هه‌موو شتێك له‌باره‌ی كۆپا ئه‌مریكای 2016
بۆچی له دوای ساڵێك جارێكی دیكه كۆپا ئه‌مریكا؟
دوای ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوو پاڵه‌وانیه‌تی كۆپا ئه‌مریكا له وڵاتی چیلی به‌ڕێوه‌چوو كه تیایدا هه‌ڵبژارده‌ی چیلی له هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتینی برده‌وه، به‌پێی یاساكانی فیدراسیۆنی كۆنمیبۆڵ كه پاڵه‌وانیه‌تییه ئه‌مریكییه لاتینییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات، ده‌بێ 4 ساڵ جارێك ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه به‌ڕێوه‌بچێ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ یادی سه‌د ساڵه‌ی پاڵه‌وانیه‌تی كۆپا ئه‌مریكایه و ساڵی 1916 بوو كه یه‌كه‌م پاڵه‌وانیه‌تی كۆپا ئه‌مریكا له ئه‌رجه‌نتین به‌ڕێوه‌چوو كه هه‌ڵبژارده‌ی ئۆرۆگوای جامه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌مه ئه‌و هۆكاره بوو كه كۆنمیبۆڵ بڕیار بده‌ن پاڵه‌وانیه‌تی كۆپا ئه‌مریكا ئه‌مجاره له دوای ساڵێك بێت و وه‌ك ئاهه‌نگێكیش بێت بۆ یادی 100 ساڵه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه و بۆ یه‌كه‌مجاریشه كۆپا ئه‌مریكا له ده‌ره‌وه‌ی كیشوه‌ری لاتین به‌ڕێوه‌بچێ و یاریگه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا باوه‌ش بۆ ركابه‌رییه‌كانی ده‌كاته‌وه.
بۆچی ئه‌مریكا به میواندار هه‌ڵبژێردرا؟
مانگی شوباتی ساڵی 2012 بوو، كه ئه‌لفرێدۆ هاویتی سه‌رۆكی كۆنكاكاف رایگه‌یاند له ساڵی 2016دا پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی كۆپا ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێ، راشیگه‌یاند پاڵه‌وانیه‌تی ئه‌مجاره ده‌بێ وه‌ك ئاهه‌نگێكی تایبه‌ت لێی بڕواندرێ و به گرنگی زۆری له رووی ئاماده‌كارییه‌وه پێبدرێ، بۆ ئه‌مه‌ش بڕیاریانداوه كه پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه ببه‌نه ده‌ره‌وه‌ی كیشوه‌ری لاتین، له سه‌روبه‌ندی ئه‌مه‌دا وڵاته‌كانی مه‌كسیك و ئه‌مریكا ئاماده‌ییان بۆ باوه‌شكردنه‌وه بۆ یارییه‌كانی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه ده‌ربڕی، دواتر بڕیاریاندا كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا وه‌ك میواندار هه‌ڵبژێرن و بۆ ئه‌مه‌ش هۆكاری تایبه‌ت هه‌بوون:
1 ـ به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاریگه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان زیاتر ئاماده‌بوون.
2 ـ به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه كه له ده‌ره‌وه‌ی كیشوه‌ری لاتین ده‌كرێ، پێویسته وڵاتێك هه‌ڵبژێرن كه خه‌ڵكه‌كه‌ی له رووی سایكۆلۆژییه‌وه باش بن، له‌مه‌شدا ئه‌مریكا باڵاده‌ستی هه‌بوو.
3 ـ له رووی دارایی بازاڕكردنه‌وه باروودۆخی ئه‌مریكا له مه‌كسیك باشتر بوو .
