تەواوی زانیارییەكان لەسەر هەرێمی پادانیا بزانە
هەڵبژاردەی پادانیا لە ساڵی نۆهەتەكان چەندین یاری دۆستانەی لە ناوچە جیاوازەكان ئەنجام دەدا، بەڵام ئەم هەڵبژاردەیە كۆنەكرایەوە تا ساڵی 2008، كاتێك بەشداری لە پاڵەوانێتی هەرێمەكان (ڤیڤا)كرد.
هەڵبژاردەی پادانیا یەكێكە لە هەڵبژاردە بەهێزەكان لە كۆی پێنج پاڵەوانێتی ڤیڤا توانی سێ جار نازناوەكە بباتەوە و دوو جاریش بەشداری نەكردووە و هەروەها لە ساڵی 2014 بەشداری لە یەكەمین پاڵەوانێتی كۆنیفای كرد و پلەی پێنجەمی بە دەستهێنا و لە ساڵی 2015 توانی یەكەمین پاڵەوانێتی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا بۆ هەرێمە بێ وڵاتەكان بە دەستبهێنێت.
ئینۆك بالۆتێلی برای یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئەی سی میلان ماریۆ بالۆتێلی، یەكێك بوو لە یاریزانە دیارەكانی ئەم هەڵبژاردەیە، بەڵام بەشێوەیەكی سەیر لەم پاڵەوانێتیە بانگهێشت نەكرا.
هەڵبژاردەی پادانیا خاوەنی ریزبەندی یەكەمی پۆلینی هەرێمەكان لەسەر ئاستی كۆنیفا، بەڵام لەم پاڵەوانێتیە بەپێی چاودێران ئاستی وەكو پێویست نییە، لە یەكەم یاری خۆی بەرانبەر باكووری قوبرس تووشی دۆران هات بە ئەنجامی (2-1)گۆڵ، بەڵام لە یاری دووەم بەرانبەر هەرێمی ریتیا ئاست لاواز توانی بە شەش گۆڵی خاوێن یارییەكە بباتەوە و پلەی دووەمی كۆمەڵەكە بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
رێبین رەمزی


