ئوسامە رەشید خولی پورتوگالی جێهێشت

ئوسامە رەشید خولی پورتوگالی جێهێشت
ئوسامە رەشید تەمەن 23 ساڵ خەڵكی شاری كەركووك و یاریزانی یانەی ڤارینسی پورتوگاڵی و هەڵبژاردەی عێراقە و لە هێڵی ناوەراست یاری دەكات، لەم وەرزە ئوسامە رەشید لە ریزی یانەی ڤارینسی، كە لە خولی پلە یەكی پورتوگاڵی یاری دەكات ئاستێكی نموونەیی پێشكەش كرد و توانی لە كۆی 45 یاری لە خولی پلە دوو و جامی پورتوگاڵ و یارییە دۆستانەكان هەشت گۆڵی تۆماركرد و هەشت گۆڵی بۆ تیپەكەی دروست كرد، كە هۆكاری سەرەكی بوو یانەكەی لەم وەرزە لە خولی پلە یەك بمینێتەوە.
لەگەڵ تەواوبوونی وەرزی ئەمساڵی خولی پلە یەكی پورتوگال-ی، یانەی ڤارینسی گرێبەستێكی نوێی پێشكەشی ئوسامە رەشید كرد بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتووش بەردەوام بێت، بەڵام ئوسامە رەتیكردەوە گرێبەستەكەی نوێبكاتەوە، بۆیە گەرایەوە هۆڵەندە و چاوەروان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوو یاریزان ئوسامە رەشید دوارۆژی خۆی ئاشكرا بكات، كە لە چ یانەیەكی ئەوروپی یاری دەكات.
جێگەی باسە ئوسامە رەشید لە ریزی هەڵبژاردەی لاوان و تازەپێگەیشتووانی هۆڵەندە یاری كرد پاشان بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەكەمی عێراق كرا و بەشداری لە جامی نەتەوەكانی ئاسیا-ی كرد، كە هەڵبژاردەی عێراق پلەی چوارەمی بە دەستهێنا.
رێبین رەمزی
Top