یاريگه‌كانی ئه‌مریكا
بۆ پاڵه‌وانیه‌تی ئه‌مجاره ئه‌مریكا 24 یاریگه‌ی به‌ربژێر كرد كه له كۆتاییدا بڕیاریان له‌سه‌ر 10 یاریگه‌دا و كه ئه‌و یاریگه‌یانه خۆشترین مه‌یدانه‌كانی ئه‌مریكان، كه یارییه وه‌رزشییه‌كانی وه‌ك تۆپی پێی ئه‌مریكی و به‌یسبۆڵ و تۆپی پێی تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێ، هه‌ر یاریگه‌یه‌ك له شارێكه و زۆربه‌ی شاره‌كانیش له ولایه‌تی كالیفۆرنیان .
ئه‌مه سێ گرنگترین یاریگه‌كانی ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌ن:
1 ـ یاریگه‌ی رۆس بۆوڵ له ناوچه‌ی پاسادێنا له شاری لۆس ئه‌نجلێسی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا، ئه‌مه گه‌وره‌ترین یاریگه‌یه كه میوانداری پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه ده‌كات و كورسی یاریگه‌كه 92 هه‌زار و 542 دانه‌یه.
2 ـ یاریگه‌ی لێڤی كه ده‌كه‌وێته شاری سانتا كلارای ویلایه‌تی كالیفۆرنیا و ژماره‌ی كورسییه‌كانی 68 هه‌زار كورسییه. یاری یه‌كه‌م و كردنه‌وه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه له‌نێوان هه‌ڵبژارده‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و كۆڵۆمبیای له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌درێ.
3 ـ یاری كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ش له یاریگه‌ی مێت لایف له نیویۆرك به‌ڕێوه‌ده‌چێ، كه دووه‌م گه‌وره‌ترین یاریگه‌ی ئه‌مریكایه و 82.566 هانده‌ر ده‌گرێ.
پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی ساردوسڕ و بێ ئه‌ستێره!
وه‌ك چۆن بڵێی شتێك كه زۆر بوو بۆر ده‌بێت، جیاوازییه‌كی زۆر له‌نێوان ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه و ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوودا هه‌یه، ئه‌وه‌ی پار هه‌مووان 4 ساڵ بوو چاوه‌ڕێی بوون و وه‌ك پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی گه‌وره و كیشوه‌ری لێیان ده‌ڕوانی، به‌ڵام ئه‌مساڵ ساردوسڕییه‌كی زۆر به رووخساری ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌وه دیاره ئه‌مه‌ش هۆكارگه‌لێكی زۆری له دواوه‌یه، گرنگترین هۆكاره‌كانیش له‌م خاڵانه‌دا كۆده‌كه‌ینه‌وه:
1 ـ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه له هه‌مان كاتی پاڵه‌وانیه‌تی یۆرۆی 2016 كه زۆربه‌ی چاوه‌كان ده‌ڕفێنێ.
2 ـ ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه دوو مانگ به‌ر له ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی ئۆڵۆمپیاد ده‌كرێ، زۆربه‌ی ئه‌ستێره‌كانی وه‌ك نه‌یمار دا سیلڤا و پاوڵۆ دیبالا له‌گه‌ڵ له هه‌ڵبژارده‌كانیان به‌شداری له ئۆڵۆمپیاددا ده‌كه‌ن.
3 ـ ژماره‌ی هه‌ڵبژارده‌كان ئه‌مجاره بۆ 16 هه‌ڵبژارده به‌رزكراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش ماوه به هه‌ڵبژارده ئاست مامناوه‌نده‌كان ده‌دات كه به‌شداربن له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا.
4 ـ پێكانی ئه‌ستێره‌كانی وه‌ك لویس سوارێز كه پێناچێ به‌شداری له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا بكات و لیۆنێل مێسیش به‌هه‌مان هۆكار ره‌نگه یاوه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌ی نه‌كات له سه‌ره‌تای پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌وه.
