من ھەموو کات وتوومە من کوڕی ئەم شارەم
من ھەموو کات وتوومە من کوڕی ئەم شارەم
وەلید عەرەب یاریزانی کوردی ریزی ھەڵبژاردەی بالەی نیشتمانی عێراقییە ئەوە یەکێکە لە یاریزانە ھەرە بەتواناکان لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق ناوبراو خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکانی ھەولێر وشورتە و پێشمەرگەی سلێمانی و ھەڵبژاردەی عێراق یاری کردوە و وماوەیەکیشە گەڕاوەتەوە ریزی یانەی ھەولێرتوانی ئاستی تیپەکە بگەرێنەوە قۆناغەکانی پێشوو ، وەلید لە دایک بووی ساڵی ١٩٨١ی شاری ھەولێرە وخاوەنی بڕوانامەی ماجستێرە لە پەروەردەی وەرزشی ئێستاش قوتابی دکتۆرایە لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی سەلاحەدین ئێمەش بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوولە ژیانی وەرزشی چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەوەیش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری بالەی چۆن دەبینی لە کوردستاندا؟
- ئاستی یاری تۆپی بالە بە شێوەیەکی مام ناوەند دەبینم لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.
*ئەی لەسەر ئاستی عێراق چۆنی دەبینی؟
-لەسەر عێراقیش بە شێوەی باشتر دەبینم چونکە ماوەی خولەکان زۆر و ژمارەی یاریزانانی پیشەگەری زیاترە.
*بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبکەوێت؟
-ماوەی خولەکان درێژ بکرێتەوە ڕاھێنەری بیانی بھێنن بۆ یانەکان بۆ پێگەیشتنی یاریزانە تازە پێگەیشتووەکان ، جگە لەمەش خولی فێرکردن بکرێتەوە ئەمانە دەبێتە ھۆکار بۆ باشتر بوونی ئاستی یاری تۆپی بالە.
*بۆچی لە ناو ئەو ھەموو یانە کوردییە بەتایبەت شارەکەی خۆت لە یانەیەکی عێراقی یاریت دەکرد؟
-من ھەموو کات وتوومە من کوڕی ئەم شارە لەم شارەش فێری تۆپی بالە بوومە بۆمنیش شانازییە کە لە شاری ھەولێر یاری بکەم.
* ئامانجی چوونت بۆ بەغداو سلێمانی تەنیا بۆ پارە بوو یان بۆ ھۆکاری تر بوو؟
- چوونی من بۆ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و شورتەی بەغداد لەبەر چەند ھۆکارێک بوو ئەوانیش یانەی پێشمەرگە و شورتە لەسەر ئاستی تۆپی بالە لە یانەکەی خۆم واتە ھەولێر باشتر بوون یاریزانی پیشەگەریشیان ھەبوو و ھەموو سالێک لە خولی بژاردەی عێراق یارییان دەکرد و ئێمەش سەرندەکەوتین بۆ خولی بژاردە بۆیە چوومە ئەم دوو یانانە کە گرنگی زیاتریان دەدا بە تۆپی بالە بۆمن کاتێکی خۆش بوو لەگەڵ ئەم تیپانە یاری بکەم و بسەلمێنم کە یانەی ھەولێر فێرگەیەکی باشە بۆ درووست کردنی یاریزان کە من وەک ھەولێریەک جێگام ھەبێت لە ھەموو یانەیەک بە ئاستێکی باش باری بکەم ئەوەش خۆی شانازییە بۆ یانەی ھەولێر کە یاریزانەکانی لە ھەموو یانەیەک دەتوانن یاری بکەن و رۆلی کاریگەرییان ھەبێت.
*کێشەو گرفتان چیە یاری بالە لە چی دەبینیت؟
- کێشە تەنیا ئەوەیە یانەی ھەولێر پشت بە یاریزانانی خۆی دەبەستێت و یاریزانانی پیشەگەر ناھێنێت بۆیە ناتوانین لە خولی بژاردە ڕکابەری بکەین ئەوەش لەبەر قەیرانی داراییە.
*بۆچی لە کوردستان ئاستی ئەم یارییە لە بەرەوو پاشدایە؟
- چونکە وەکو پێیوست گرنگی نادرێت بەم یارییە نەبوونی ڕاھێنەری زۆربەتوانا کەمی یاریزان و زۆری یانە لە کوردستان ئەمانە ھەمووی ھۆکارن.
*چی پاڵی پێوە نایت بڕیاری گەڕانەوەت دا بۆ یانەی ھەولێر؟
-من خۆم ھەموو کات ھەستم بەوە کردوە لە یانەی ھەولێرم و ماڵی دووەمی منە یانەی ھەولێر داوام لێ کرا ئەمساڵ بۆ ھەولێر یاری بکەم منیش بەخۆشحاڵیەوە قبولم کرد چونکە من کە رۆیشتووم وتم ھەر کات پێویستان بەمن بوو من ئامادەم بگەرێمەوە بۆ خزمەت کردنی یانەکەم.
* لە یانەی ھەولێر بە بێ پارە و گرێبەست بوونە پاڵەوانی کوردستان و یەکەمی عێراقیشن ئێستا ئاسودەی؟
-زۆر ئاسوودەم دوای چەندین ساڵ توانیمان دوو نازناو بەدەست بھێنین لەیەک کاتدا.
*ھیواو ئاواتت وەکو یاریزانێک لەم یارییە؟
- سوپاس بۆخوای گەورە بە ھەموو ئاواتەکانم گەیشتووم لە وەرزشدا و ئێستاش تەنیا خۆشکردنی دڵی جەماوەرە خۆشەویستەکانە.
*دەستەی کارگێری یانەکە ھاوکاری بەردەومتان دەکەن؟
-ئەوەی لەتواناییان بووبێت بۆمان جێ بەجێ یان کردووە.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-تا ئێستا ھیچ بەرنامەیەکم نییە لەبەر ئەوەی خەریکی خوێندنی دکتۆراکەم کەتەواوو بوو بەرنامەم دەبێت ئینشاللا.
*چی بە رپرسانی وەرزشی دەلێ؟
-زۆر وترا ھیچیان نەکرد ئیستاش ھیچ قسەیەکم نییە بۆیان.
*لە ھەڵبژاردەی عێراق دژایەتیت ناکرێ وەکو یاریزانی کورد؟
-نەخێر کەسیش ناتوانێت دژایەتیم بکات لەبەر ئەوەی بە ئاستی خۆم لە ھەڵبژاردەی عێراقم.
*ھەوڵت نەداوە قوتابخانەیەکی پیگەیاندنی یاریزانان بکەیتەوە؟
-لە دوای تەواو کردنی خوێندنەکەم بە نیازی ئەوەم قوتابخانەیەک بکەمەوە.
*لە کۆتایدا ئەگەر شتێکت ماوە؟
- زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم ھیوادارم گرنگی بە یاری تۆپی بالە بدرێت و گرینگی بە ھۆڵەکان بدرێت چونکە تا ئێستا یانەی ھەولێر ھۆلێکی باشی نییە ھۆڵی ھەولێر خراپترین ھۆلە لە ھەموو کوردستان ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر یاریزانان.
فۆتۆ: ئومێد ئیبراھیم
