ئەنجامی یارییەكانی دووەمین پاڵەوانێتی كۆنیفای 2016 لە هەرێمی ئەبخازیا
لە كۆمەڵەی دووەم، هەڵبژاردەی نیشتمانی كوردستان ئەنجامێكی گەورەی بە دەستهێنا و توانی بە ئەنجامی (3-0) گۆڵ لە هەڵبژاردەی سیزكلاند بباتەوە، گۆڵەكانی هەڵبژاردەی كوردستان لە رێگەی یاریزانان فەرهەنگ وریا و فەرحان شكور و هونەر ئەحمەد تۆمار كرا، بەم ئەنجامە هەڵبژاردەی كوردستان لە پێشەنگی كۆمەڵەكەی دێت بە كۆكردنەوەی 3 خاڵ.
لە كۆمەڵەی سێیەم، هەڵبژاردەی قوبرسی باكوور ئەنجامێكی سەرنج راكێشی بە دەستهێنا و توانی بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ لە هەڵبژاردەی پادانیا بباتەوە.
لەمباریەوە بەرێوەبەری هەڵبژاردەی پادانیا ئەرتۆرۆ میرلۆ سەبارەت بە دۆرانی تیپەكەی گوتی: ئەنجامەكە چاوەروانەكراو بووە، چونكە ئێمە پاڵەوانی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا-ین 2015، بەڵام بەم دۆرانە كۆتایی جیهان نییە، چونكە رۆژی دووشەممە یارییەكی گرنگمان هەیە بۆ بردنەوە و سەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو یاری دەكەین.
لە كۆمەڵەی چوارمدا هەڵبژاردەی ساپمی سەركەوتنێكی گەورەی بە دەستهێنا و بە ئەنجامی (5-0)گۆڵ لە هەڵبژاردەی سومیلاند-ی بردەوە.
هەڵبژاردەی ساپمی یەكێكە لە هەڵبژاردەكان پالێوراوەكان بۆ ركابەریكردن لەسەر نازناوی ئەم پاڵەوانێتیە، لەمباریەوە راهێنەری هەڵبژاردەی ساپمی مۆرتین پیدرسۆن دەڵێت: بۆ یارییەكەی ئەمرۆ بە چەند پلانێك یاریمان كرد و توانیمان رێژێكی زۆری گڵ تۆمار بكەین و بەشێوازێكی جوان.
لەبارەی دۆرانی تیپەكەی یاریزانی هەڵبژاردەی سومیلاند گۆلید ئادین گوتی: ئەمە یەكەم یارییە كە یاریزانەكان بەیەكەوە یاری دەكەن و هەروەها كاتێك ئەنجامەكە (1-0)بوو، گۆڵپارێزی سەركیمان تووشی پێكان هات گۆڵپارێزی یەدەگ ئاستی وەكو پێویست نەبوو و هەروەها گەشتكەمان دووردرێژ بۆ هەرێمی ئەبخازیا و یاریزانەكان لە نێو یاریگا ماندوبوونیان پێو دیار بوو.
لە كۆمەڵەی یەكەمدا هەڵبژاردەی ئەبخازیا توانی ئەنجامی گەورە تۆمار بكات و بە ئەنجامی (9-0) گۆڵ لە هەڵبژارەی دوورگەكانی جاكۆس بباتەوە، بەم ئەنجامە هەڵبژاردەی ئەبخازیا زەنگێكی مەترسیداری بۆ هەڵبژاردەكانی تری لێدا، كە چاوی لە نازناوی پاڵەوانێتیەكەیە.
خشتەی یارییەكانی دووەمین رۆژی پاڵەوانێتیەكە بەمشێوەیە:
پادانیا - ریتیا
پانجاب - ساپمی
سیزكلاند - كۆریای یەكگرتوو
دوورگەكانی جاكوس - ئەرمینیای رۆژئاوا
جێگەی باسە لە هەر كۆمەڵێك دوو هەڵبژاردە سەردەكەوێت بۆ قۆناغی هەشتەمی پاڵەوانێتیەكە.
رێبین رەمزی
