گۆرانكارییەكانی یاسای تۆپی پێی تایبەت بە یاریگا و كات و یاریزان
رۆژی دووشەممە باسی چەند گۆرانكارییەكی تایبەت لە یاساكانی چۆنیەتی جێبەجێكردنی لێدانی سزا و هەروەها چۆنێەتی بەرێوەچووی لێدانی یەكلاكەرەوەی سزامان كرد، ئەمرۆش باسی گۆرانكارییەكان یاخود هەمواركردنەوەی یاساكانی یاریگا و یاریزان و ناوبژیوان و كاتی یاری دەكەین، كە بەمشێوەیە.
1- یاریگا
- دەبێت یاریگای تۆپی پێی بەتەواوی لە چیمەنی سرووشتی بێت و بەهیچ شێوەیەك رێگە نادرێت لەسەر چیمەنی دەستكرد یاری بكریت، بەڵام رێگە دەدرێت یاری لەسەر چیمەنی تێكەڵاوی دەستكرد و سرووشتی بێت.
- دەبێت ریكلامەكان لە دووری یەك مەتر لە هێڵی یاریگا بن.
- رێگە دەدرێت لۆگۆی یانەكان یاخود یەكێتیە وەرزشیەكان لەسەر ئاڵای لێدانی كۆرنەر هەبێت، بەڵام نابێت لۆگۆی كۆمپانیا یاخود بازرگاری لەسەر ئاڵایەكان هەبێت.
2- یاریزان
- ئەگەر هاتوو یاریزانێكی یەدەگ یاخود دەركراو لە یاریگا یاخود راهێنەر یاخود كارگێری تیپ راستەوخۆ هاتە نێو یاریگا و تۆپی دوورخستەوە، ئەوە ناوبژیوان دەبێت لە شوێنی هاتنەژوورەكە یاخود راگرتنی یارییەكە فاولی راستەوخۆ یان لێدانی سزا هەژمار بكات.
- ئەگەر هاتوو هەر شتێك یان كەسێك جگە لە یاریزان لەشی بە تۆپ كەوت لە كاتی چوونە گۆڵكردن، ئەوە ناوبژیوان دەتوانێت گۆڵەكە هەژمار بكات ئەگەر تۆپەكە هێڵی گۆڵی پەراند بە بێ دوورخستنەوەی لە لایەن یاریزانانی تیپی بەرانبەر.
- ئەگەر هاتوو تۆپ چووە نێو گۆڵ لە رێگەی كەسێكی زیادكراو، ئەوە ناوبژیوان گۆڵەكە هەژمار دەكات و یارییەكە بەشێوەیی سرووشتی خۆی تەواو دەكرێت.
3- كەل و پەلی یاریزانان
- هەر شتێك لەسەر گۆرەوی یاخود جل و بەرگری یاریزان ببەسترێت دەبێت، هەمان رەنگی درێسەكە بێت بە پێچەوانەوە رێگە نادرێت لە نێو یاریگا بوونی هەبێت.
- لە كاتی بەرێوەچوونی یاری، ئەگەر یاریزان تاكە پپێلاوەیەك یاخود كسارە لە دەست بدات، ئەوە دەتوانێت لە یاریكردن بەردەوام بێت تا یارییەكە دەوستێت.
- رێگە نادرێت بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی ئەلیكترۆنی لەگەڵ یاریزانە یەدەگەكان هەبێت یاخود لە نێو شوێنی یەدەگەكان رێگە نادرێت هیچ شتێكی ئەلیكترۆنی بوونی هەبێت.
- ئەگەر یاریزان پێلاوی گۆری یاخود هەر شتێك بگۆرێت، دەتوانێت راستەوخۆ بێتەوە نێو یاریگا بە بێ رەزامەندی وەرگرتن لە ناوبژیوانی یارییەكە بەمەرجێك ناوبژیوانی چوارەم یانیش ناوبژیوانی یارییەكە سەیری پێداویستیەكان بكات و لە تەواوی پێداویستیەكان دڵنیابێتەوە.