5 ـ دابه‌زینی ئاستی ئه‌ستێره‌كانی هه‌ڵبژارده‌كانی دیكه‌ی وه‌ك چیلی، كۆڵۆمبیا، ئۆرۆگوای و ئیكوادۆر، له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه‌ی چه‌ند یاریزانێكی به‌توانای وه‌ك رادامێل فالكاو له كۆڵۆمبیا و نه‌مانی ناوی دیێگۆ فۆرلان له ئۆرۆگوای.
6 ـ براوه‌ی ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه راسته‌وخۆ به‌شداری له پاڵه‌وانیه‌تی جامی كیشوه‌ره‌كان ناكات، چونكه ساڵی رابردوو چیلی بووه پاڵه‌وان و مافى ئه‌وه‌ی به‌شداری بكات، ئه‌مه‌ش تا رادده‌یه‌ك ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ململانێی نێوان هه‌ڵبژارده‌كان.
7 ـ به‌و پێیه‌ی كه زۆربه‌ی دانیشتوانی جیهان وا راهاتوون یارییه‌كان به كاتی ئه‌وروپا ببینن، كه زۆربه‌ی جار ده‌كه‌وێته شه‌و و نیوه‌شه‌وه‌وه، به‌ڵام یارییه‌كانی ئه‌مجاره‌ی كۆپا به‌و پێیه‌ی له ئه‌مریكایه زۆربه‌ی كات ده‌كه‌وێته به‌ره‌به‌یانه‌وه، ئه‌مه‌ش ژماره‌ی بینه‌رانی ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه كه‌م ده‌كاته‌وه، بینه‌ر 4 ساڵ جارێك ده‌كرێ به دیاری یارییه‌كانه‌وه تا به‌ره‌به‌یان دابنیشێ، به‌ڵام نه‌ك دوو ساڵ له‌سه‌ریه‌ك.
بۆ یه‌كه‌مجار 16 هه‌ڵبژارده به‌شداری ده‌كه‌ن
ئه‌مه جاری یه‌كه‌مه ژماره‌ی هه‌ڵبژارده به‌شداربووه‌كانی ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه بگاته 16 هه‌ڵبژارده، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی 10 هه‌ڵبژارده‌ی فیدراسیۆنی كۆنمیبۆڵ به‌شداری راسته‌وخۆیان ده‌بێت و 6 هه‌ڵبژارده‌ی دیكه‌ش له ئه‌مریكای باكووره‌وه به‌شدارن.
ئه‌و 10 هه‌ڵبژارده‌یه بریتین له (چیلی، ئه‌رجه‌نتین، ئۆرۆگوای، به‌رازیل، ڤه‌نزویلا، كۆڵۆمبیا، پیرۆ، بۆلیڤیا، پاراگوای و ئیكوادۆر).
6 هه‌ڵبژارده‌ی دیكه‌ش به‌شداری تێداده‌كه‌ن: (ئه‌مریكا وه‌ك میواندار، مه‌كسیك راسته‌وخۆ سه‌ركه‌وتووه، كۆستاریكا وه‌ك پاڵه‌وانی كۆپا سێنتێر ئه‌مریكای 2014، جامایكا وه‌ك پاڵه‌وانی جامی كاریبی 2014، هایتی به پاڵاوتن گه‌یشتووه‌ته ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه و په‌نه‌ماش به‌هه‌مانشێوه به پاڵاوتن گه‌یشتووه‌ته ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه).
ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌كه‌ی چۆن ده‌بێ؟
یاریگه‌ی لیڤی له شاری سانتا كلارای ویلایه‌تی كالیفۆرنیا به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه 4/6/2016، كاژێر 3، ئاهه‌نگه‌كه به ئاماده‌بوونی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری جیهان له‌خۆده‌گرێ، سه‌ره‌تا به چه‌ند گۆرانییه‌كی خۆسێ پالڤنی گۆرانیبێژی كۆڵۆمبی ده‌ست به ئاهه‌نگه‌كه ده‌كرێ، دواتر جه‌یسۆن دیرۆلۆی گۆرانیبێژی ئه‌مریكی به هاوكاری تیپی مۆسیقای ماجیكی كه‌نه‌دی ئاهه‌نگه‌كه درێژه‌پێده‌ده‌ن.
