یاریزانێكی كورد رەتدەكاتەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بكات
دوای پێشكەشكردنی ئاستێكی نایاب لەگەڵ یانە سویدیەكە، دەستەی راهێنەران بەسەرپەرشتی رازی شنێشل بەفەرمی پەیوەندی بە یاریزان بروا نوری كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2018 لە رووسیا بكات، بەڵام یاریزانی نابراو بەفەرمی رەتدیكردەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بكات بە بێ ئەوەی هیچ روونكردنەوەیەك لەسەر ئەم بابەتە بكات.
بروا نوری لە ریزی هەڵبژاردەكانی تازەپێگەیشتووان و لاوان سوید یاری كردووە دوای ئەوەی لەم وەرزە ئاستێكی نایابی پێشكەش كردووە، بۆیە بە پێی سەرچاوەكان رەنگە لە ئایندەیەكی نزیكدا بروا نوری هەڵی یاریكردنی بۆ هەڵبژاردەی سوید بۆ برخسێت، بۆیە بیرۆكەی یاریكردن بۆ هەڵبژاردەی عێراق رەتكردەوە تاوەكو چانسی یاریكردنی بۆ هەڵبژاردەی سوید لە دەستنەدات.
بروا نوری لە ئەكادیمیای ئەیك سۆلنا سویدی پێگەیشت، كە چاوەروانی دوارۆژێكی گەشی لێدەكرا بە پێی رۆژنامەكانی سوید، بەڵام بەهۆی چەند كێشەیەكی تایبەت بە خودی یاریزانەكە نەگەیشتە ئاواتەكەی تا سێ وەرز پێش ئێستا كاتێك پەیوەندی بە یانەی ئۆسترسۆندی سویدی كرد و توانی ئاستێكی سەرنج راكێش لەگەڵ یانەكە پێشكەش بكات و لە وەرزی رابردوو توانی یانەكەی لە خولی پلە یەكی سودی سەربخات بۆ خولی نایاب و لەم وەرزە لە كۆی 10 یاری ئاستێكی نایابی پێشكەش كردووە و یانەی ئۆسترسۆند لە پلەی هەشتەمی خولی نایابی سوید دێت بە كۆكردنەوەی 15 خاڵ بە جیاوازی 7 خاڵ لەگەڵ پێشەنگی خولەكە.
رێبین رەمزی