- دەبێت یاریزان لە كاتی یاریكردن سترێژی هەمان رەنگی شورتەكە لەبەر بكات، بە پێچەوانەوە رێگە نادرێت بەشداری لە یاریكردن بكات.
4- ناوبژیوان
- ناوبێت ناوبژیوان لە بریاری پاشگەز بێتەوە، ئەگەر یارییەكە دەستی پێكردووە یاخود یاریگای جێهێشت لە كاتی تەواوبوونی گێمی یەكەم یان گێمی دووەم.
- ئەگەر هاتوو یاریزانێك چەند هەڵەیەكی یەك لە دوای یەكی ئەنجامدا، ئەوە ناوبژیوان سزای یاریزانەكە دەدات، لەسەر كامە هەڵەی كوشندە، بەمشێوەیە:
أ- سزای كارگێری (كارتی سوور یان زەرد... هتد)
ب- لێدانی راستەوخۆ كە زۆر كاریگەرتر بێت لە لێدانی ناراستەوخۆ.
ج- ئەگەر یاریزان هەڵەی جەستەیی بكات زۆر كاریگەرترە لە هەڵەی یاریزان، كە بە دەست دەگیرێت، بۆیە ناوبژیوان سزای یاریزان دەدات لەسەر هەڵەی جەستەیی كوشندە.
د- فاوڵی تەكتیكی.
- ناوبژیوان مافی هەیە یاریزان بە كارتی سوور دەووربخاتەوە پێش دەستپێكردنی یارییەكە، لە كاتی سەیركردنی لیستی یاریزانان تا قۆناغی دەست پێكردنی یارییەكە، ئەمەش لە سێ برگە خۆی دەگرێتەوە:
أ- ئەگەر یاریزان بە كارتی سوور دوورخرایەوە پێش پێشكەشكردنی لیستی یاریزانان، ئەوە یاریزانەكە بە تەواوی دوور دەخرێتەوە و رێگە نادرێت هیچ یاریزانێك شوێنی بگرێتەوە.
ب- ئەگەر هاتوو یاریزان بە كارتی سوور دوورخرایەوە دوای پێشكەشكردنی لیستی یاریزانەكان، ئەوە یاریزانەكە بە تەواوی دوور دەخرێتەوە، بەڵام دەتواندرێت یاریزانێكی تر شوێنی بگرێتەوە.
ج- ئەگەر هاتوو یاریزانێك دوای دەست پێكردنی یارییەكە بە كارتی سوور دوورخرایەوە، ئەوە رێگە نادرێت ئەم یاریزانە لە لیستەكە بگۆردرێت.
- ئەگەر یاریزانی تیپی (أ) تووشی پێكان هات و ناوبژیوان كارتی زەرد یاخود سووری دا یاریزانی تیپی (ب)، ئەوە یاریزانی پێكراوە مافی هەیە لە نێو یاریگا چارەسەر بكرێت و بەشێوەیەكی خێرا بە بێ ئەوەی یاریگا جێبەهێڵێت.
5- كاتی یاری
- بە پێی یاسای نوێی ناوبژیوان مافی هەیە لە كاتی یاری بۆ چەند جارێك یارییەكە رابگرێت بۆ ئەوەی یاریزانەكان پشوو وەربگرن بەمەبەستی ئاوخواردنەوە بە تایبەتی لە كەش و هەوایەكی گەرم دا، لە بەرانبەردا ناوبژیوان پاساوی هەیە ئەم كاتە بخاتە سەر كاتی زیادكراو.
6- دەستپێكی یاری
- لە دەستپێكی یاری یاریزانەكان دەتوانن تۆپ بۆ هەر شوێنێكی یاریگا بجولێنن، مەرج نییە تەنیا بۆ پێشەوە بجولێت.
رۆژی سێشەممە دواین بەشی گۆرانكارییەكانی یاسای تۆپی پێی بڵاو دەكەینەوە.
رێبین رەمزی
