامە بۆ مۆگۆرۆزا و پێشبینیی دەكرێت ئەم كچە یاریزانە داهاتوویەكی گەشی هەبێت لە یاریگەكانی تێنسدا، هاوكان تۆڵەی خۆی لە سێرینا كردەوە، كە یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتیی وێمبڵدۆنی ساڵی رابردووی پێ دۆڕاند.

هەر بە بۆنەی بردنەوەی نازناوەكەش، كۆشكی پاشایەتیی ئیسپانیا پیرۆزبایی تایبەتیان ئاراستەی مۆگۆرۆزا كرد و لە توویتیكدا سەركەوتنەكەیان بە گەورە وەسفكرد.



م
Top