سێ یانە ركابەری لەسەر تاكە بلیتی سەركەوتن بۆ خولی نایابی كوردستان لە وەرزی داهاتوو دەكەن
لە شاری سلێمانی یانەی سیروانی نوێ بەفەرمی سەركەوت بۆ خولی پلە نایابەكانی كوردستان بۆ وەرزی داهاتوو هەرچەندە لە نێو یاریگەی خۆی بەرانبەر یانەی كۆیە تووشی دۆران هات بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ، لە یارییەكی تردا یانەی گازی باكوور هیوای سەركەوتنی بۆ گەرایەوە دوای ئەوەی لە نێو یاریگەی خۆی سەركەوتنێكی گرنگی بە دەستهێنا و بە ئەنجامی (2-0) گۆڵ لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بردەوە.
دوای ئەم دوو ئەنجامە ریزبەندی خولەكە بەمشێوەیە:
1- سیروانی نوێ 9 خاڵ
2- گازی باكوور 7 خاڵ
3- كۆیە 7 خاڵ
4- پێشمەرگەی سلێمانی 5 خاڵ
خشتەی یارییەكانی دوا هەفتەی یارییەكانی چوار گۆشەی زێرین بەمێشوەیە:
رۆژی شەممە (28/5/2016)
كۆیە - گازی باكوور یاریگەی یانەی بروسك (بە بێ ئامادەبوونی جەماوەر).
پێشمەرگەی سلێمانی - سیروانی نوێ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی.
دوای هەردوو ئەنجام یانەی سیروانی نوێ بەفەرمی بلیتی یەكەمی سەركەوتن بۆ خولی نایاب لە وەرزی داهاتوو بۆ خۆی مسۆگەر كرد، هەر سێ یانەی گازی باكوور و پێشمەرگەی سلێمانی و كۆیە لەسەر بلیتی دووەم ركابەری دەكەن و چانسی هەر یانەیەك بۆ سەركەوتن بەمێشوەیە.
1- گازی باكوور
- ئەگەر لە دواین یاری خۆی بەرانبەر كۆیە سەركەوتنی بە دەستهێنا ئەوە راستەوخۆ سەردەكەوێت بە بێ گرنگیدان بە ئەنجامی یارییەكەی تر.
- ئەگەر لە دواین یاری خۆی بەرانبەر یانەی كۆیە یەكسانبوو، ئەوە چاوەروانی دۆران یاخود یەكسانبوونی پێشمەرگەی سلێمانی بەرانبەر یانەی سیروانی نوێ دەكات بۆ ئەوەی بلیتی دووەم بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
- ئەگەر لە دواین یاری خۆی بەرانبەر یانەی كۆیە یەكسانبوو، دەبێت پێشمەرگەی سلێمانی سەركەوتن بەكەمتر لە 4 گۆڵ لە سیروانی نوێ بباتەوە، ئەوەجا گازی باكوور بلیتی دووەم بۆ خۆی مسۆگەر دەكات.
2- یانەی كۆیە
- لە دواین یاری خۆیدا یانەی كۆیە پێویستی بە بردنەوە هەیە تەنیا بۆ ئەوەی سەركەوێت بۆ خولی پلە نایابەكانی كوردستان لە وەرزی داهاتوو، بەیەكسانبوون و دۆران ماڵئاوایی لە ركابەرەیكردن لەسەر بلیتی سەركەوتن دەكات.
3- یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
- یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە دواین یاری خۆی تەنیا پێویستی بە بردنەوە هەیە بە جیاوازی 4 گۆڵ و بەمەرج سەردەكەوێت، كە هەردوو یانەی كۆیە و گازی باكوور یەكسانبن، ئەو كاتە بلیتی دووەمی سەركەوتن لە بەرژەوەندی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەبێت.
جێگەی باسە بە پێی سیستەمی خولەكانی كوردستان ئەگەر دوو یانە بە خاڵ وەكو یەك بن، ئەوە سەیری یاری راستەوخۆی نێوان هەردوو یانە دەكرێت ئەگەر لەوەیش یەكسانبوون ئەوە سەیری جیاوازی گۆڵ دەكرێت ئەگەر یەكسانبوون ئەوە سەیری گۆڵی زیاتر دەكرێت، ئەگەر سێ یانە بە خاڵ وەكو یەك بوون، ئەوە سەیری جیاوازی گۆڵەكان دەكرێت.
رێبین رەمزی