جامه‌كه
جامه‌كه‌ى كۆپا ئه‌مریكا له زیو دروستكراوه‌و له‌سه‌ر پێگه‌یه‌كی له‌داردروستكراو دانراوه. ساڵی 1917 له فرۆشگایه‌كی زێڕ و زیۆ له بۆینس ئایرسی پایته‌ختى ئه‌رجه‌نتین كڕاوه. درێژییه‌كه‌ی 75 سانتیمه‌تره و به‌رزییه‌كه‌یشی 30 سانتیمه‌تره‌و كێشی 9 كیلۆگرامه. ئه‌و كاته‌ى كڕاوه نرخه‌كه‌ی ته‌نیا 3 هه‌زرا فره‌نك بووه.
مێژوو و زانیاری
* یه‌كه‌م پاڵه‌وانیه‌تی له ساڵی 1916 له ئه‌رجه‌نتین ئه‌نجامدرا، به به‌شداری ته‌نیا 4 هه‌ڵبژارده، كه بریتی بوون له ئه‌رجه‌نتین، به‌رازیل، ئۆرۆگوای و چیلی.
* هه‌ڵبژارده‌ی ئۆرۆگوای زۆرترین نازناوی كۆپا ئه‌مریكای بردووه‌ته‌وه، كه بریتییه له 15 نازناو. دوای ئه‌ویش ئه‌رجه‌نتین به 14 نازناو و به‌رازیلیش به 8 نازناو.
* ته‌نیا هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین توانیویه‌تى 3 جار به‌سه‌ریه‌كه‌وه نازناوه‌كه‌ی بباته‌وه، له ساڵانی 1945 و 1946 و 1947.
* گه‌وره‌ترین ئه‌نجامی یارییه‌ك له ساڵی 1942 بوو، كه هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین به 12 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له هه‌ڵبژارده‌ی ئیكوادۆری برده‌وه.
* هه‌ردوو هێرشبه‌ر، نۆربێردۆ میندێزی ئه‌رجه‌نتینی و زیزینهۆی به‌رازیلی به هاوبه‌شی و به تۆماركردنی 17 گۆڵ، گۆڵكاری مێژوویی ئه‌و پاڵه‌وانیه‌تییه‌ن.
* زۆرترین گۆلأ له پاڵه‌وانیه‌تی ساڵی 2007 تۆماركراوه، كه له ڤه‌نزویلا ئه‌نجامدراو هه‌ڵبژارده‌ى به‌رازیل نازناوه‌كه‌ی برده‌وه‌و رۆبینیۆی ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلیش به تۆماركردنى 6 گۆڵ نازناوی گۆڵكاری پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ى برده‌وه.
* هه‌ریه‌ك له یاریزانان، جایر رۆسای به‌رازیلی و هۆمبێرتۆی ماشیۆی ئه‌رجه‌نتینی و خافێر ئیمبرۆیسی ئۆرۆگوانی، زۆرترین گۆڵیان له یه‌ك پاڵه‌وانیه‌تیدا تۆماركردووه، كه 9 گۆلأ بووه.
* ئیڤاریستۆی یاریزانى به‌رازیلی، له یه‌ك یاریدا 5 گۆڵی تۆماركرد. ئه‌ویش له یاری به‌رازیل و كۆلۆمبیا بوو له ساڵى 1957، كه له‌و یارییه‌دا به‌رازیل به 9 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر براوه بوو.
* سێرجیۆ لیڤنگستۆنی گۆڵپارێزی چیلی به‌شداری له 6 پاڵه‌وانیه‌تی كۆپا ئه‌مریكادا كردووه‌و 34 یاری ئه‌نجامداوه، كه زۆرترین یارییه یاریزانێك له‌و پاڵه‌وانیه‌تییه‌دا ئه‌نجامی دابێت.
م
